شەهید قادر زامن ئەڵڵا موراد ناسراو بە وستا قادر، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە، لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا جارێک بریندار بووە، ساڵی ١٩٨١ لە ئەنجامی بەرکەوتنی فیشەکێک بە سەری لە داستانی چیای شرام شەهید بووە. 

شەهید قادر زامن ئەڵڵا موراد عەلی وەیس ناسراو بە وستا قادر، لە گوندی توێڵەی سەر بە ناحیەی بیارەی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە، دانیشتووی توێڵە بووە و کاری باخەوانی و دارتاشی کردووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە و لە هانەگەرمڵەی ئێران نیشتەجێ بووە. هاوسەرگیری لەگەڵ سەبریە حەمە ڕەزا کردووە، خاوەنی کوڕێک و سێ کچ بوون (دڵشاد، ئەمیرە، سمیرە، سەباحەت).

ساڵی ١٩٦٤ لە کەرتى سێیەمی فەوجی حەوتەمی بیارە لە چوارچێوەی هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کردووە، بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە: شەڕی زەڵم، شەڕی پردی زەڵم، شەڕی کانی سەیف، شەڕی ئەحمەدئاوا، شەڕی شرام.

ساڵی ١٩٦٨ لە سەرەتەقەی نزیک شاری هەڵەبجە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپاى عێراق بە سەختی بریندار بووە.

بە ڕاسپاردەی نادر هەورامی، دەستی بە کاری ڕێکخستن لە ناو کۆمەڵگەی کۆچبەرانی ئێران کردووە لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی هاوسەنگەرە پێشمەرگەکانی ناوچەی هەورامان بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکاری بۆ شۆڕشی گوڵان. 

ساڵی ١٩٨١ بەشداری لە داستانی چیای شرام کردووە، دوای دوو ڕۆژ لە بەرگری دژی هێرشەکانی سوپای ڕژێمی بەعس بۆ سەر چیا و سەنگەرەکانی پێشمەرگە، قادر زامن فیشەکێک بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ شەهید بووە، هاوسەنگەرێکی پێشمەرگەشی بە ناوی (مەجنوون شەهید) لەگەڵیدا شەهید بووە، هاوسەنگەرانی تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی ئێران و لە چیای کێمنەی ئێران بە خاکیان سپاردوون.

سەرچاوە: 

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان