عەبدوڵڵا حەمەد مەلا ئەحمەد، ناسراو بە (عەبدوڵڵا ئاغای گۆرۆنی)، لە ساڵی 1905 لە گوندی گۆرۆنی سەر بە قەزای چۆمانی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە. ڕیشسپی گوندی گۆرۆنی بووە و لە ساڵی 1941 لە تەمەنی لاوێتیدا پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕێکخستنی حیزبی هیواوە دەکات. بە هاوکاری چەند کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی باڵەکایەتی چەندین چالاکیی سیاسی ئەنجام دەدەن. ئەوان لە کاری ڕێکخستنیدا بەردەوام دەبن هەتا ئەو کاتەی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد دادەمەزرێت. پاش دامەزراندنی کۆمار عەبدوڵڵا ئاغای گۆرۆنی کوڕە گەورەکەی خۆی مەلا ئەحمەد لەگەڵ چەند لە دۆست و خزمەکانی دەنێرێتە مەهاباد، بۆ بەشداریکردن و بەرگریکردن لە کۆماری دیموکراتی کوردستان. ئەو خۆیشی چەندین جار بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی شۆڕش و ئەندامانی حیزب پەیوەندییان پێوە دەکات. لەوێش لەگەڵ سەرکردە و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستان کۆدەبێتەوە و هەواڵەکانی کوردستانی عێراق بەوان ڕادەگەیەنێت و هاوسۆزی و هاوکاریی خەڵکی کوردستان بۆ شۆڕشی پێشەوا دووپات دەکاتەوە.
پاش ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی شای ئێرانەوە، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و بە سەرۆکایەتیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەردەوامی بە شۆڕش دەدەن. لەو کاتەدا لەبەر ئەوەی پێگەی جوگرافیای گوندی گۆرۆنی باش بووە، دەبێتە پێگەی هێزی پێشمهرگه و بەشێک لەو کەسایەتییە سیاسییانەی لە کۆماری دیموکراتی کوردستان گەڕابوونەوە لەوێ نیشتەجێ دەبن. خەڵکی ئەو ناوچەیەش زۆر بە ڕێز و حورمەتەوە ئەوان لە ئامێز دەگرن.
پاش ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان و ڕێگەی مێژوویی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی بۆ یەکێتیی سۆڤیەتی جاران، شەهید عەبدوڵڵا و چەند هاوڕێیەکی بۆ ماوەیەک لە چیاکانی ناوچەی باڵەکایەتی دەمێننەوە هەتا ڕەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە. پاشان دەگەڕێنەوە گوندی گۆرۆنی و بۆ جاری دیکە بەردەوامی بە کاری حیزبایەتی دەدەن. عەبدوڵڵا ئاغای گۆرۆنی لەگەڵ مەلا تەهای شێخ عوسمان و حاجی ئاغای کۆسرەتان و مامەند ئاغای دێڵزی و مینەی عەلی ئاغای ڕایەتی، سەرپەرشتیی ڕێکخستنەکانی حیزب لە ناوچەکەدا دەگرنە ئەستۆ و خەڵکێکی زۆر لە دەوری ڕێکخستنەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان کۆ دەکەنەوە. لە هەمان کاتدا شەمسەدین موفتی و حەمەسوور فەرەجیش بۆ ماوەیەک لە گوندی گۆرۆنی ماونەتەوە.
پاش ئەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و هاوڕێکانی لە یەکێتیی سۆڤیەت دەگەڕێنەوە، شەهید عەبدوڵڵا و کەسایەتییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانی دەڤەری باڵەکایەتی بۆ پێشوازی و بەخێرهاتن سەردانی شاری بهغدا دەکەن. لە هەمان کاتدا عەبدوڵڵا ئاغا پەیوەندییەکی بەردەوامی لەگەڵ شێخ ئەحمەدی بارزانی هەبووە و چەندین جار لە ڕێگەی ئامۆزایەکی خۆی بە ناوی حاجی ئەحمەد شێخانی نامەیان بۆ یەکتر ناردووە.
پاش ئەوەی عەبدولکەریم قاسم کەوتە ژێر کاریگەریی عەرەبە شۆڤێنییەکان و لە بەڵێنەکانی لەگەڵ کورد پاشگەز بووەوە و جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی گەڕایەوە بارزان، لە ڕێگەی حەمەد ئاغای دۆڵەمەری نامەیەک دەنێرێت بۆ کەسایەتییەکانی ناوچەی باڵەکایەتی. لەو نامەیەدا داوایان لێ دەکات خۆیان ئامادە بکەن بۆ دەستپێکردنی شۆڕش. بەم هۆیەوە بەشێک لەوان دەکەونە ناو پلان و نەخشەکان کە هێرش بکەنە سەر بنکەکانی ڕژێم. ئەو جوڵانەوەیەش دەبێتە یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کە لە 11ی ئەیلوولی 1961 دەستی پێکرد. شەهید عەبدوڵڵا ئاغا و چەند پیشمرگەیەک کە بەسەر چەند مەفرەزەیەکدا دابەش کرابوون، لە 12ی ئەیلوولی 1961 هێرش دەکەنە سەر ناحیەی باڵەک (گەڵاڵە) و لە مەفرەزەیەکی دیکەشدا هێرش دەکەنە سەر قشڵەی ڕایات. ئەو مەفرەزەیەی کە شەهید عەبدوڵڵا سەرپەرشتیی دەکرد توانییان گەڵاڵە ئازاد بکەن و ئەم دەستکەوتە بۆ هێزی پێشمهرگه بەدەست بهێنن. (42 تفەنگی ئینگلیزی، 2 ڕەشاش، 1800 دیناری عێراقیی ئەو سەردەمە)، بەمەش ورە و مۆراڵی هێزی پێشمهرگه بەرز دەبێتەوە. پاش ئەوە حکوومەت هێزێکی زۆری جاش و سەرباز دەنێرێتە ئەو ناوچەیە بۆ ڕێگرییکردن لە شۆڕش. لە نزیک گوندەکانی ناوکەڵەکان و پاشکۆز و حافیز لە 13ی ئەیلوولی 1961 شەڕێکی قورس ڕوو دەدات و ڕژێم بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی بە توندی ناوچەکە بۆردومان دەکات. لە هەموو ئەو شەڕانەدا عەبدوڵڵا ئاغا بەشدار دەبێت، هەتا جاری کۆتایی لە گوندی ناوکەڵەکان لە سێیەم ڕۆژی دەستپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول بریندار دەبێت و دەیگوازنەوە بۆ دۆڵی بالەیان و لەوێ لە گوندی کۆیلە لە ئەشکەوتێکدا لەلایەن حاجی کێخا کە پزیشکێکی میللیی ناوچەکە بووە برینەکەی چارەسەر و تیمار دەکرێت. بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە شەهید دەبێت و بەهۆی ڕەوشی خراپی ئەو کاتەوە، ناتوانن تەرمەکەی بگوازنەوە بۆ سەر زێدی خۆی بۆیە هەر لەوێ بە خاکی دەسپێرن.
سەرچاوە:
1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


