هێرشی حکوومەت بۆ سەر بیستانە دەگەڕێتەوە بۆ بەهاری ساڵی ١٩٦٨، بەهۆی کوژرانی فەرماندەی فەوجێکی چەکداری جاش بە ناوی شێخ عەنەش، کە لە کمینێکدا لەسەر ڕێگای هەولێر- گوێڕ لە نزیک گوندی تۆڕەق لە ١٣ی نیسانی ١٩٦٨ کوژرا. کاری ئەم شێخە عەرەبە و پیاوەکانی بریتی بوو لە هەڵکوتانە سەر گوندە کوردنشینەکان و ئەنجامدانی تاڵانکاری و ئازاردان و ئەشکەنجەدانی گوندنشینە کوردەکان، نزیکەی ١٠ هاووڵاتی کوردی بێتاوان بە دەستی ئەو شەهید بووە، هەروەها ئەو و چەکدارەکانی ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هێرشکردنە سەر گوندی تەلخیم کە دەکەوێتە بناری چیای قەرەچووغ لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لەگەڵ پاسەوانی نەتەوەیی و هێزە حکوومییەکانی تر، کە لەو هێرشەدا چوار پێشمهرگه و دوو لە دانیشتووانی گوندەکە شەهید بووە.
دیارە هۆکاری کوژرانی شێخ عەنەش، سەرۆکی جاشەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی توند و دوژمنکارانە و دەستدرێژییەکەی بۆ سەر بەرژەوەندی ئەو هاووڵاتی و گوندنشینانەی کە بەو شێوەیەی باس کرا مامەڵەی لەگەڵ کردوون، بەتایبەتی وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ شەهیدبوونی دوو برا بە ناوەکانی ئەنوەر و تاهیر لە هێرشکردنە سەر گوندی تەلخیم لە ساڵی ١٩٦٣.
سەبارەت بە هەڵوێستی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ڕووداوەکە، هەر کە ناوبراو کوژرا، وەزارەتی بەرگری بەیاننامەیەکی توندی دەرکرد و ڕایگەیاند کە هێرشێکی لەناکاو دەکەنە سەر پێشمهرگه، هەر لە هەمان ڕۆژدا دوای نیوەڕۆ، فەوجی سێیەمی سوپاى عێراق لە گوندی بیستانەی سەر بە دەشتی هەولێر هێرشی کردە سەر پێشمهرگه، ئەمەش بووە هۆی شەڕێکی سەخت کە سێ کاتژمێری خایاند، بەڵام هێزی پێشمهرگهی دەشتی هەولێر بە سەرکردایەتی فارس باوە بە توندی بەرپەرچیان دانەوە، دوای هەڵگیرسانی شەڕێکی گەرم، پێشمهرگه توانییان هێزی سوپاى عێراق گەمارۆ بدەن و ژمارەیەک ئەفسەر و سەرباز بکوژن، پاشان لە ڕێگەی دانوستان و ڕێککەوتنەوە، هێزی پێشمهرگه ڕێگەیان پێدان پاشەکشە بکەن و سوپاکەیان بە شکستی گەڕایەوە.
پێویستە ئەوەش ئاماژە پێ بکرێت کە چەند ڕۆژێک پێش کوژرانی شێخ عەنەش، بە دیاریکراوی لە ٥ی ئازاری ١٩٦٨، کمینێک بۆ سەر سەرۆک جاشێکی کورد بە ناوی حەوێز مام یەحیا لە نزیک شاری کۆیە دانرا و بە دەستی پێشمهرگه بە سەرکردایەتی عەریف عوسمان یوسف و دکتۆر خالید سەعید کوژرا، ئەو لایەنگرێکی بەهێزی حکوومەت بوو و کەسێکی زۆر دڵڕەق بوو بەرامبەر بە پێشمهرگه، بەڵام حکوومەت هیچ هەڵوێستێکی نەنواند و باسی بابەتەکەی نەکرد، لە کاتێکدا هەموو ئەم гаڵەگەڵ و دەستدرێژییانەی بەهۆی کوژرانی شێخێکی عەشیرەتی عەرەبەوە دروست کرد.
سەرچاوەکان:
١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم، ٢٠٠٤.
٢- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپى یەکەم، (چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى- ١٩٩٧).
٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، (چاپخانەى خەبات- دهۆک ١٩٩٩).
٤- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، (هەولێر- ٢٠١٥).


