دوای شکستى شۆڕشی ئەیلوول حکومەتی بەعس هێزە سەربازییەکانی خۆی لەسەر سەرجەم بەرزایی و گرد و ڕێگاکان بڵاوکردەوە، بەڵام لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨)، حکومەتی عێراق پێویستییەکی زۆری بە بەکارهێنانی ئەو هێزانە هەبوو لە شەڕەکەیدا لەگەڵ ئێران، بۆیە ناچار بوو بیانگوازێتەوە بۆ بەرەکانی شەڕ، ئەم هەنگاوەش دەرفەتێکی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ڕەخساند تا ئازادیی جوڵەی زیاتریان هەبێت و ڕووبەری ناوچە ئازادکراوەکانیان فراوان بکەن، و پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر دروست بکەن و چالاکی سیاسی و شەڕکەری پێشمه‌رگه پەرەپێبدەن[1].
دیارترین چالاکییەکانی ئەم قۆناغە شەڕەکانی ساڵی ١٩٨١ بوون، کە تێیدا هێزی پێشمه‌رگه دوو گورزی بەهێزیان لە سوپاى عێراق وەشاند لە دوو مەلحەمەی شەڕدا لە گوندی بانیبنۆک لە چیای سوورێن و ناوچەکانی زەڵم و کەرچاڵ، لە شەڕی یەکەمدا هێزی پێشمه‌رگه توانیان چالاکییەکی دیار ئەنجام بدەن و زیانی گەورە بە سەربازانی سوپاى عێراق بگەیەنن، لەوانە کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لە سەربازان و (١٢٤) سەربازی دیکەش بە دیل گیران، و سەدان چەک و کەرەستەی سەربازی کەوتنە دەست هێزی پێشمه‌رگه، بەڵام هێزی پێشمه‌رگه لەم شەڕەدا بێ زیان نەبوون، چوار پێشمه‌رگه شەهید بوون، ئەوانیش (ئەکرەم حەمە ڕەشید، بانیبنۆکی، و مامۆستا سولەیمان، عوسمان بەنجوێنی و فەرماندە ئەبوبەکر مەحمود بانیبنۆکی) بوون[2].
لە هەمان ساڵدا هێزی پێشمه‌رگه چالاکییەکانی خۆیان دژی دامەزراوەکانی حکومەتی بەعس لە ناوچەکەدا درێژە پێدا، و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ١٩٨١دا، هێزی پێشمه‌رگه زیاتر لە ٢٣٨ چالاکی جۆراوجۆریان دژی سوپا و چەکداران و دامەزراوە حکومییەکان ئەنجامدا. زیانەکانی هێزە حکومییەکان لەم چالاکییانەدا گەیشتە (١٢٥١) کوژراو و ژمارەیەکی زۆر بریندار، جگە لە دەستکەوتەکان لە چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی سەربازی، و لەو چالاکییانەدا (٤٨) پێشمه‌رگه شەهید بوون[3].
شایانی باسە چالاکی سەربازی لە هەر شۆڕش و ڕاپەڕینێکی چەکداریدا ڕۆڵێکی کارا دەبینێت لە بەرزکردنەوەی ورەی پێشمه‌رگه و جەماوەر و لایەنگرانی شۆڕش و دروستکردنی ئومێد لە دەروونیاندا کە دەبێتە هۆی سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەکان. لە بەرامبەردا ترس و دڵەڕاوکێ لە ڕیزەکانی لایەنی بەرامبەردا دەچێنێت، کە ناچاری دەکات گوێ لە داواکارییە ڕەواکانیان بگرێت و بانگەوازی گفتوگۆ و سازان بکات[4].
سەرچاوەکان:١- مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- جه‌مال فه‌تحوڵڵا ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان (٢١/٣/١٩٧٥ - ٢٨/١١/١٩٨٠)، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر، ٢٠١٢.
٣- عومه‌ر عوسمان: ژیانی كوردێك ، چاپخانه‌ی موكریان، چاپی دووه‌م، هه‌لێر – ٢٠٠٨.
[1] جه‌مال فه‌تحوڵڵا ته‌یب: بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له باشوری كوردستان (٢١/٣/١٩٧٥ - ٢٨/١١/١٩٨٠)، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی شه‌هاب، هه‌ولێر، ٢٠١٢، ل٢١٣.
[2] مه‌سعود بارزانی: بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆرشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٥٨.
[3] مه‌سعود بارزانی: هه‌مان سه‌رچاوه، ل٥٨.
[4] عومه‌ر عوسمان: ژیانی كوردێك ، چاپخانه‌ی موكریان، چاپی دووه‌م، هه‌لێر – ٢٠٠٨، ل١٣٨.


