عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ حاجی خەلیل، ناسراو بە (ئەبو شیڤان)، لە ساڵی ١٩٤٥ لە شاری زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و لە ساڵی ١٩٧٢ کە هێزی شنگال دامەزرا، پەیوەندی بەو هێزەوە کردووە کە مەلا حوسێن مارەنی فەرماندەی ئەو هێزە بووە. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستی شۆڕشی ئەیلوول چووەتە گوندی بانکێ و لەگەڵ کۆمەڵێک پێشمەرگەی دیکە بڕیاریان داوە کە ئازاد بن لە چوون بۆ وڵاتی ئێران یان مانەوە. بۆیە عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ حاجی خەلیل لە گوندی بانکێی سەر بە سنووری پارێزگای دهۆک ماوەتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٢ دوای ئەوەی لەلایەن لێژنەی ناوچەی دهۆک ڕێکخستنی سەربازیی ڕەنجدەران دامەزرا، عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ حاجی خەلیل بۆ ئەو ڕێکخستنە گواسترایەوە کە عەلی قادۆ جێگری بووە. ئەو فەرماندەی مەفرەزەی شەهید دلۆڤان بووە و ئەو مەفرەزەیە لە دەڤەرەکەدا مەفرەزەیەکی گەڕۆک بووە و زیانێکی زۆری بە دوژمنان گەیاندووە.
لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ حاجی خەلیل لەگەڵ ١٣ پێشمەرگەی دیکە کە بۆ ئەرکێکی سەربازی دەچنە نێو شاری دهۆک و لەگەڵ هونەرمەند حەسەن عەلی خەنجەر و ڕێبەر تەها مەحموود بەرواری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێن و دوای شەش مانگ مانەوە لە بەندیخانە، بڕیاری زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا دەسەپێنن و دەنێردرێن بۆ زیندانی ئەبو غرێب. بەڵام دوای پێنج (٥) ساڵ مانەوە لە زیندان و دوای ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٨٨ ئازاد دەکرێن. دوای ئازادبوونیان لە زیندان لەگەڵ محەمەد عەلی ئەخمێر، یوسف محەمەد ئەخمێر و ستار خالید تا ٧ مانگ دەبنە پێشمەرگە. لە ساڵی ١٩٩١ ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕزگارکردنی شاری ئاکرێ بینیوە و پاشان بووەتە بەرپرسی لێژنەی ئەمنی زاخۆ و ئەندامی بەرەی کوردستان.
لە ساڵی ١٩٩٢ بووەتە فەرماندەی هێزەکانی بەرخودان و پاشان ئەرکی جێگری لێژنەی سەربازی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٩٧ بووەتە فەرماندەی هێزەکانی پارتیزان لە زاخۆ و سێمێل لە سنووری پارێزگای دهۆک. عەبدولڕەحمان ڕەسووڵ حاجی خەلیل لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا ٦ جار بریندار بووە و ئێستا کەمئەندامە و قاچی ڕاستی بڕاوەتەوە. لە کۆنگرەی سێزدەهەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی وەرگرتووە. پلەی لیوای هەیە و ئەندامی دەستەی باڵای زیندانییە سیاسییەکانی کوردستانە.
سەرچاوە:
١. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


