عەبدیش عومەر عەبدیش لە ساڵی 1926 لە گوندی سپیندارێی سەر بە ناحیەی شێروانی مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی مەموودیانە، پێش ئەوەی بچێتە یەکێتیی سۆڤیەت سێ ژنی هەبووە، لە یەکێتیی سۆڤیەت لەگەڵ هاشیمە حەسەن عادل هاوسەرگیری کردووە، کوڕێکیان هەبووە بە ناوی ڕۆستەم عەبدیش. عەبدیش عومەر زمانەکانی کوردی، تورکی و ڕووسی بە باشی دەزانی، لە ساڵی 1977 کۆچی دوایی کرد و لە گوندی مەموودیان بە خاک سپێردرا.
خەباتنامەعەبدیش عومەر عەبدیش لە ساڵی 1943 تێکەڵی ڕیزەکانی شۆڕشی بارزانیی دووەم دەبێت و بەشداریی شەڕەکان دەکات، لە 19ی ئابی 1945 بە بڕیاری دادگای عورفیی سەربازیی کۆماری عێراق هەموو ماڵ و موڵکەکانی دەستیان بەسەردا گیرا. پاش تێکچوونی شۆڕشی بارزانیی دووەم لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 پەڕییەوە بۆ ڕوژههلاتی کوردستان.
لە 31ی ئازاری 1946 تێکەڵی هێزی بارزانی لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد بوو و بەشداریی شەڕەکانی بەرەی سەقزی کۆماری دیموکراتی کوردستانی کردووە.
پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژههلاتی کوردستان، یەکێک بوو لەو پێشمهرگانهی کە لە 19ی نیسانی 1947 بە ڕێگەی خواکوڕک و دەشتی بەرەزگرەوە بە نێو خاکی باکووری کوردستاندا گەڕانەوە دەڤەری شێروان و مزووریان.
پاش گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لە گوندی ئەرقۆش لەگەڵ هاوڕێکانی کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و سەرپشکی کردن کە بمێننەوە یان بچنە سۆڤیەت، لەوێ هەموو هاوڕێکانی بڕیاریان دا کە بەردەوام بن و بچنە یەکێتیی سۆڤیەت، لە 23ی ئایاری 1947 لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلیی قووتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و پاش زۆر ماندووبوون و ناڕەحەتی، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراسەوە لەسەر سنوور لەگەڵ ئێران و سۆڤیەت پەڕییەوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە دەورەکەی بە تێلی دڕکاوی دەور درابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە دەپارێزران و لە ڕووی خواردن، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکو، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێ دان و لەژێر چاودێریی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجاندا ڕۆژانە 8 کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان دەکرد. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواری خۆیانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە 29ی ئابی 1948 کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچووک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێ دا.
لە ئازاری ساڵی 1949 ئەو و هاوڕێکانی بە گرووپ گرووپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتیی سۆڤیەت بڵاو کرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکانی کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکوومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش هەوڵدانێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی دەرد و ئازاری هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆ بکەنەوە، لەبەر ئەوە، ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
پاش شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە کۆماری عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ی شوباتی 1959 بەپێی خاڵەکانی 3 و 7 و بڕگەی (الف)ی خاڵی 10 و خاڵی 11ی یاسای گۆڕانکاریی ساڵی 1959 بۆ ئەو و هاوڕێکانی لێبووردنی گشتی دەرچوو.
لە ساڵی 1958 کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتیی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتیی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.
عەبدیش عومەر بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول کرد، بەشداریی شەڕەکانی نەهلە، پیریس و ئاکرێ بوو، دوو جار بریندار بووە.
سەرچاوە:- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013).
- شەوکەت شێخ یەزدین، جەژنی زێڕینی پێشمهرگه، (پیرمام - چاپخانەی خەبات - 1996).
- ساڵح یووسف سۆفی، کڕۆنۆلۆژیای کوردستان و جیهان، چاپی یەکەم، بەرگی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی پارێزگای دهۆک - 2013).
- عومەر فارووقی، ڕێبەری ژیریی ژیان و تێکۆشانی نەمر مەلا مستەفا بارزانی، چاپی 2، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
- عەبدولڕەحمان مەلا حەبیب ئەبووبەکر، عەشیرەتی بارزانی لە نێوان 1931 - 1991، چاپی 1، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001).
- لەیث عەبدولموحسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958 لە کۆماری عێراق، (شاری بهغدا - وەشانی دار ئەلرەشید - 1979 زایینی)، ل. 288.
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، وەرگێڕانی شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی 1، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی حزب دیموکراتی کوردستان - 1996).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.


