پەیوەندی نێوان شۆڕش و حکوومەتی عێراق لە سەردەمی حیزبی بەعس کە بۆ جاری دووەم دەسەڵاتی گرتە دەست، بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕی، بەتایبەت لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٦٨ تا کۆتایی ساڵی ١٩٦٩، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە تاقمی مەکتەبی سیاسی کۆن کودەتایان بەسەر شۆڕشدا کردبوو و پەیوەندییان لەگەڵ حکوومەت دروست کردبوو، هێزەکانیان ڕۆژانە، شانبەشانی هێزەکانی سوپاى عێراق، هێرشیان دەکردە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش، و تا ڕادەیەک پێشڕەوییان کردبوو لە ناوچەکانی وادی جافایەتی و سێوێل و شارباژێڕ و سرووچک و هەڵەبجە و بیارە و تەوێڵە و دووکان و بیتوێن و پشدەر و ڕانیە.

هێزەکانی حکوومەت زیانی زۆریان لەسەر دەستی هێزی پێشمه‌رگه‌ لە هێرشەکانیان بۆ سەر سورداش بەرکەوت، بۆیە وەک گورگی هار ڕۆژانە هێرشیان دەکردە سەر شوێنێک، لە جاسنە و گەنجینە و قەمچووغە، بە مەبەستی گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر کۆنترۆڵی خۆیان، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوو، دوای هەموو ئەو شکستەی بەسەر سوپادا هات لەسەر دەستی پێشمه‌رگه، حەردان تکریتی وەزیری بەرگری ئەوکات سەردانی کوردستانی کرد و پلانێکی لەگەڵ فیرقەی یەکەم و دووەم دانا بۆ هێرشی بەرفراوان بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش لە سنووری سلێمانی، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٩ هێزەکانی حکوومەت بە پشتیوانی تانک و تۆپخانە و زرێپۆش و فڕۆکەی جەنگی و ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی بەکرێگیراو هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی قەڵادزێ و چیای ئاسۆس و مێرگە و کێوەرەش و وادی شەهیدان و زەنێره و چیای ئەزمەڕ، شەڕێکی خوێناوی درێژخایەن لە ناوچەیەکی جوگرافی بەرفراواندا هەڵگیرسا، تەنها لە ناوچەی قەڵادزێ لیواکانی (حەوت و چواردە و بیست) بەشدارییان کرد لەگەڵ فەوجێک و چەند کۆمپانیایەکی کۆماندۆ.

سەرەڕای ئەوەی سوپاى عێراق توانی دوای چەندین هەوڵ و بەرگری هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بگاتە قەڵادزێ، بەڵام زیانی زۆری بەرکەوت، بەتایبەت لە وادی شەهیدان کە شەڕەکە چەند مانگێکی خایاند، هەروەها لە چیای ماکۆک کە هێزەکانی حکوومەت تووشی شکستێکی گەورە بوون. لە ناوچەی سورداش سوپاى عێراق چەندین هێرشی یەک لە دوای یەکی کردە سەر پێگەکانی پێشمه‌رگه لە قزلەر و قەڵقەڵە و جاسنە و گەنجینە و قەمچووغە و چیای سارا، بەڵام هەموو هێرشەکان شکستیان هێنا و زیانی زۆریان بەرکەوت. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، هێزەکانی باڵی مەکتەبی سیاسی کۆنیش لە هێرشەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی سوپاى عێراق بۆ سەر پێشمه‌رگه و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی شۆڕش درێخییان نەکرد.

لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ١٩٦٩، وەک بەشێک لە هێرشی گشتی هێزەکانی حکوومەت، هێزێکی گەورەی تاقمە ناوبراوەکە لە دەوروبەری دەریاچەی دووکانەوە بە نیاز بوون هێرش بکەنە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌ و ناوەندی سەرکردایەتییان لە چیای سورداش بەرەو گوندی بەرگەڵو، هێزێکی پێشمه‌رگه‌ بە فەرماندەیی حاجی شێخ قادر بەرپرسی کەتایب لە هێزی ڕزگاری بەرپەرچیان دایەوە و بە توندی ڕووبەڕوویان بوونەوە، و دەستیان لێ هەڵنەگرتن تا شکستیان پێ هێنان، تەرمی ١٣ چەکداریان لە گۆڕەپانی شەڕدا بەجێهێشت، پاشماوەی هێزەکەیان هەڵاتن و پەنایان بۆ سەربازگەی سوپا لە دووکان برد.

ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە باڵی مەکتەبی سیاسی کۆن بەردەوام بوو لە خیانەتکردن لە شۆڕشی ئەیلوول بە هاوکاری و پشتیوانی ڕژێمی بەعس، ئەمە وەک پلان و تاقیکردنەوەیەک بوو لەلایەن ڕژێمی نوێی بەعسەوە بۆ ئەوەی تێبگات تا چ ڕادەیەک تاقمە ناوبراوەکە دەتوانن بەسەر شۆڕشی کوردستاندا سەربکەون و خەونەکانیان بەدی بهێنن کە بریتی بوو لە پەکخستنی شۆڕش، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوو و شکستی هێنا.

سەرچاوەکان:

١- ئیبراهیم جەلال، باشووری کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٢- مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم، (عێراق- ٢٠٠٤).

٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک – ١٩٩٩)

٤- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، (چاپخانەى دانیشفەر- هەولێر- ٢٠٢٣).

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین- هەولێر- ٢٠١٢).