شەڕی زەمبیل فرۆشیش شەڕێکی دیکەی نێوان هێزی پێشمهرگهی کوردستان و سوپای ڕژێمی بەعسە. لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٠دا لە دەڤەری باتیفا لەسەر ڕێگەیەکی سەرەکی، هێزی پێشمهرگه کەمینێکیان بۆ هێزەکانی سوپای عێراق دانا، لە ئەنجامدا هێزەکانی سوپا کەوتنە کەمینەکە و گورزی گەورەیان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکی دیکەی لیوای باتیفای سوپای عێراقیش بۆ پشتیوانی و هاوکاری هێزە شکاوەکانیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە هاتنیان شەڕێکی قورس لە نێوان هێزی پێشمهرگه و سەربازانی سوپادا دروست بوو کە چەند کاتژمێرێک بەردەوام بوو. لە ئەنجامدا هێزی پێشمهرگه هێزەکانی سوپای عێراقیان تێکشکاند و بە گورزی گەورە ناچاریان کردن ڕوو لە شوێنەکانی پێشوویان بکەن.
پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا، ڕژێمی بەعس هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی کوردی و سنووردارکردنی چالاکییەکانی پێشمهرگه خستەگەڕ، بۆ ئەم مەبەستە چەند هێزێکی چەکداری کرێگرتەی کوردی کە لایەنگری بوون و گوێڕایەڵی بوون وەک یەکەی تایبەت دروست کرد، لەوەش بەدەر پاش دەستپێکردنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران لە ئەیلوولی ١٩٨٠دا، چەند تابوورێکی سووکیان کردەوە و هەزاران کوردیان چەکدار کرد، لەگەڵ ئەوەشدا تەواوی کوردستان بە هێزی سەربازی گەورە، تیپ و لیوا، بە چەکی قورس، تانک، تۆپ و فڕۆکەی جەنگی پڕ بوو[١].
بۆ شۆڕشیش پاش کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە تشرینی دووەمی ١٩٧٩دا لە ڕوژههلاتی کوردستان ئەنجامدرا[٢]، لەسەر ڕۆشنایی بڕیارەکانی کۆنگرە، ئامادەکاری کرا کە هێزی پێشمهرگه بە شێوەی یەکەی تایبەت بگەڕێنەوە کوردستان، بۆ پەیوەندی لەگەڵ لایەنگرانی شۆڕش و دەستپێکردنی ڕێکخستنی شارەکان و ئەنجامدانی چالاکییەکانی پێشمهرگه.[٣]
لە ٢٢ی ئاداری ١٩٨٠دا هێزێکی ٥٥ پێشمهرگهیی، بە فەرماندەیی عەلی قادر، عوسمان قاسم، سەعدۆ کورکی و عومەر عەلی کە لە چوار کۆمەڵەدا دابەش ببوون، کاتێک لە باتیفای دەڤەری بادینان سەرقاڵی ئەرکەکانی پێشمهرگایەتی بوون، زانیارییان پێ گەیشت کە سەددام حوسێن، سەرۆکی ئەو کاتەی ڕژێمی عێراق، سەردانی ئەو دەڤەرە دەکات، دیارە ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ هێزی پێشمهرگه لەو ساتەدا چالاکییەک ئەنجام بدەن، بۆ ئەو مەبەستە بەیانی زوو لەسەر یەکێک لە ڕێگە سەرەکییەکانی دەڤەرەکە کەمینێکیان دانا، کاتژمێر ١١:٣٠ خولەک ٤ ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری ئێڤا دەرکەوتن و کەوتنە کەمینی پێشمهرگه، بە تەقەی یەکەمی پێشمهرگه، هەر ٤ ئۆتۆمبێلە سەربازییەکە تێکشکێنران و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر سەربازی عێراقی کوژران و بریندار بوون.[٤]
لەو کاتەدا هێزێکی سەربازی سەر بە لیوای باتیفای سوپای عێراق لە لای ڕۆژهەڵاتی دەڤەرەکەوە بۆ هاوکاری هێزە شکاوەکان گەیشتنە شوێنی شەڕەکە، هەروەها هێزێکی دیکەی سەربازی کەتەیبی دەشتی چیای، هێزێکی کەتەیبی ئاڤگەنی و هێزی بەدری سەر بە لیوای زاخۆش هاتنە گۆڕەپانی شەڕەکە. لە ئەنجامدا شەڕێکی قورس لە نێوان هێزەکانی حکوومەت و هێزی پێشمهرگه دروست بوو و تا تاریکی شەو بەردەوام بوو، پاشان هێزەکانی دەوڵەت شکان و بۆ یەکە سەربازییەکانی خۆیان پاشەکشەیان کرد. پاش شکستی سوپای عێراق، هێزی پێشمهرگه لە شوێنی ڕووداوەکە دەرچوون و بەرەو گوندی بێخەبەر و پاشان بەرەو گوندەکانی بلێجان، کورکا، هیشارا و بەرێ بریسکی کەوتنە ڕێ و بە ڕۆژ خۆیان دەشاردەوە و بە شەو دەڕۆیشتن تا گەیشتنە بارەگای لقی ١.
لەو شەڕەدا سوپای عێراق گورزی گەورەیان بەرکەوت و نزیکەی ١٢٠ سەرباز و پلەدار کوژران و بریندار بوون. لەو شەڕەدا ٢ پێشمهرگه بە ناوەکانی ساڵح خێلافەتەیی و حوسێن مەعرووف شەهید بوون کە تەرمەکانیان کەوتە دەست هێزە سەربازییەکانی ڕژێم، هەروەها ٢ پێشمهرگهش بریندار بوون و هاووڵاتییەکی سڤیل بە ناوی ئەحمەد یەحیا تەییبیش شەهید بوو.[ ]
سەرچاوە:-
محەمەد موراد: خەباتی چیا، بیرەوەری و سەرکێشییەکانی شۆڕشی گوڵان لە نێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٨٩)دا، چاپخانەی کوردستان – زاخۆ، ٢٠٠٧.
-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی ٤، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بەشی ٢، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، ٢٠٢١.
-
دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان: مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێبازە ناوخۆییەکان)، بەرگی ١، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠٢١.
-
حاجی میرخان دۆلەمەری: گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەرگی ٢، چاپی دووەم، کوردستان – ٢٠٢١.


