لە زنجیرە شەڕەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سوپاى عێراق، لە ٢٨ی نیسانی ١٩٦٥ شەڕێکی گەورە لە ناوچەی پیرەمەگرون هەڵگیرسا و تا ١٢ی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو، ئەم شەڕانە لە ناوچەی پیرەمەگرونی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە نێوان سوپاى عێراق بە فەرماندەیی عەمید روکن زەکی حوسێن حلمی فەرماندەی سوپاى عێراق و تاریق ئەحمەد فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەم شەڕانە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بوون.

ئامادەکارییەکان

بۆ هێرشکردنە سەر پێگەکانی هێزی پێشمەرگە، حکوومەتی عێراق دوو لیوای لە سوپاکەی خۆی لەگەڵ نزیکەی سێ هەزار چەکداری بەکرێگیراو و جاش و دوو هەزار عەرەبی عەشیرەتەکان و خۆفرۆشان ئامادە کرد بۆ هێرشکردنە سەر هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکانی پیرەمەگرون، بەتایبەت بە ئامانجی داگیرکردنی بارەگای هێزی ڕزگاری لە گوندی زێوە، ئەمە قۆناغی یەکەمی پلانی سوپاى عێراق بوو، لە قۆناغی دووەمدا سەرکەوتن بەرەو ناوچەکانی سەراخیا لە ناوچەی جافایەتی بوو.

دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە لەلایەن پێشمەرگەوە

دوای دەستپێکردنی هێرشەکە بەرەو پێگەکانی پێشمەرگە، سوپاى عێراق لە سەرەتادا سەرکەوتوو بوو لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی لە هەندێک شوێن، توانی گوندی زێوە و بەشێک لە پێگەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی پیرەمەگرون داگیر بکات و لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە دەری بهێنێت، بەڵام ئەم سەرکەوتنەی سوپا زۆری نەخایاند، بەڵکو هێرشێکی پێچەوانە لەلایەن پێشمەرگەوە دەستی پێکرد و توانییان سەرجەم ئەو ناوچانەی لە سوپاى عێراق لەدەستیان دابوو وەریبگرنەوە و جارێکی دیکە بیخەنەوە ژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگە.

سوپاى عێراق لەم شەڕانەدا زیانی گیانی و ماددی زۆری بەرکەوت، جگە لەوەی نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێت، ئەم شکستە بووە هۆی ئەوەی ئەمە دواین جار بێت بتوانێت هێرش بکاتە سەر ناوچەکە.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.