عەبدول سوران حەسەن عەبدولڕەحمان ئاغا، بە ناوی (عەبدول قەرەنی) ناسراوە. سیاسەتمەدار، لە ساڵی 1952دا پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردەوە کردووە. لە ساڵی 1961دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی 1964دا بووەتە کارگێڕی لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان و پشتیوانیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و دژی کۆنفڕانسی ماوەت ی مەکتەبی سیاسی بووە. لە ساڵی 1970دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی هەشتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.
ژیاننامە
عەبدول سوران حەسەن عەبدولڕەحمان ئاغا، لە پارێزگای سلێمانی لەدایک بووە. لە بنەماڵەی قەرەنی ئاغای موکرییە. بە ڕەچەڵەک و ئەسڵی خۆی باپیرانی لە موکریانەوە هاتوونەتە شاری سلێمانی. لە ساڵی 1954دا قۆناغی ئامادەییی تەواو کردووە. لە ساڵی 1954دا ئەندامی لێژنەی نیشاندانی قوتابخانەی پاش ناوەندیی سلێمانی بووە بۆ نیشاندانی شانۆگەریی بروسکە و شیرین لە نووسینی ئەمین میرزا کەریم و جەنابی موفەتیش لە نووسینی گۆگۆڵ بووە. لە ساڵی 1955دا بە ناوی سەربازییەوە بۆ شوعەیبە لە باشووری عێراق دوور خراوەتەوە و نەفی کراوە و وەک دەستەسەرکراو مامەڵەی لەگەڵ کراوە. لە ساڵی 1956دا لەبەر چالاکییە سیاسییەکان لەلایەن دەسەڵاتدارانی پاشایەتیی عێراقەوە بۆ شارۆچکەی بەدرە لە پارێزگای کوت دوور خراوەتەوە. لە ساڵی 1957دا لە ناوەندی بەڕێوەبەریی لێکۆڵینەوەی تاوان (مودیرەیەت ئەلتەحقیقات ئەلجەنائی) لە شاری بەغدا بە توندی ئەشکەنجە دراوە...
خەباتنامەعەبدول سوران حەسەن عەبدولڕەحمان ئاغا، لە ساڵی 1952دا پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردەوە کردووە. لە ساڵی 1961دا پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی 1964دا بووەتە کارگێڕی لێژنەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان. لە مانگی نیسانی ساڵی 1964دا لەگەڵ کۆمەڵێک کادیر و فەرماندەدا لە گوندی سەنگەسەر چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانی (1903 - 1979) ئەنجام داوە و دژی بڕیارەکانی کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەت بوون و ئالیگری و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆک دەربڕیوە و هەڵوێستی ناڕەزاییان لە دژی مەکتەبی سیاسی دەربڕیوە. لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 1964دا بە ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ناوەڕاستی ساڵی 1966دا لەلایەن کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بە ئەندامی لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی حەوتەم دەستنیشان کراوە. لە ساڵی 1970دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەی هەشتەمەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 1971دا بووەتە کارگێڕی لێژنەی لقی چوار. لە ساڵانی (1970 - 1974)دا بەڕێوەبەری شارەوانیی شاری سلێمانی بووە. لە 19ی حوزەیرانی 1972دا لە (ڕۆژی شەهید)دا بە نوێنەرایەتیی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی لە ڕێوڕەسمی چوار ئەفسەری شەهید و سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی کردووە. لە ساڵی 1974دا دووەمین جار پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە. لە ساڵی 1975دا دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر چووەتە شاینشینی ئێران، بەڵام زوو گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و بۆ شاری سەماوە لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق دوور خراوەتەوە. لە 19ی ئەیلوولی 1981دا لە شاری سلێمانی تیرۆر کراوە و لە گۆڕستانی گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی و عەرەبی بووە.
سەرچاوە:1 - مەلا بەختیار، لە بیرەوەرییەکانم، (تاران - ناوەندی ڕۆشنبیریی چاودێر - 2020) لاپەڕە 22.
2 - ئامادەکردنی، سەڵاح ڕەشید، مام جەلال دیدارێکی تەمەن لە لاوێتییەوە بۆ کۆشکی کۆماری، بەرگی یەکەم، (سلێمانی - چاپخانەی کارۆ - 2017) لاپەڕە 84.
3 - یاسین قادر بەرزنجی، شانۆگەرییەکانی سلێمانی لە ساڵانی 1926 - 1961دا، (سلێمانی - دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم - 2001) لاپەڕە 57 - 59.
4 - شەکیب ئەقراوی، سەددام حوسێن نەخۆزە و نەخوسە، (هەولێر - مەتبەعەی حاجی هاشم - 2009) لاپەڕە 381.
5 - پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)، هێزی شارەزووری پێشمەرگەی پاسۆک، دەزگا هەواڵگرییەکان چی تاوانێک لە کوردستاندا دەگێڕن، کۆتایی تشرینی یەکەمی 1981، لاپەڕە 1 - 2.
6 - تاڵیب مۆریاسی، گەڕان بە دوای ڕاستیدا، بەرگی یەکەم، (هەولێر 2004) لاپەڕەکانی 138 - 148 - 153.
7 - خەلیل عەبدولعەزیز، محطات من حیاتی، (بەغدا - دار ستور للنشر والتوزیع 2018) لاپەڕە 29.
8 - هەڤاڵ کوێستانی، ئەو ڕۆژانەی نیشتمان هی هەمووان بوو، (سلێمانی - چاپخانەی کارۆ - 2017) لاپەڕەکانی 302 - 303.


