شەهید ئەمین حەمە کریم ئیبراهیم، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوو، لە مەلحەمەی پردی زەڵم لە ساڵی ١٩٦٣ شەهید بوو و سوپای عێراق تەرمەکەی بە تانکێکی سەربازی پەستاند.
لە گوندی دەرگاشیخان، سەر بە ناحیەی بێارە لە ناوچەی هەورامان، لەدایک بوو. بە کۆیخا ئەمین دەرگاشیخان ناسراو بوو. گوندنشین بوو و بە کشتوکاڵ و باخدارییەوە خەریکی بوو، لەگەڵ نازەنین هاوسەرگیری کرد و دوو کوڕ و سێ کچیان هەبوو (حەمە خان، میرزا، قەدم خێر، پەروین، حەمێرا).
کوڕەکەی حەمە خان ئەمین لە مەلحەمەی خواکۆرک لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید بوو، هەروەها کوڕەکەی تری میرزا ئەمین لە بۆردومانی کیمیایی لەسەر هەڵەبجە لە ساڵی ١٩٨٨ شەهید بوو.
لە ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەی فەصیلی هەورامانەوە کرد، بە سەرکردایەتی شێخ حەمە ئەمین، کە سەر بە فەوجی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.
لە ١٢ی ئەیلوولی ١٩٦٣، لۆئەی ٢٠ی سوپای عێراق لەو کاتەدا بە سەرکردایەتی لۆئەی زەعیم سدیق هەوڵی هێرشکردنە سەر شاری هەڵەبجە و بەربەرەکانییەکانی دا، بەڵام هێزێکی پێشمەرگە لەسەر پردی زەڵم بەربەرەکانییەکی دروست کرد. کاتێک دوژمن نزیک بووەوە، ئەو هێزە بەرەنگاری بوو و ئەمین حەمە کریمیش بەشداری ئەو مەلحەمەیەی کرد. دوای چەند کاتژمێرێک شەڕ، کە تێیدا ژمارەیەک ئۆتۆمبێل و تانکی سەربازی تێکدران، ئەمین حەمە کریم و ژمارەیەک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی شەهید بوون، بەڵام دوژمن بەوەش نەوەستا و تەرمەکەی بە تانکێکی سەربازی پەستاند.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەزگای ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


