ژیاننامە
دارا تۆفیق فەتحوڵڵا لەدایکبووی شاری سلێمانییە. لە سەدەی نۆزدەهەمدا حاجی ئەولا ئاغای باپیرە گەورەی لە شاری هەمەدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بوون. برایەکی بە ناوی خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا (١٩٣٠ - ٢٠٠٤) ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٨ وەک سکرتێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بە بۆنەی مۆڵەتدانی کۆماری عێراق بە گەڕانەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) و هاوڕێکانی بۆ نیشتمان، نامەی بەخێرهاتنی بۆ نیشتمان پێشکەشی سەرۆک مستەفا بارزانی دەکات کە ئەو کاتە هێشتا لە دەرەوەی وڵات لە شاری مۆسکۆ دەژیا. لە ساڵی ١٩٥٩ سکرتێری نووسینگەی جێبەجێکار (ئەلمەکتب ئەلتەنفیزی)ی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی عێراقی سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووە. لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٦ی ئابی ١٩٦٠ نوێنەری کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا (ک.س.س.ە) لە شاری بەرلینی ڕۆژاوا بووە. لە ساڵی ١٩٦٠ بە سکرتێری یەکێتیی قوتابیان و لاوانی جیهان دەستنیشان کراوە. لە ڕۆژانی ٢١ تا ٢٥ی ئابی ١٩٦١ نوێنەری کۆنگرەی شەشەمی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا لە شاری مونستەری ئەڵمانیای ڕۆژاوا بووە.
خەباتنامەدارا تۆفیق فەتحوڵڵا پاش کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ کە پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست ڕژێمی عەبدولکەریم قاسم (١٩١٤ - ١٩٦٣)ی ڕووخاند، پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمهرگه کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣ بەرپرسی کۆکردنەوەی گەنمی هاوکاریی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی بۆ هێزەکانی پێشمهرگه بووە. لە ساڵی ١٩٦٧ لە ڕۆژنامەی بە زمانی عەرەبی (ئەلتەئخی) کاری کردووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٠ بە فەرمانی جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە شاری بەیرووت (لوبنان) دیداری لەگەڵ میشێل عەفلەق (١٩١٢ - ١٩٨٩) ڕێبەری پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست کردووە و لەبارەی ڕەزامەندی و پەسەندکردنی حکوومەتی عێراق بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. لە ٧ی کانوونی دووەمی ١٩٨٠ ئەندامی شاندی کوردی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە شاری بەغدا بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی ناوچەی ئۆتۆنۆمیی کوردستان بووە.
لە ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بۆ دووبارە دانانەوەی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار لەگەڵ حکوومەتی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ لە کۆنگرەی هەشتەمدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردراوە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ١٩٧٠ بە نوێنەرایەتیی سەرۆک مستەفا بارزانی بەشداری کۆنگرەی نووسەرانی کورد لە شاری بەغدا کردووە. لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٧٠ ئەندامی شاندی نۆ کەسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دانوستاندن لەبارەی ئۆتۆنۆمیی باشووری کوردستان لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی عێراق لە شاری بەغدا بووە. لە ١١ی ئەیلوولی ١٩٧١ سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی بووە. لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٧٤ سەرنووسەری ڕۆژنامەی برایەتی بووە. لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٤ لەلایەن سەرکردایەتیی شۆڕشی ئەیلوولەوە بە ئەمینداری ئەمینداریەتیی پەروەردە و فێرکردن و پاشان ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و لاوان دەستنیشان کراوە.
لە ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ پاش دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و خێزانەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە بەبێ هیچ پێویستییەک بەرەو ناوچە ئازادکراوەکان دەرکراون. لە ساڵی ١٩٧٤ هاوکاریی نووسەرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە. لە ناو ساڵی ١٩٧٤ تا سەرەتای ساڵی ١٩٧٥ ئەمینداری گشتیی پەروەردەی شۆڕشی ئەیلوول بووە و پاشان بە دەرچوونی یاسای ئەنجوومەنی یاسادانان و ئەنجوومەنی جێبەجێکاری هەرێمی کوردستان بە پلەی وەزیری ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و لاوان و وەزیری زانستی (پەروەردە) بە وەکالەت دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٧٤ لە دامەزرێنەرانی بەشی گوێگرتن (ئەئینسات) و بەشەکەی بووە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٧٤ پشتگیریی چاپکردنی یەکەمین ساڵنامەی ڕەنگی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە. لە ساڵی ١٩٧٥ لە گۆڤاری دەنگی کوردستان ئۆرگانی ئەمینداریەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و لاوانی شۆڕشی ئەیلوول وتاری دەنووسی. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٥ وەک وەزیری زانستی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆک مستەفا بارزانی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە سپاسنامە و ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە. لە ٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٨٠ لە ڕێگەی چوونەوەی بۆ ماڵەوە و لەسەر کار لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە دەستگیر دەکرێت و بێسەروشوێن دەکرێت و هەتا ئەمڕۆش بە شێوەیەکی فەرمی چارەنووسی دیار نییە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە.
سەرچاوە:١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


