شەهید ئەسەد ویسێن خەفور حسێن، لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری هەڵەبجە لەدایک بووە و تا پۆلی چوارەمی قۆناغی ئامادەیی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٨٩ لەلایەن ئەمنی گشتیی بەعسەوە لە شاری سلێمانی دەستگیر کراوە و تا ساڵێک و چوار مانگ زیندانی بووە و فەرمانی سێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی شیعەکانی شاری نەجەف و کەربەلا لە ساڵی ١٩٩١دا لە زیندان ڕزگاری بووە.

 

لە ساڵی ١٩٨٣دا بۆ بوون بە پێشمەرگە چوو بۆ گوندی ئەحمەد ئاوا، بەڵام بەهۆی بچووکیی تەمەنەکەیەوە لەلایەن فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەوە وەرنەگیراوە. لە ساڵی ١٩٨٣دا پاش گەڕانەوەی لە چیا ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە لقە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە. بووە بە کادیر لە لقی هەورامان عوسمان کە بەرپرسی ڕێکخستن بووە و سەر بە لێژنەی ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، کادیرێکی ڕۆشنبیر و چالاک بووە و سەرپەرشتیی کۆمەڵێک چالاکیی کردووە.

 

لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨٩دا ئەسەد ویسێن خەفور بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ لقە نهێنییەکانی ئەو دەڤەرە، چوو بۆ گوندی باینجان لە نزیک شاری سلێمانی. بەڵام یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە خۆفرۆش بووە و کات و شوێنی کۆبوونەوەکەی ئاشکرا کردووە. لەبەر ئەوە ئەسەد لە ناو گوندەکەدا لەلایەن سەرباز و کادیرانی هەواڵگریی ڕژێمی بەعسەوە گەمارۆ دراوە و دەستگیر کراوە. پاشان گواستیانەوە بۆ گرتووخانەی گەورەی شاری سلێمانی و پاش نۆ مانگ زیندانیکردن ناردنیان بۆ مەنزوومەی شومالی کەرکووک. هەر لەوێ بڕیاری سێدارەدانی بۆ دەرچووە. بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادگای شۆڕشی عێراقی ئەسەدیان گواستەوە بۆ گرتووخانەی نەجەف. بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری نەجەف و تێکچوونی دۆخی ئەمنیی شارەکە، ئەسەد ویسێن خەفور دەرفەتێک دەبینێت و لە زیندان ڕزگاری بووە. پێشمەرگەی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بووە.

 

لە ٧ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە گرتنی بنکەی پۆلیسی باینجاندا فیشەک بەر پێی کەوتووە و بریندار بووە. پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست بڕیاری داوە کە نەوەستێت و لە ئۆپەراسیۆنی ڕاپەڕیندا بەشدار بێت.

 

لە ٨ی ئاداری ساڵی ١٩٩١دا لە ئازادکردنی شاری سلێمانی، لە ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانیدا کەوتە کەمینی سەربازیی ڕژێمی بەعس و لە سەرەتادا بە نارنجۆکی دەستی لە بەر دەرگای ئەمنە سوورەکە بە سەختی بریندار بووە. پاش هەستانەوە لەسەر خۆی و بەردەوامبوون لە هێرشکردنە سەر ئەمنە سوورەکە، لە ناو دەرگای بارەگاکەدا لە چەند لایەکەوە چەندین فیشەک بەر جەستەی کەوتووە و بەهۆی زۆریی بەرکەوتنی فیشەکەکان تەواوی جەستەی تێکچووە و شەهید بووە.


 

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان