عەلی بابا ئیسماعیل حەقی عەلی ڕەسووڵ، کە بە ناوەکانی (دکتۆر عەلی بابا، دکتۆر عەلی و خالە دکتۆر) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. کوڕی ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕ ئیسماعیل حەقی شاوێس (١٨٩٨ - ١٩٧٦)ە کە ئەندامی چالاکی حیزبی خۆیبوونی کوردە. باوکی دامەزرێنەری چەندین کۆمەڵەی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٨دا ماستەری تەلارسازیی لە پەیمانگەی مۆسکۆ وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٦٩ وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی سلێمانی دەستی بە کار کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ لە شارەوانیی سلێمانی دەستی بە کار کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، دەبێتە پەنابەر لە ئێران و پاشان بە فەرمانی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەنێردرێتە دەرەوەی وڵات. لە ساڵی ١٩٧٧دا دکتۆرای تەلارسازیی لە پەیمانگەی مۆسکۆ وەرگرتووە. لە ساڵانی (١٩٧٧ - ١٩٨١) لە یەکێتیی سۆڤیەت وەک پەنابەر ژیاوە و نەگەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵانی (١٩٨١ - ١٩٨٤) لە بەلجیکا وەک پەنابەر نیشتەجێ بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ بە داوای سەرۆک مەسعود بارزانی گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان. لە ساڵانی (١٩٨٥ - ١٩٩٠) لە ئێران وەک پەنابەر ژیاوە. لە ٦ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٠ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کردووە و سەرەتا لە گۆڕستانی شارۆچکەی مەریوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاک سپێردراوە. دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، جارێکی دیکە لە گۆڕستانی گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە. ئەو لە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، ڕووسی، فارسی و فەرەنسی شارەزا بووە.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٥٧دا تێکەڵی ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٧دا تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا تێکەڵی ڕیزەکانی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا تێکەڵی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٩دا ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی لاوان بووە. لە ساڵی ١٩٧٠دا ئەندامی کۆمیتەی هەرێمی سلێمانیی سەر بە کۆمیتەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٤دا تێکەڵی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە بووە. لە ساڵی ١٩٨٤دا بووەتە کارگێڕی کۆمیتەی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان. سەرنووسەری گۆڤاری ئەزمەڕ بووە کە لەلایەن کۆمیتەی لقی چوارەوە چاپ کراوە. لە ساڵی ١٩٨٨دا بەشداریی دەستانی خواکوڕکی لەسەر سنووری پارێزگای هەولێر دژی هێزەکانی سوپای عێراق کردووە. لە ساڵی ١٩٨٩دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی دەیەمینی پارتی دیموکراتی کوردستان) هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٨٩دا بەرپرسی دووەمی کۆمیتەی لقی چوار بووە.
سەرچاوە :١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢ - ئیبراهیم مەحمود، دەوڵەتی حاجۆ ئاغای کوردی، (شام – دار ئەلزەمان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە – ٢٠١٨)، ل. ٦٤٨.
٣ - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ – ١٩٩٣، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – ١٩٩٨)، ل. ١٧٤، ٤٨٨.
٤ - شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاریی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٣)، ل. ١٢١.
٥ - عەبدولخالق سابیر (مامۆستا خالید)، شەجەرەی خێزانە کۆنەکانی سلێمانی لە نێوان ساڵانی ١٧٨٤ – ١٩١٤دا، چاپی دووەم، (بەیرووت – چاپخانەی گرین گلۆری – ٢٠١٠)، ل. ٥٦٩ – ٥٧٢.
٦ - عوسمان سەنگەسەری، بەشێک لە ژیانی ڕێبەرانی نەمرانی کوردستان، (سلێمانی – چاپخانەی سیما – ٢٠١٤)، ل. ٧١.


