لەدایکبووە بەهجەت عەبدولخالق عەبدولقادر لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک لە ساڵی ١٩١٧، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٥٣ بەشداری خولی میکانیکی کردووە، ساڵی ١٩٥٤ گواستراوەتەوە بۆ شاری تاشکەند بۆ بەشداریکردن لە خولی دارتاشی و ئامێرە کارەباییەکان. ساڵی ١٩٥٤ لە بەشی نۆیەمی کارگەی دارتاشی ژمارە ٦٨٢ دامەزراوە، لە هەمان ساڵدا بووە دارتاشی ژمارە ٣ و لە ساڵی ١٩٥٥ بووە دارتاشی ژمارە ٥، بڕوانامەی ئەندازیاری پیشەسازی و کشتوکاڵی لە فریفیسکی ئۆزبەکستان بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٧٩ بە وەزیفەی وەرگێڕ لە دامەزراوەی تراکتۆر و هەناردەکردن دامەزراوە، شارەزای زمانی کوردی و ڕووسی بووە، ساڵی ١٩٨٠ خانەنشین کراوە و لە هەمان ساڵدا کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەکانی خەباتدوای گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و دوای ئەوەی بڕیاری دا بچێتە یەکێتی سۆڤیەت، هاوەڵی بارزانی بووە لە ڕێپێوانەکەدا، و بەشداری لە شەڕەکانی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە، دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکییەکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراسی بەزاندووە، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
دوای گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوسەنگەرەکانی لە شاری نەخچەوان لە کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوەدا دەستبەسەر کراون کە بە تێلی دڕکدار دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن، وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوە، بە بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت دواتر بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەش کراون. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواستراونەتەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکو، و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلی سەربازییان وەرگرتووە، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان پێکراوە، لە هەمان کاتدا، ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە پێوتراوە.
دوای خراپ مامەڵەکردنی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ئازەربایجان لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجووک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان بەردەوام کرد.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرەکانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەش کران و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکوومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان بۆ حکوومەت دەدایەوە) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، ستالین دواجار نامەیەکی پێگەیشت کە بارزانی تێیدا باسی ئازاری هاوسەنگەرەکانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا کمیسیۆنێک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری کمیسیۆنەکە دواجار ئەوە بوو کە لە شاری فریفیسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ بەرەو شاری فریفیسکی سۆڤیەت بەڕێکەوت، لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ سالخۆزی ژمارە ٩ بەشی دووەم لە لیوای تاشکەند.
دوای شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ی شوباتی ١٩٥٩ ئەو و هاوسەنگەرەکانی لێبووردنی گشتی دەیانگرێتەوە بەپێی ماددەکانی (٣) و (٧) و بڕگەی (أ) لە ماددەی (١٠) و کارکردن بە ماددەی (١١) بەپێی یاسای ژمارە (١٩)ی هەموارکراوی ساڵی ١٩٥٩.
لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی بە کەشتی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕاوەتەوە کوردستان.
سەرچاوەکان:- حهمید گهردی، پوختهی مێژوونامه، چاپی یهكهم، (ههولێر - دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٤).
- ئاراس حسۆ میرخان ٦٢ رۆژ لهگهڵ بارزانی دا چوونی بارزانییهكان بۆ یهكێتی سۆڤێت له یادداشتی فهرماندهی شههید حهسۆ میرخان ژاژۆكی، چاپی یهكهم (ههولێر - چاپخانهی رۆشنبیری – ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوهی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانهی خهبات – ١٩٩٨).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- نص قرار لجنە العفو العام برد الاعتبار الی شهداء ثورە بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، مطبعة الرابطة، بغداد، ١ نیسان ١٩٥٩.


