عەبدولموهەیمەن شێخ سولەیمان شێخ عەبدولسەلام شێخ محەمەد، بە ناوی (عەبدولموهەیمەن بارزانی) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٢دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٧٣ دەرچووی خولی سێیەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکستھێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری وڵاتی ئێران بووە. لە ساڵی ١٩٧٩ لە کۆنگرەی دەیەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٢ ھەتا ٣ی ئابی ١٩٩٤ لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پارێزگاری ھەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٩٤ ئەندامی فەرماندەیی و بەرپرسی کارگێڕیی لەشکری کوردستان (فەلەک) بووە. لە ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنگرەی دوازدەیەمدا بووە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ٢٠٠١ لە کابینەی چوارەمدا بووە وەزیری ھەرێم. لە ساڵی ٢٠٠٣دا وەزیری شارەوانی بووە بە وەکالەت. لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەیەم بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردراوە. لە ساڵی ٢٠١٠ بەھۆی بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەریدا لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانی وەک یەکەمین ئەندامی بنەماڵەی بارزانی مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە.

ژیاننامە

عەبدولموهەیمەن بارزانی لە ١٥ی تەممووزی ١٩٤٥ لە شاری ھەولێر لە دایک بووە. لە بنەماڵەی شێخانی تەکیەی بارزانە لە پەیڕەوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی (١٧٧٩ - ١٨٢٧) و کوڕی شێخ سولەیمان شێخ عەبدولسەلامی دووەمی بارزانییە کە یەکێک لە ھاوڕێکانی ڕێگای بارزانی بەرەو یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٤٧ بووە. ئەندامی سەرکردایەتیی باشوور - ڕۆژھەڵاتی کوردستان (کۆنفڕانسی باکو)یە. لە ساڵی ١٩٤٥ پاش شکستھێنانی شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣ - ١٩٤٥) کاتێک عەبدولموهەیمەن بارزانی بچووک و ساوا بووە لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچبەری ڕۆژھەڵاتی کوردستان بووە و لە ساڵی ١٩٤٧دا لەگەڵ بنەماڵەکەی پاش شکستھێنانی کۆماری دیموکراتی کوردستان گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان لە شاری کەربەلا لە ناو عێراق و پاشان بۆ شاری بەسرە لە باشووری عێراق و پاشان بۆ شاری بەغدا نێرراوە و دوور خراوەتەوە. دەرچووی قۆناغی سێی ناوەندییە. لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری بەغدا لە نێوان پێشوازییکەرانی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە کە لە یەکێتیی سۆڤیەت دەگەڕێتەوە نیشتمان.

خەباتنامە

عەبدولموهەیمەن بارزانی، لە ساڵی ١٩٦٢دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٦٨دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و لە بارەگای بارزانی وەک نووسەر خزمەتی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٣ دەرچووی خولی سێیەمی فێرگەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری باڵەکایەتیی سەر بە سنووری پارێزگای ھەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٧٣ فەرماندەی شەڕی چیای پیرس لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە دژی ھێرشی ھێزی پیادەی سوپای عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٧٤ فەرماندەی شەڕی سپیلک لە سنووری پارێزگای ھەولێردا کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕینی سنوور لەگەڵ کاربەدەستانی وڵاتی ئێران بووە. لە ساڵی ١٩٧٥ پاش شکستھێنانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچبەری ئێران بووە. لە ساڵانی (١٩٧٥ - ١٩٧٦) ئەندامی لێژنەی تۆمارکردنی ئامار و ھاوکاریکردنی پەنابەرانی باشووری کوردستان لە ئێران لە شاری کەرەج بووە. لە ساڵی ١٩٧٦دا سەرپەرشتیی کاروباری پۆستە، ناردنی دەستەی چەکدار، کادیر و پارە بۆ سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٧٩ نوێنەری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٣ عەبدولباری عەبدولسەلام و میسباح عەبدولسەلامی برایانی لە پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکاندا بێسەروشوێن کراون و ون کراون.

 

لە ١٦ی تەممووزی ١٩٨٥ بە ئەندام بەش لە بەشی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەستنیشان کراوە. لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٥ بە ئەندام بەش لە بەشی سەربازیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٨٧ یەکێک لەو فەرماندەیانەی شەڕی مێرگەسۆر لە سنووری پارێزگای ھەولێر لە دژی سوپای عێراق بووە. لە سەرەتای مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ بەرپرسی لێژنەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٨ بە نوێنەرایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی پلاندانانی ڕزگارکردنی شارەزووری لە دەستی سوپای عێراقدا کردووە. لە ٢٤ی ئەیلوولی ١٩٨٨ لە لایەن مەکتەبی سیاسییەوە بە بەرپرسی لێژنەی دامەزراندن و سەرپەرشتیی پەنابەران دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٨٩ لە کۆنگرەی دەیەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ١٣ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ بە بەرپرسی لێژنەی پەیوەندییەکانی ئێران بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستاندا فەرماندەی ئازادکردنی حاجی ئۆمەران ھەتا سۆران بووە. لە ساڵی ١٩٩١ بەرپرسی ھەماھەنگیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەولێر بووە.

 

لە ٢ی ئەیلوولی ١٩٩٢ ھەتا ٣ی ئابی ١٩٩٤ لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا پارێزگاری ھەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٩٣ نوێنەری کۆنگرەی یانزەیەم - یەکگرتووی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ڕۆژی سێشەممە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٣ بەرپرسی لێژنەی ھێنانی تەرمی سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) و ئیدریس بارزانی (١٩٤٤ - ١٩٨٧) لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ زێدی خۆیان لە گوندی بارزان بووە. لە کۆتایی مانگی ئاداری ١٩٩٤ بەھۆی ئاڵۆزیی ناو شاری ھەولێر لە ڕێگری و بەربەستکردن لە لایەن ھەندێک لایەنی سیاسی وەک ناڕەزایەتی دەربڕین دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستی پارێزگاری ھەولێر پێشکەشی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٩٤ بەرپرسی کارگێڕیی فەرماندەیی لەشکری کوردستان (فەلەک) و ئەندامی فەرماندەییی (فەلەک) بووە. لە ناو مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٩٤ بە شاندی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەر بانگهێشتی عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی شاری تارانی کردووە. لە ساڵی 1999 لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا بووە ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە 15ی ئابی 2001 لە کابینەی چوارەمدا بووە وەزیری هەرێم. لە ساڵی 2002 وەزیری شارەوانی بووە بە وەکالەت. لە ڕۆژی چوارشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2004 بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دوو لایەنە لەسەر بانگهێشتی پارتی کۆمۆنیستی چین سەردانی شاری پەکینی کردووە. لە ڕۆژی یەکشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2005 وەک نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی بەشداریی ئاهەنگی ناشتنی مەتران یەعقوب شێر سەرۆکی ئەسقەفییەتی کلدانی لە شاری هەولێر کردووە. لە 17ی تشرینی یەکەمی 2005 بەشداریی ڕێوڕەسمی فەرمیی پێشوازیی تەرمی 500 ئەنفالکراوی بارزانی لە شاری هەولێر کردووە. ڕۆژی پێنجشەممە 16ی کانوونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی سێزدەهەم لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە دەنگی 592 لە ڕیزبەندی 42یەمین بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 2022 لە کۆنگرەی چواردەهەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیدا بە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵی 2010 بەهۆی بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان، ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و قۆناغی سەروەریدا لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی وە وەک یەکەمین ئەندامی بنەماڵەی بارزانی، مەدالیای بارزانیی نەمر وەرگرتووە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی و فارسییە.

سەرچاوە:

1- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.