عەشقێ ئارەب دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنی شۆڕشی ئەیلوول لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کرد لای حارس بێدارۆنی و یاوەری بارزانی نەمر بوو لە چیای پیرس، لە ساڵی ١٩٦٢ لەگەڵ بارزانی نەمر پەڕییەوە بۆ سۆران و باڵەک، عەشقێ ئارەب لەگەڵ هێزەکەی بە سەرۆکایەتی حارس بێدارۆنی چوو بۆ باڵەک و پشدەر کاتێک هێرش کرایە سەر قەڵای ڕایات لەلایەن هێزی پێشمهرگه، لە نێو هێزی پشتیوانی لە چیای هەڵگورد بوو بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەویی سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان بۆ شکاندنی گەمارۆی هێزی پێشمهرگه لەسەر قەڵای ڕایات، لە هەمان ساڵدا گەڕایەوە سێریشمە و لەوێوە بۆ چیای برادۆست و بارزان، لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری لە شەڕەکانی بەرگری لە هێرشەکان بۆ سەر ناوچەکە کرد و لە ئەنجامدا دوژمن ناچار بوو پاشەکشە بکات، لە هەمان ساڵدا لەگەڵ هێزەکەی حارس بێدارۆنی و بارزانی گەڕایەوە سۆران و تا ساڵی ١٩٦٥ لە بەرەکانی شەڕ مایەوە، هەروەها لە هەمان ساڵدا گواسترایەوە بۆ مكتب سیاسی و بەڕێوەبردنی پاسەوانی بەشی پاراستنی شۆڕش کە مەسعود بارزانی بەرپرسی بوو پێ سپێردرا و تا ساڵی ١٩٧٤ لەو ئەرکە بەردەوام بوو پاشان کرایە فەرماندەی فەوجی یەکەم.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٧٥، سەرەتا لە کۆمەڵگەی ڕەبەت لە ناوچەی سەردەشت بوو پاشان چوو بۆ نەغەدە و بوو بە پاسەوانی ماڵی بارزانی نەمر، پەیوەندی بە شۆڕشی گوڵان کرد لە ساڵی ١٩٧٩ لە چوارچێوەی هێزی بارزان و گەڕایەوە زیوە و یاوەری دکتۆر سەعید ئەحمەد نادری کرد بۆ بێدار و کەتینە و هێزەکانیان لەوێ بڵاوکردەوە، لەوێشەوە گورزی کوشندەیان لە هێزەکانی ڕژێم و بنکەکانیان وەشاند لە ڕێگەی مەفرەزە گەڕۆکەکانەوە، لە ساڵی ١٩٨٨ بارەگاکەی گواستەوە بۆ حەیات و وادی ڕەش، دوای هێرشەکانی ئەنفالی بەدناو و هێرشە کیمیاییەکان لە بادینان، گەڕایەوە ڕوژههلاتی کوردستان، لە ماوەی بوونی لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشداری لە دەیان شەڕدا کردووە، لەوانە شەڕەکانی چیای بەرزیوە لە ناوچەی باڵەک ساڵی ١٩٦٤، چیای پیران ساڵی ١٩٨٤، شەڕەکانی چیای وەرتی و دەربەندی ڕواندز، ساڵی ١٩٩٥ بریندار بووە، باوکی و یەکێک لە براکانی ساڵی ١٩٣٧ لە شەڕی چیای بێدارۆن شەهید بووە، هەروەها براکەی تری ساڵی ١٩٨٨ لە پشت گوندی کەکڵە لە ناوچەی مێرگەسۆر شەهید بووە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆنگرەی سێزدەیەم ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمر-ی پێ بەخشراوە، ئێستا پلەی عەقیدی هەیە و هێشتا درێژە بە خەبات دەدات لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
سەرچاوە:١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


