لەدایکبووە بەدرۆ لەشکری حسێن ساڵی ١٩٣٠ لە گوندی بیستری سەر بە ناحیەی کوێستان لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر، لەگەڵ (کوردستان محەمەد حالی) هاوسەرگیری کردووە و چوار کوڕ و کچێکیان بووە بە ناوەکانی: (سەرکەوت، متین، هەڵکەوت، ڕێکەوت، عائیشە). لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندویەتی و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کشتوکاڵ بەدەستهێناوە، ساڵی ١٩٧٥ پەنای بۆ ئێران بردووە و ساڵی ١٩٩٥ گەڕاوەتەوە کوردستان.
لاپەڕەکانی تێکۆشان
ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە ٦ی تشرینی دووەمی ١٩٤٣ بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسی کوێستان کردووە، لە ٥ی ئەیلوولی ١٩٤٥ بەشداری لە دەستبەسەرداگرتنی بنکەی پۆلیسی مەیدانی مۆریک کردووە، لە ١٩ی ئابی ١٩٤٥ بە فەرمانی دادگای سهربازی عێراقی سەرجەم موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوەی دەستی بەسەردا گیراوە بەهۆی بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلوول دووەم.
دوای ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٥ و دوای شکستخواردنی شۆڕشی ئەیلوول دووەم ڕووی لە ڕوژههلاتی کوردستان کردووە، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ وەک پێشمهرگه لەگەڵ هەردوو براکەی ئەحمەد لەشکری و شەریف لەشکری لە هێزی بارزانی سەر بە کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتیان کردووە، ئەوان لەناو هێزی ساڵح مستەفا بوون لە بەرەی سەقز لە کۆماری دیموکراتی کوردستان.
لە ڕێکەوتی ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ لە شەڕی قەرەوا لە ناوچەی سەقز بەشدار بووە، لە ٣ی ئایاری ١٩٤٦ لە شەڕی مەلەقەرنی بەشدار بووە، دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ٣ی ئازاری ١٩٤٧ لە شەڕی نەلووس بەشدار بووە، هەروەها لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژههلاتی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٩ی ئازاری ١٩٤٧.
دوای ڕووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان و گەڕانەوەی مستەفا بارزانی لە ڕوژههلاتی کوردستان بۆ باشووری کوردستان، بەشداری لە شەڕەکانی نەغەدە و شنۆ لە ڕوژههلاتی کوردستان کردووە، لەو پێشمهرگانە بووە کە لە ١٩/٤/١٩٤٧ گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی شیروان و مزووری لە ڕێگەی (خواکوڕک و دەشتی بێرزگە) بەناو خاکی باکووری کوردستاندا.
دوای گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥/٥/١٩٤٧ لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هاوسەنگەرانی کرد و سەرپشکی کردن لە مانەوە یان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت. لەوێ سەرجەم هاوسەنگەرانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و ڕوو لە یەکێتی سۆڤیەت بکەن، لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەری جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کرد بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری لە شەڕەکانی دۆڵی قەتوور و پردی ماکۆ کردووە. دوای ماندووبوونێکی زۆر و هیلاکبوونێکی توند، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس پەڕیونەتەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت، کە دەکەوێتە سەر سنوورەکانی نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت.
لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و سەرجەم هاوسەنگەرانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگەیەکی کراوە کە بە تێلی دڕکاوی دەورە درابوو و سەربازان پاسەوانییان دەکردن دەستبەسەر کران، لە ڕووی خۆراک و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، بە بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت دواتر دابەش کران بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئەیوڵاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ گواسترانەوە بۆ کەمپێک لەسەر دەریای خەزەر لە پایتەختی کۆماری ئازەربایجان باکۆ، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧ جلی سەربازییان وەرگرت، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان مەشقی سەربازییان دەکرد، لە هەمان کاتدا ڕۆژانە چوار کاتژمێر لەلایەن هەندێک لە هاوسەنگەرە خوێندەوارەکانیانەوە وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوسەنگەرانی، بارزانی بڕیاری دا کۆمەڵە سەربازییەکەی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگەی جەرجوک لە نزیک پایتەختی ئۆزبەکستان تاشکەند، لەوێ مەشقە سەربازییەکانیان درێژە پێدا.
لە ئازاری ١٩٤٩، ئەو و هاوسەنگەرانی بە شێوەی گرووپ بە شەمەندەفەر دابەش کران بەسەر گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (ئەو زەوییەی خەڵک لە حکومەتیان بەکرێ دەگرت و پاشان بەشێکیان وەک باج دەدایە حکومەت) کاریان کرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار ستالین نامەیەکی وەرگرت کە تێیدا بارزانی باسی لە مەینەتییەکانی هاوسەنگەرانی کردبوو، دەستبەجێ بڕیاری دا لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوسەنگەرانی بارزانی پێکبهێنێت، بڕیاری لیژنەکە دواجار ئەوە بوو کە لە شاری ڤریفیسکی کۆ بکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ١٩٥١ ڕووی لە شاری ڤریفیسکی سۆڤیەت کرد.
لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوسەنگەرانی بە کەشتی کروزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
ساڵی ١٩٦٣ بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول کردووە و پلەی (سەرپەل)ی هەبووە، بەشداری لە شەڕەکانی چیای بێرس و سەری ئاکرێ کردووە، لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی ڕووی لە ناوچەی سۆران کردووە، تا ساڵی ١٩٧٥ لە فەوجەکەی براکەی شەریف لەشکری ماوەتەوە.
ساڵی ١٩٧٥ دوای شکستخواردنی شۆڕشی ئەیلوول پەنای بۆ ئێران بردووە، سەرەتا لە کۆمەڵگەی زیوە نیشتەجێ بووە، پاشان گواستراوەتەوە بۆ ئەسفەهان و دواتر بۆ تەورێز، ساڵی ١٩٨٠ بەشداری لە شۆڕشی گوڵان کردووە، یەکێک بووە لە پێشمهرگه لە نووسینگەی سەرۆک مەسعود بارزانی.
ساڵی ١٩٩٥ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، لە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ لە میانەی کۆنگرەی سێزدەیەم ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە وەک ڕێزێک بۆ تێکۆشان و قوربانیدانی لە شۆڕشی دووەمی بارزان، و لە کۆماری دیموکراتی کوردستان، هەروەها بەشداریکردنی لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان و یاوەرییکردنی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت.
سەرچاوەکان:- حامید گهوههری، میدالیای بارزانی بهرزترین خهڵاتی ڕێزلێنان، بهرگی یهكهم، (ههولێر - چاپخانهی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حهمید گهردی، پوختهی مێژوونامه، چاپی یهكهم، (ههولێر - دهزگای چاپ و بڵاوكردنهوهی ئاراس - چاپخانهی وهزارهتی پهروهرده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر و دوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- بهدرۆ لهشكری حسێن، فۆرمی هەڤالانی بارزانی (بارەگای بارزانی – لێژنەی ناوچەی بارزان).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، شاری بهغدا، ١ نيسان ١٩٥٩.


