خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا، ئابووریناس و سیاسەتمەدار بە ناوی نەبەز ناسراوە. لە ساڵی ١٩٤٨دا بەرپرسی ڕێکخستنەکانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٥٥دا ئەندامی سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە شاری سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٥٦ لە یەکگرتنی دووەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان. لە ساڵی ١٩٥٩ بەهۆی چەپڕەوییەوە لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکراوە.

 

ژیاننامە

خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا، لە ساڵی ١٩٣٠ لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، برای ئەندازیار دارا تۆفیق فەتحوڵڵا ( ١٩٣٢ - ١٩٨٠ )ی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانە. لە ساڵی ١٩٤٨ خوێندکاری پەیمانگای مامۆستایانی باڵای شاری بەغدا بووە، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوون بە چالاکییە سیاسییەکانەوە خوێندنەکەی تەواو نەکردووە. لە ساڵی ١٩٤٩ لە کۆلێژی بازرگانیی شاری بەغدا وەرگیراوە و بەکالۆریۆسی ئابووری و بازرگانیی بەدەستهێناوە. لە ساڵانی ( ١٩٦٠ - ١٩٦٢ ) بەڕێوەبەری ژمێریاریی وەزارەتی پلاندانانی کۆماری عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٦١ بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری عێراقەوە دەستگیر کراوە. لە ساڵی ١٩٧٠ بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کاروباری باکوور لە حکوومەتی عێراق بووە. لە ساڵی ١٩٧١دا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ئینحساری توتنی کۆماری عێراق لە شاری بەغدا بووە. ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ئابی ٢٠٠٤ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لەوێ بە خاک سپێردراوە. شارەزای هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بووە.

 

خەباتنامە

خەسرەو تۆفیق فەتحوڵڵا لە ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ گرووپێک لە ئەندامانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستانەوە کردووە. لە ساڵی ١٩٥٦ لە یەکگرتنی دووەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان. لە ساڵانی ( ١٩٥٧ - ١٩٥٨ ) بەرپرسی لێژنەی لقی یەکی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٧ لە یەکگرتنی سێیەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان و لە ساڵی ١٩٥٩دا بووە خاوەنی ئیمتیازی ڕۆژنامەی بە زمانی کوردیی برایەتی.

 

لە ٨ی ئاداری ١٩٥٩ و لە کاتی قاچاخبوونی عەقید عەبدولوەهاب شەواف ( ١٩١٦ - ١٩٥٩ ) دژی زەعیم روکن عەبدولکەریم قاسم ( ١٩١٤ - ١٩٦٣)، سەرکردایەتیی خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی زاخۆ و دهۆکی کردووە و هێزێکی چەکداری لە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان فەرماندەیی کردووە و هێرشەکانی بەرەو شاری مووسڵ بردووە.

 

لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٥٩ و لە کۆنفرانسی دووەمی بەغدا، بەهۆی چەپڕەوییەوە لە پلەی سەرکردایەتی دوور خراوەتەوە هەتا کۆنگرەی چوارەم و هەمان ساڵ بەهۆی چەپڕەوییەوە لە کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق، لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە لە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکراوە.

 

دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی ١٩٦٣ و لەسەر تکاکردنی دارا تۆفیق ( ١٩٣٢ - ١٩٨٠ )ی برای لە سەرۆک مستەفا بارزانی ( ١٩٠٣ - ١٩٧٩ )، داوای ئازادکردنی دەکرێت و عەبدولسەلام محەممەد عارف ( ١٩٢١ - ١٩٦٦ ) سەرۆک وەزیرانی کۆماری عێراق ئازادی دەکات.

 

لە ساڵی ١٩٧٤دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و بە جێگری ئەمینداری گشتیی دارایی دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستیهێنانی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارە بووە، بەڵام هەر زوو گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان و لە بەغدا سەرقاڵی کاری ئازاد بووە.

 

لە ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ئابی ٢٠٠٤ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لەوێ بە خاک سپێردراوە. شارەزای هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بووە.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.  

کریس کۆچێرا، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، وەرگێڕانی ئیبراهیم یوونسی، چاپی دووەم، (تاران ـ موئەسەسە ئینتیشارات نیگاه ١٣٧٧).

٢- مەهدی محەممەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق ١٩٤٥ - ١٩٥٨ (سلێمانی ـ ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی کوردستان ٢٠٠٥).

٣- جەرجیس فەتاح عەلی ئەلموحامی، ئەلعێراق فی عەهد قاسم عەبدولکەریم و خەواتیر ١٩٥٨ - ١٩٨٨، ئەلجوز ئەلسانی، (ئەلسوەید ـ دار نەبەز للیتتەباعە وەلنەشر ١٩٨٩).

٤- حەبیب محەممەد کەریم، تاریخد ئەلحیزب ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی ـ ئەلعێراق (فی موحەتات ڕەئیسییە) ١٩٤٦ - ١٩٩٣ (دهۆک ـ مەتبەعەی خەبات ١٩٩٨).

٥- ئەلڕەفیق عەلی سەنجاری یەتەحەدەس عەن زیکریاتە وەلخەواتیر فی ئەلحەرەکە ئەلتەحریرییە ئەلکوردەییە خیلال ٣٠ عامەن مین ئەلنەزال، جەریدە ئەلشەلییە، لیسان حاڵ ئەلئیتیحاد ئەلدیموکراتی ئەلکوردستانی ـ ئەلعێراق، ئەلعەدەد ٥، ئاوەست شوبات ١٩٨٤.

٦- شەهید دارا تۆفیق، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ئۆرگانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە ٧٨٤٧، ساڵی بیست و هەشتەم، سلێمانی، پێنجشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩.

٧- عەبدولفەتاح عەلی ئەلبۆتانی، مەنتێقە بادینان ١٩٢٥ - ١٩٧٠ دیراسە فی ئەلوەقائێع وەلەتەتەوورات ئەلسیاسییە، ئەلجوز ئەلەووەل، (هەولێر ـ ئەلئەکادیمییا ئەلکوردەییە ٢٠١٧).

٨- فەرهاد عەونی، کەیف ئەلتەلەووەز عەلی ئەستێناف ئەلقەتال فی کوردستان ڕەبیع عام؟ ١٩٧٤، مەجەلە گوڵان ئەلعەرەبی، موئەسەسە گوڵان ئەلئیعلامییە، ئەلعەدەد ٢٨ هەولێر، ٢٥ ئەیلول ١٩٩٨.

٩- فەرهاد عەونی، فی سەفحە ئەخیرە مین سەورە ئەیلول ئەلکەبیرە، مەجەلە گوڵان ئەلعەرەبی، ئەلعەدەد ٢٨، هەولێر، مەتبەعەی وەزارەت ئەلسەقافە ٢٢ ئەیلول ١٩٩٨.

١٠- فەرهاد عەونی، "پیاوی خاوەن بیر و باوەڕ و بەهای نیشتمانی و مرۆڤدۆستیی بەرز خەسرەو تۆفیق کە خەڵکی وەک خۆی ئەویان نەناسیوە"، گۆڤاری K21، ژمارە ٧ هەولێر، ٢٠١٠.

١١- فوئاد سدیق، گەردەلوولی سیاسەت، (هەولێر ـ وەزارەتی ڕۆشنبیری ـ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاپ و بڵاوکردنەوە ـ چاپخانەی ڕۆشنبیری ٢٠٠٦).

١٢- مستەفا ساڵح کەریم، مەراجیع ئەلەبتال ... وەتەلییە ئەلشەهادە، سەحیفە ئەلئیتیحاد، ئەلسەحیفە ئەلمەرکەزییە للیلئیتیحاد ئەلوەتەنی ئەلکوردستانی، ئەلعەدەد ٣٢٣، ئەلسەنە ئەلسامینە، ئەلسلێمانییە، ئەلجومعە ١٨ حوزەیران ١٩٩٩.