ئەندازیار و سیاسەتمەدار سەفین موحسین حەمەد ئەمین بایز، بە ناوی سەفین دزەیی ناسراوە. لە ساڵی ١٩٩٩ و لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.

 

ژیاننامە

سەفین دزەیی لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە و لە بنەماڵەی ئاغاکانی دزەییە، ناوبراو هەتا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی لە قوتابخانەی ڕاهیبە کلدانییەکان بە زمانی عەرەبی خوێندووە و لە ساڵی ١٩٧٨ قۆناغی ئامادەیی لە شانشینی بەریتانیا تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٨٤ بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە و پاشان لە ساڵی ١٩٨٦ بەکالۆریۆسی ئەندازیاری دیزاینی بە دەست هێناوە. لە ساڵانی (٢٠٠٩ - ٢٠١٢) لە کابینەی شەشەمدا وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. سەفین دزەیی شارەزایی لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و فارسی هەیە.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٧٤ بنەماڵەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە لە شاری بەغدا دەرکران و چوونە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشی ئەیلوول و بەهۆی بۆردومانی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ سەر ناوچە ئازادکراوەکان، لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە وڵاتی ئێران. لە ساڵی ١٩٧٧ لەگەڵ بنەماڵەکەی چووە شانشینی بەریتانیا و وەک پەنابەر لەوێ ژیاوە. لە کۆنگرەی چواردەهەم لە ساڵی ٢٠٢٢ لە شاری دهۆک بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی ١٩٩٩ لە کۆنگرەی دوازدەهەمدا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و لە ساڵی ٢٠١٠ لە کۆنگرەی سێزدەهەمدا بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. لە ساڵانی (١٩٩٢ - ٢٠٠٣) نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە لە کۆماری تورکیا و لە ساڵی ٢٠٠٣ جێگری دووەمی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ئەنجوومەنی دەسەڵاتداری (مەجلیس ئەلحوکم) لە عێراق بووە.

لە ساڵانی (٢٠٠٩ - ٢٠١٢) لە کابینەی شەشەمدا وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ بووە بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.