ئەفسەر و سیاسەتمەدار، میرحاج ئەحمەد تاهیر بە ناوی (میرحاج ئاکرەیی) ناسراوە. لە ساڵی 1939دا ئەندامی کۆمەڵەی دارکەر بووە و لە 7ی گولانی 1939 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی هیوای کوردەوە کردووە. لە ساڵی 1944دا یەکێک بووە لە بەشداربووانی شۆڕشی دووەمی بارزان (1943 - 1945). لە ساڵی 1846دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر و کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد (کۆنگرەی دامەزراندن) بووە. لە ساڵی 1948دا بە ئەندامی سەرکردایەتی باشوور ـ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆنفرانسی باکۆ) دیاری کراوە. لە ساڵی 1953دا لە کۆنگرەی سێیەم بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق هەڵبژێردراوە.

ژیاننامە

میرحاج ئەحمەد تاهیر لە ساڵی 1911 لە شاری ئاکرێی سەر بە پارێزگای موسڵ لەدایک بووە. لە ساڵی 1923 قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە. لە ساڵی 1923 بۆ خوێندنی قۆناغی ناوەندی چووەتە بەغدا. لە ساڵی 1929 قۆناغی ئامادەیی لە بەغدا تەواو کردووە. لە ساڵی 1929 ویستوویەتی بچێتە کۆلێژی سەربازی بەغدا، بەڵام بەهۆی کوردبوونی وەرنەگیراوە. لە ساڵی 1931 لە خانەی مامۆستایانی بەغدا دەرچووە. لە ساڵی 1931 وەک مامۆستای قۆناغی سەرەتایی لە بەغدا دامەزراوە. لە ساڵی 1935 وەک قوتابی لە کۆلێژی سەربازی بەغدا وەرگیراوە. لە 15ی ئەیلوولی 1936 لە خولی پانزەهەمی کۆلێژی سەربازی بە پلەی مولازمی دووەم دەرچووە. لە 4ی تەممووزی 1937 بە پلەی مولازمی دووەمی تۆپخانە و بەکالۆریۆسی سەربازی لە کۆلێژی سەربازی دەرچووە. لە ساڵی 1939 بووەتە مولازمی یەکەم. لە ساڵی 1943 پلەکەی لە ڕیزەکانی سوپای عێراق بەرز کراوەتەوە و بووەتە نەقیب (ڕەئیس). لە چوارچێوەی ئەرکی سەربازیدا خولی تۆپخانە و فڕۆکەوانی بینیوە. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکی و ئینگلیزی و ڕووسی و فارسی بووە.

تێکۆشاننامە

لە ساڵی 1939دا ئەندامی کۆمەڵەی دارکەر بووە و لە 7ی گولانی 1939 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی هیوای کوردەوە کردووە. لە 16ی ئابی 1946 لەگەڵ مستەفا مستەفا مستەفا، ناسراو بە مستەفا خۆشناو (1912 - 1947)، ئامادەی کۆبوونەوەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (J.K) لە باخی سیسەی شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە. لە ئابی ساڵی 1943 لەگەڵ مستەفا مستەفا مستەفا (1912 - 1947)، ناسراو بە مستەفا خۆشناو، ئەندامی شاندی پارتی هیوای کورد بووە و بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی سۆڤیەت و کەسایەتییە کوردەکان سەردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە. لە حوزەیرانی 1944 بۆ پەیوەندیکردن بە دەسەڵاتدارانی یەکێتی سۆڤیەت و شۆڕشگێڕانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەردانی ورمێی کردووە. لە کانوونی یەکەمی 1944 لەگەڵ مستەفا خۆشناو لە ورمێ لەگەڵ نەقیب ڤیلچیڤسکی، نوێنەری تایبەتی ستالین بۆ کاروباری ئێران و کورد، بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی دۆزی کورد کۆبووەتەوە؛ لە تەورێزیش لەگەڵ ژەنەڕاڵ لوبۆف، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی جەنگی سۆڤیەت، و ژەنەڕاڵ ئەتەکشیۆف بۆ هەمان مەبەست دیداری کردووە. لە 25ی کانوونی دووەمی 1944 ئەفسەری پەیوەندی نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و شۆڕشگێڕانی شۆڕشی دووەمی بارزان (1943 - 1945) لە بەرەی ئاکرێی پارێزگای موسڵ بووە و هەوڵی داوە هەموو سەرکردە کوردەکان پشتیوانی لە داواکارییەکانی مستەفا بارزانی بۆ مافەکانی کورد بکەن.

 

لە ساڵی 1944دا، لەگەڵ مستەفا خۆشناو و عەزیز شەمزینی و بە نوێنەرایەتی پارتی هیوای کورد، لەگەڵ مستەفا بارزانی دەربارەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوو لا کۆبوونەتەوە. لە ساڵی 1944 بە تۆمەتی هاوکاری شۆڕشی دووەمی بارزان لەلایەن سوپای عێراقەوە لە زیندانی عەمارە بەند کراوە. لە 28ی نیسانی 1945 لە ڕێگەی محەمەد ئەمین ئاغای ئاکرەییەوە لە بەغدا دەرچووە و لە 29ی نیسانی 1945 لە موسڵەوە بەرەو ئاکرێ هەڵاتووە و دواتر پەڕیوەتەوە ناوچەی بارزان، ناوەندی شۆڕشی دووەمی بارزان. لە 1ی گولانی 1945 گەیشتووەتە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان و پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشەوە کردووە. لە ساڵی 1945دا یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی لێژنەی ئازادی لە سەردەمی شۆڕشی دووەمی بارزان. لە 19ی ئابی 1945 بەهۆی بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان (1943 - 1945)، دادگای عورفی عێراق فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی هەموو سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی دەرکردووە. لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 دوای شکستەکەی شۆڕشی دووەمی بارزان کۆچی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. لە 21ی ئاداری 1946 لە مەهاباد لەگەڵ ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و پێشەوا قازی محەمەد، سەرۆککۆماری کوردستان، دەربارەی پێکهێنانی هێزی بارزان کۆبووەتەوە. لە ساڵی 1946دا فەرماندەی کەتیبەی سێیەمی هێزی بارزان لە بەرەی سەقز لە سنووری کۆماری دیموکراتی کوردستان (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بووە. لە ساڵی 1946دا لە مەهاباد لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی و دیپلۆماتی ئەمریکی ئارچی ڕۆزڤێڵت کۆبووەتەوە.

 

لە ساڵی 1946 دیدارێکی تایبەتی بۆ پارێزەر ڕەشید ئیسماعیل عەزیز (1960 - 2001)، ناسراو بە ڕەشید باجەلان، لەگەڵ قازی محەمەد سەرۆکی کۆماری دیموکراتی کوردستان ڕێکخستووە و خۆیشی ئامادەی دیدارەکە بووە. لە ساڵی 1946دا لە دەستەی دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کورد بووە. لە ساڵی 1946دا بەشداری شەڕی مامشای لە دژی سوپای ئێران کردووە. لە ساڵی 1946دا لە بەغدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی یەکەم (کۆنگرەی دامەزراندن) بە ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1946دا بە پلەی عەقید فەرماندەی کەتیبەی سێی هێزی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی 1946دا بەرپرسی وەرگرتنی کەلوپەل و چەک و تەقەمەنی لە کۆماری نیشتمانی ئازەربایجان بۆ هێزی بارزان لە تەقی ئاوا، لە سنووری نێوان هەردوو کۆمار، بووە. لە کۆتایی ساڵی 1946 و کاتی شکستی کۆماری دیموکراتی کوردستان، بە فەرمانی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی ساینجەڵای گرتووە تا پاشەکشەی هێزی بارزان و هێزی پشتیوانی کۆماری نیشتمانی ئازەربایجان لە بەرەی سەقز بەرەو مەهاباد ئاسان بکات. لە 21ی کانوونی یەکەمی 1946 ئەندامی شاندی دانوساندنکاری باشووری کوردستان بە سەرۆکایەتی ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی (1903 - 1979) بووە کە بۆ تاران، پایتەختی ئێران، چوون تا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێرانی و ئەمریکی و ئینگلیزی دەربارەی گەڕاندنەوەی کوردە باشوورییەکان بۆ زێدی خۆیان دانوساندن بکەن. لە ساڵی 1946دا دوای شکستی کۆماری دیموکراتی کوردستان، سەردانی پێشەوا قازی محەمەدی کردووە و هەوڵی داوە ڕازی بکات خۆی ڕادەست نەکات.

 

لە ساڵی 1946دا دوای شکستی کۆماری دیموکراتی کوردستان، لە نەغەدە ئەندامی شاندی کوردی بۆ دانوساندن لەگەڵ سەرهەنگ غەفاری، نوێنەری سوپای ئێران، بووە. لە 8ی نیسانی 1947 لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتووەتە گادەر و بڕیاری داوە لەگەڵ ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرگری بکات و خۆی ڕادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق نەکات. لە 28ی گولانی 1947 لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک مستەفا بارزانی، بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پلاندانان بۆ بەڕێکەوتن بەرەو یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری کۆبوونەوە فراوانەکەی جرمی لە گوندی جرمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە. لە ساڵی 1948دا بە ئەندامی سەرکردایەتی باشوور ـ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆنفرانسی باکۆ) دیاری کراوە. لە ساڵی 1953دا، بەبێ ئامادەبوونی خۆی، لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی سێیەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان ـ عێراق هەڵبژێردراوە. لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا تا سێ ساڵ لە پەیمانگای سیاسی پارتی کۆمۆنیستی ئۆزبەکستان خوێندوویەتی و بەکالۆریۆسی زانستە سیاسییەکانی بەدەستهێناوە. لە 17ی ئەیلوولی 1958 بە فڕۆکە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی پراگ. لە 19ی ئەیلوولی 1958 لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی قاهیرە و لە کۆشکی قوبە لەلایەن جەمال عەبدولناسر (1918 - 1970)ەوە پێشوازی لێکراوە. لە کۆتایی ئەیلوولی 1958 لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی تاجەگوڵینەیەکیان لەسەر گۆڕی سەربازە ونبووەکانی میسر لە قاهیرە داناوە.

 

لە ساڵی 1958دا، دوای ئەوەی لەگەڵ ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی گەڕاوەتەوە بەغدا، ئەنجومەنی سەروەری عێراق حوکمی لەسێدارەدانی لەسەر هەڵگرتووە. لە 7ی تشرینی یەکەمی 1958 ڕۆژنامەی عەرەبی (ئەلحوریە) لە بەغدا هەواڵی گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت بڵاوکردووەتەوە. هەر لە ساڵی 1958دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی ئەفسەرە کوردەکانی سوپای عێراق بەهێزتر کردووە و لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی ناساندوونی. لە ساڵی 1959دا لەگەڵ ئەسعەد خۆشەوی لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانییەوە ڕاسپێردراوە لەگەڵ هاوسەرانی هاوڕێ بارزانییەکان گفتوگۆ بکەن دەربارەی ژیان لە باشووری کوردستان تا بە خۆبەخشانه بگەڕێنەوە. لە 18ی نیسانی 1958 بە دوو شەمەندەفەر لەگەڵ هاوڕێ بارزانییەکان گەیشتووەتە هەولێر و لەلایەن شێخ ئەحمەدی بارزان (1897 - 1969) و خەڵکی شارەوە پێشوازییان لێکراوە و بەو بۆنەیەوە وتارێکی بۆ خەڵک خوێندووەتەوە. لە 23ی ئاداری 1959 بە فەرمانێکی کۆماری و واژۆی ئەنجومەنی سەروەری عێراق بە پلەی موقەدەم لە ڕیزەکانی سوپای عێراق وەرگیراوە.

 

ڕۆژی شەممە 18ی نیسانی 1959 لە بەندەری بەسرەی باشووری عێراق ئامادەی پێشوازی شەمەندەفەرە هەڵگرەکانی هاوڕێیانی مستەفا بارزانی بووە کە لە یەکێتی سۆڤیەتەوە گەڕابوونەوە و وتارێکی پێشکەشیان کردووە. لە 8ی شوباتی 1963، دوای کودەتای پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیستی دژی دەسەڵاتی فەریق ڕوکەن عەبدولکەریم قاسم (1914 - 1963)، لە سوپای عێراق خانەنشین کراوە. لە ساڵی 1977دا ئەحمەد حەسەن بەکر (1914 - 1982) پێشنیاری پۆستێکی وەزارەتی بۆ کردووە، بەڵام ڕازی نەبووە. لە ساڵی 1979دا بە نهێنی لە ماڵەکەی لە بەغدا پرسەی سەرۆک مستەفا بارزانی (1903 - 1979)ی داناوە. لە 13ی تشرینی دووەمی 1988 لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی پیرپانەی شارۆچکەی ئاکرێی پارێزگای دهۆک بەخاک سپێردراوە.

سەرچاوە:

1 - ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.