ژیاننامە

مستەفا خۆشناو لە ساڵی 1912 لە دەڤەری بێتوێن لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە و ناوەندی لە هەولێر تەواو کردووە و لە ساڵی 1931 لە ماڵی مامۆستایان لە شاری به‌غدا وەرگیراوە و دوای تەواوکردنی خوێندن لە هەڵەبجە دەبێتە مامۆستا، لە ساڵی 1934 دەچێتە کۆلێژی سەربازیی به‌غدا و لە 3ی حوزەیرانی 1936 بە پلەی مولازمی دووەم کۆلێژی سەربازی تەواو کردووە، لە ساڵی 1939 لەگەڵ زەکیا فەرەج هاوسەرگیری دەکات و سێ کچ و کوڕێکیان دەبێت.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، لە ساڵی 1947 دەگەڕێتەوە عێراق و لە زیندانی ناوەندیی به‌غدا دەستبەسەر دەکرێت و هاوسەرە دووگیانەکەی لە زیندان سەردانی دەکات، مستەفا خۆشناو داوای لێ دەکات ئەگەر منداڵەکەیان کوڕ بوو ناوی بنێت ئازاد، پاش مانگ و نیوێک لە لەسێدارەدانی، لە 2ی ئابی 1947 ئازاد لەدایک دەبێت.

خەباتنامە

مستەفا خۆشناو یەکێک بوو لەو ئەفسەرە کوردانەی کە لە 25ی کانوونی یەکەمی 1944 لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە وەک ئەفسەری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەت و شۆڕشی دووەمی بارزانی (1943-1945) دەستنیشان کرابوو. لە هەمان کاتدا بە نهێنی لەلایەن پارتی هیوایەوە ڕاسپێردرا کە پەیوەندی نێوان پارت و شۆڕشەکە هەماهەنگ بکات، پاشان تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕش بوو، دوای تێکچوونی وتووێژەکان و گۆڕانکارییەکانی کابینەی نووری سەعید و حەمدی پاجەچی جێگەی گرتەوە، حکوومەت بڕیاری دا ئەفسەرەکانی خۆی بگەڕێنێتەوە ناو سوپا، بەمەش بە ڕەزامەندیی سەرکردایەتیی شۆڕش لە بارزانی گەڕایەوە ناو سوپاى عێراق، پاش دوو مانگ مۆڵەتی وەرگرت و گەڕایەوە کوردستان، حکوومەت لەم مۆڵەتە گومانی کرد کە ڕەنگە بچێتە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، ئاگاداری ئەوە بوو کە چاوی حکوومەت لەسەریەتی، بۆیە بڕیاری دا لە بارزانی بمێنێتەوە.

لەو کاتەدا حکوومەت لە ڕێگەی میرحاج ئەحمەدەوە داوای لە مستەفا خۆشناو کرد کە بگەڕێتەوە سەربازی، پاش دوو مانگ لە ڕیزەکانی سوپاى عێراق دەرکرا و فەرمانی گرتنی لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە دەرچوو، پارتی هیوا بەم فەرمانەی ئاگاداری کردەوە و توانی لە به‌غدا دەربچێت و ڕابکات و پاشان لە بارزانی تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕش بوو.

لە 15ی کانوونی دووەمی 1945 لەسەر پێشنیاری مستەفا بارزانی کۆمیتەی ئازادی دامەزرا و مستەفا خۆشناو یەکێک بوو لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر، پاش ڕاوەستانی وتووێژەکانی ئاشتی لەگەڵ حکوومەت و پێشبینیکردنی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی دوژمن، لە 10ی شوباتی 1945، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ئازادیدا و بە بڕیاری مستەفا بارزانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی شۆڕش، ناوبراو بۆ فەرماندەیی بەرەی بەرگریی مێرگەسۆر-ڕەواندز دەستنیشان کرا، بۆ ڕێگریکردن لە پێکدادانی سەربازی و بە فەرمانی مستەفا بارزانی، لە 4ی ئاداری 1945 مستەفا خۆشناو نامەیەکی هۆشداری بۆ فەرماندەی گشتیی سوپاى عێراق ڕەفیق عارف نووسی: "پاش ڕێزگرتن، لەلایەن پیاوەکانمانەوە ئاگادار کراینەوە کە نیازتان هەیە بەیانی 5ی ئاداری 1945 لەسەر ناوی میناوەر هێرشمان بۆ بکەن. ئێمە ئاگادارتان دەکەینەوە!. ئێمە لە پێشدا دەڵێین: لەم بارەیەوە چی دەبێت با ببێت تاوانی ئێمە نییە و ئێمە تاوانبار نین. ئیمزا، مستەفا خۆشناو"

بەو شێوەیە شەڕ تا 10ی حوزەیرانی 1945 ڕاگیرا، هەتا وەلی بەگ لە حەوشەی بنکەی پۆلیسی مێرگەسۆر شەهید کرا و شەڕ دیسان دەستی پێ کردەوە، لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پاش کۆتاییهاتنی شۆڕشی بارزانی دووەم، ناوبراو لەگەڵ مستەفا بارزانی چوو بۆ کۆماری کوردستان، لە کۆماردا، نەقیب مستەفا خۆشناو بوو بە فەرماندەی تاپۆری دووەمی هێزەکانی بارزانی کە ئەو هێزە لە سێ تاپۆر پێکهاتبوو، پاشان بە فەرمانی سەرکردایەتی پلەکەی بۆ موقەدەم بەرز کرایەوە.

لە ساڵی 1946 بەشداری زۆربەی شەڕەکانی بەرگریکردن لە کۆماری دیموکراتی کوردستان بوو، پاش ڕووخانی کۆمار و گەڕانەوە بۆ سەر سنووری ئێران و عێراق لە 10ی نیسانی 1947، یەکێک بوو لەو ئەفسەرانەی کە خۆیان ڕادەستی حکوومەت کرد، سەرەتا بردیان بۆ هەولێر و پاشان گواستیانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی به‌غدا و لەوێ لەگەڵ هاوڕێکانی زیندانی کران. بڕیار وابوو لە سێدارە نەدرێن، بەڵام لە دادگایەکی ساختەدا، بە نهێنی بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کرد، پێش لەسێدارەدان لەگەڵ سێ هاوڕێی وەسیەتنامەیەکیان بۆ گەل نووسی و تێیدا هەڵوێستی خۆیان بۆ ئازادیی وڵات دووپات کردەوە، ڕۆژی دواتر سەرەڕای ئاستەنگەکانی سەر هاتنی خەڵک لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە سلێمانی بە خاک سپێردرا.

سەرچاوە:
  1. ئەرشیڤی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکان (بەرنامە و ڕێزیکنامەی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - 2021).
  3. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (وێستگە سەرەکییەکان) 1946-1993، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
  4. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 1، 1931-1958، (هەولێر-2012).
  5. مەعرووف قەرەداغی، بارزانی و نهێنییەکانی، (به‌غدا، چاپخانەی مەعاریف، 1959).