رۆستەم عەبدولمحەمەد ئەحمەد لە ساڵی ١٩٤١ لە گوندی باڵەسۆی ناحیەی بامۆی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە. دانیشتووی گوندی زەڕایەن بووە و فەرمانبەری شارەوانی زەڕایەن بووە. پاشان دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول هەڵاتووە بۆ ئێران و لە کامەران نیشتەجێ بووە. دواتر لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە و لە گوندی باڵەسۆ نیشتەجێ بووە. هەروەها هاوسەرگیری لەگەڵ بەهیا ساڵح کردووە و چوار کوڕ و شەش کچی هەبووە بە ناوەکانی ئەحمەد، مەحمود، عەتا، محەمەد، بێگەرد، بێخاڵ، بەهرا، بەناز، نیاز و بێریڤان.

 

لە ساڵی ١٩٦٨ بووە پێشمەرگە لە لقی چواری فەوجی شەشی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی). و لەو کاتەدا قادر حەمەسەعید تاگۆزی بەرپرسی لق (لقی چوار) بووە. هەروەها لە ماوەی شۆڕشی ئەیلوولدا بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە کە بریتین لە شەڕەکانی دەربەندیخان، سەرتێز، حاجی ئۆمەران، خانەقین و هەڵەبجە.

 

لە ساڵی ١٩٩١ پەیوەندی بە هێزەکانی سیروانی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی) کردووە و فەرماندەکەی لەو کاتەدا جەلال لاورانی بووە. زیاتر ئەوەی کە بەشداری لە ئازادکردنی زۆر شوێن کردووە وەک هەڵەبجە، عەربەت، دەربەندیخان، کەلار، کەرکوک، کوڵەجۆ و خانەقین.

 

لە ساڵی ١٩٩١ لە گوندی شێخ باوەی قەزای خانەقین لەلایەن هێزەکانی موجاهیدینی خەلقەوە کەوتنە بۆسەوە و رۆستەم عەبدولمحەمەد ئەحمەد و چەند هاوڕێیەکی شەهید بوون.