داستانی شارەزوور داستانێکی تری پێشمه‌رگه بوو بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی بەرەی (جود)، لە نێوان سەید سادق، هەڵەبجە، زەڕایەن و دەربەندیخان تۆمار کراوە کە ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەرەی (جود) لە 28ی تشرینی دووەمی 1980دا لە نێوان حیزبە کوردستانییەکانی وەک حزب دیموکراتی کوردستان، حزبی سۆسیالیستی کوردستان، حزبی کۆمۆنیستی عێراق، حزبی گەلی دیموکراتی کوردستان و حزبی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک) دامەزرا، ناوی کورتکراوەی بەرەی نیشتمانیی دیموکراتییە، ئامانجی دامەزراندنی ئەم بەرەیە ئەوە بوو کە حیزبە کوردەکان لە ژێر سێبەری یەک بەرەدا ڕووبەڕووی ڕژێمی بەعس ببنەوە.

دەستپێکی داستانی شارەزوور دەگەڕێتەوە بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌کانی کە لە گوندی شێرەمەرەوە بەرەو گەلەک، گردی قازی و تەپە زێڕینە چوون بۆ گەڕان و لێدانی دامەزراوە سەربازییەکانی بەعس، ڕۆژێک لە گوندەکانی تەپەسەرقولە، کیشەیری، قاجیر، گردی شەریف و دۆڵاش لە هەرێمی شارەزوور مانەوە، لە هەمان ڕۆژدا هێزێکی گەورەی سوپا و جاش بە پشتیوانیی تانک، تۆپ و فڕۆکەکان لە گوندەکانی تەپەسەرقولە، کیشەیری و چەم زەڵمە هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمه‌رگه‌، هێزی پێشمه‌رگه‌ بە سەرۆکایەتیی محەمەد حاجی مەحموود، نادر هەورامی و ئازاد قەرەداغی کە بەرپرسانی بەرەی (جود) بوون لەو دەڤەرە، لە کاتژمێر 10.00دا دەستی پێ کرد و تا کاتژمێر 16.00 بەردەوام بوو، لەو داستانەدا دەیان سەرباز و جاشی ڕژێمی بەعس کوژران، لە نێو هێزی پێشمه‌رگه‌دا چوار شەهید هەبوون بە ناوەکانی محەمەد قوتە، بارزانی ساڵح، محەمەد سەراوی و سیروان سەعدوون کەرکووکی، لەگەڵ هاووڵاتییەک بە ناوی غەریب خەڵکی گوندی تەپەسەرقولە، پاش ئەوەی شەڕەکە کۆتایی هات هێزەکانی حکوومەت گەڕانەوە بۆ بنکەی سەربازیی سەید سادق.

سەرچاوە:
  1. مەسعود بارزانی: بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی 4، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان, بەشی 2، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوکسانا، 2021.

  2. نووری حەمە عەلی: مێژووی شەڕی پێشمه‌رگه‌یەک لە نێوان ژیان و مردندا، چاپخانەی شەهاب، چاپی 2، هەولێر – 2016.

  3. سەید کاکە: بیرەوەرییەکانی پێشمه‌رگه‌یەک، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، چاپی 1، 1997.

  4. جەمال فەتحوڵڵا تەیب: بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان 1976-1980، چاپی 1، چاپخانەی شەهاب، هەولێر-2012.