ژیاننامە

ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی ئەرکوش سەر بە ناحیەی شیروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، بڕوانامەی پەیمانگای لە یەکێتی سۆڤیەت بەدەستهێناوە، لە ٢٤ نیسانی ١٩٧٥ لە کارگەی فەرشی دەستی لە سیتەکانی هەولێر دامەزراوە، شارەزای سێ زمان بووە: کوردی، عەرەبی و ڕووسی.

لاپەڕەکانی تێکۆشان

پەیوەندی کرد جادەر عەزیز حەمید بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان لە ساڵی ١٩٤٣ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشەکە، و بەشداری لە هەموو شەڕەکاندا کردووە، لەبەر ئەم هۆکارە لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سه‌ربازی عورفی سەرجەم موڵک و ماڵە گوازراوە و نەگوازراوەکانی دەستی بەسەردا گیراوە.

لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکست شۆڕشی ئەیلوول دووەم لەگەڵ مستەفا بارزانی و هاوسەنگەرانی پەڕییەوە بۆ ڕوژهه‌لاتی کوردستان، و دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ لە چوارچێوەی هێزی بارزان بەرگری لە کۆمارەکە کرد.

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەی بارزانی لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژهه‌لاتی کوردستان کرد، و لەنێو هاوسەنگەرانی پێشمه‌رگه بوو کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرازگەرا) بە خاکی باکووری کوردستاندا گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری.

دوای گەڕانەوەیان، جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ هەموو هاوسەنگەرانی بڕیاری بەردەوامبوون و چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەتیان دا، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەراڵ مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کرد، و دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاند، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.

دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخجەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کرا لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوە، و بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ گواسترانەوە، و لە ٢٣ی هەمان مانگ جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت، و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕاهێنانی سەربازییان پێدەکرا، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.

دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ بەردەوامییان بە ڕاهێنانی سەربازییان دا.

لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکومەت دەدا) کاریان کرد.

دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەراڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی وەرگرت کە بارزانی تێیدا باسی ئازاری هاوسەنگەرانی کردبوو، و دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخ هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کمیسیۆنەکە دواجار ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەتی چوو.

دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، و گەڕانەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩ لێبوردنی گشتی گرتییەوە.

لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتیی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرەی باشووری کۆماری عێراق گەڕایەوە کوردستان.

لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کرد، و لە ٣١ی تەمموزی ١٩٨٣ لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەنفالی بارزانییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە کۆمەڵگەی هەریر بێسەروشوێن کرا.

سەرچاوەکان:

- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).

- حیدر فاروق السامرائي، ضياء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي فی العراق، (لندن – دارالحكمة- ٢٠١٦م).

- ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره‌ - ٢٠١٠ز).

- ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانییان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).

- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).

- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت ێ‌موزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).  

- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).

- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).

- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤیەت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).

- له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).

- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).

- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.