دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی سەرۆک مستەفا بارزانی و بەهۆی تەنگ پێهەڵچنییەکانی ڕژێم، چاپخانەی خەبات گوازرایەوە ناوچە ئازادکراوەکان و دەستی بەکارکردەوە. لەسەر ئەو بنەمایە لە ساڵی ١٩٦٣دا، پیتەکانی چاپ (حروف) بەنهێنی لە بەغداوە هێنرا و لەگەڵیدا قاڵبێکیان هێنا و پیتەکانیان یەک لە دوای یەک ڕیز دەکرد و بە شێوەیەکی زۆر سادە ڕۆڵەیان بەسەردا دەهێنا. دواتر، سەرکردایەتی شۆڕش بڕیاریدا پەرە بە چاپخانەکەی شۆڕش بدات، ئەوەبوو لە زستانی ١٩٦٤دا، چاپخانەیەکی بچووک و کۆنی پەیداکرد کە لەلایەن ئەحمەد دەشتی و مستەفا ڕابەرەوە لە هەولێرەوە گەیەنرایە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕش و لە گوندی "سونێ"ی ناوچەی قەڵادزێ دامەزرێندرا و سەرپەرشتیکردنیشی بە حەبیب محەمەد کەریم سپێردرا. پاشان بە بڕیاری سەرۆک مستەفا بارزانی، ئامێری لاینۆتایپ و چاپی خۆکار (ئۆتۆماتیک)ی بۆ دابینکرا و تا نسکۆی شۆڕش بەردەوام بوو.
هەرچەندە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول بەشێکی زۆر لە کەلوپەلەکانی ڕاگەیاندن لە دەستچوو کە چاپخانەی خەبات یەکێکیان بوو، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی گوڵان، سەرکردایەتی پارتی جارێکی دی نووسینگە و بەشەکانی حزبی کردەوە کە بەشی ڕاگەیاندن و چاپخانەی خەبات لە ژێر چەتری دا دامەزرایەوە. سەرەتا هەندێ ئامرازی چاپ و بڵاوکردنەوە وەک چاپخانەی دەستی و دەزگایەکی ڕۆنیۆ دابینکرا.
دواتر لە قۆناغی شۆڕشی گۆڵاندا چەندین ئامێری نوێی بەکارهێنا وەکو تایپی ئەلیکترۆنی، فۆتۆکۆپی (ئیستنساخ)، فۆتۆ ئەستێنسێل، ئامێری کلیپسی کارەبایی، بڕینی کاغەز بە کاغەزبڕی گەورە، ڕۆنیۆی پێشکەوتوو و فۆتۆ ئەستێنسێلی ئەلیکترۆنی کە ئامێرێکی زۆر وردبین و ناسک و کارئامادە بوو.
ڕۆڵ و ئەرکی چاپخانە
چاپ و نووسین لە چاپخانەی خەبات بە سێ شێواز ئەنجام دەدرا:
یەکەم: ئامرازی کۆن[1].
دووەم: لاینۆتایپ[2].
سێیەم: تایپ و ڕۆنیۆ[3].
لە شۆڕشی ئەیلوولدا ستافی تایپێستی ڕاگەیاندن ئەمانە بوون:
ڕەحیم، ئەحیا خدر، سەفەر زەکی، سیروان، عەزیز حەسەن سلێمان، فایق ئاکرەیی، مەجید هەمەوەندی و نەجات سەمەد سەعید، عەزیز حەسەن سلێمان، سەعید عەزیز، یاسین، سۆران، جەلال خدر ئیسماعیل.
ئەو کادیرانەی لە شۆڕشی گوڵاندا لە چاپخانەی خەبات کاریان دەکرن ئەمانە بوون:
عەلی مستەفا ئیسماعیل (ناسراو بە عەلی گۆران - بێکەس): بەرپرس تا ساڵی ١٩٨٠، تۆفیق سەلیم (ناسراو بە باوەڕ): کە لە ساڵی ١٩٨٠- ١٩٩٣ وەک بەرپرس ئەرکی جێبەجێ دەکرد، کریستۆف یەلدا ترخان (ناسراو بە ڕێبوار یەلدا) جێگر. جان جەبەلی شابۆ (دیزاینەر و خۆشنووس)، محەمەد ئیلیاس خدر زێباری - هەژار (فۆتۆستێنسێل و ڕۆنیۆ و تایپێست)، ئادەم قادر حەسەن بێخەو (ڕەزام)، عەبدولسەتار مەعرووف کورێمەیی - کوردۆ (ڕەزم و تەدارکات)، فەیسەڵ ئەمین - کوردۆ (ڕەزم و فۆتۆ و ڕۆنیۆ)، ڕزگار دوڵەمەری (فۆتۆستێنسێل، ڕۆنیۆ، فەنیات و تایپ)، شاکر عومەر ئاکرەیی (پۆستەر و ڕەزم)، سەربەست سادق ئاکرەیی (کلیپکار)، ئەحمەد قەرەنی ئاکرەیی (هەڵەچن و زمانەوانی)، عەبدوڵڵا موشیر - هێمن (پێشمەرگەی چاپخانە)، شەعبان تاهیر - شڤان (پێشمەرگەی چاپخانە).
لە ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣دا، ژمارەیەک کادیری ئافرەتیش بەشداریان کرد، وەکو سوعاد کاکەیی، کریستینا یووسف برایموک، ڕووناک یووسف برایموک، سارە مەسیحی، سامی سلێوە، بەرنادێت سلێوە، هێرۆ و پەیمان.
ئەو کارانەی لە ماوەی ژیانی شۆڕشگێریدا دراون لە بواری سیاسی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی سەربازی، تەندروستی و هوشیاری ڕۆشنبیریدا لە چاپخانەی خەبات ئەنجام پێکهاتبوو؛ لە نامیلکە و ڕێنمایی سەربازی، ڕێکخستن، تەندروستی، خۆپارێزی، کتێب و پەرتووک، دیوان و بەرهەمی ئەدەبی و بڵاوکراوەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان. بێجگە لەوە بەپێی توانا و کات هاوکاری ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردستانی و عێراقییەکانی دەکرد.
گواستنەوەی بەردەوامی شوێنی چاپخانە
بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە و پاراستنی گیانی کارمەندان، چاپخانە بەردەوام لە گواستنەوە بوو. لە ساڵی ١٩٦٥ گواسترایەوە گوندی "لیوژێ"ی ناوچەی ناودەشت، پاشان لە ناوەڕاستی ساڵی ١٩٦٦ بۆ گوندی "سورەبان"ی ناوچەی قەسرێ و دواجار بۆ گوندی "مەمی خەڵان" نزیک چۆمان تا نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەوێ مایەوە. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ ئەوەی چاپخانە نەکەوێتە دەستی ڕژێمی عێراق و ئێران، کارمەندەکان چاپخانەکەیان تەقاندەوە، تەنها ئامێرە کۆنە بچووکەکەی هەڵگیرا. لە شۆڕشی گوڵانیشدا بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی ڕژێمی عێراق، بەردەوام لە گواستنەوە دابووە لە گوندەکانی مێرگەمیرێ، گردەزینێ، کێلەشین، بێرکمێ، لوڵان، خنێرە، ماڵەمەلای، مێرگەحەوشێ و دۆڵە. لە دوای ڕاپەڕینی ٥ی ئاداری ١٩٩١دا، بارەگای چاپخانە گەڕێندرایەوە ناو شار و لە ساڵی ١٩٩٣دا گواسترایەوە پارێزگای دهۆک و لە 2008 ناوەکەی کرا بە چاپخانەی خانی، ئێستا ئەو چاپخانەیە بە نوێترین ئامێری سەردەم لە کاری چاپەمەنی بەردەوامە.[*]
سەرچاوەکان:
- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گۆڵآان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- هەولێر- ٢٠٢١)
- دڵشاد مستەفا وەسانی، خەبات بەردەوامە پوختەیەک دەربارەی ڕۆژنامەی خەبات، 1959-2019، چاپی یەکەم، 2001، هەولێر
- فلک الدین کاکائی، صفحات من اعلام الپارتی منذ عام 1974 حتی انتفاضە اذار 1991، گۆڤاری مەتین، لقی ئێکی پارتی دیموکراتی کوردستان- یەکگرتوو، ژمارە 51، نیسانی 1996ز
- عەزیز حەسەن سلێمان، چەمێک لە یادەوەرییەکانی مامۆستایەکی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، گۆڤاری پەیامی ئەیلوول، کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆرشی مەزنی ئەیلوول، ژمارە 37، هەولێر
- فەرهاد عەونی، ڕۆژگارم ئاوا تێپەری، بەرگی یەکەم، ( هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات-2016
- تۆفیق سهلیم گۆڤاری خازر، ، ژماره 37، تهمموزی 2010ز خهباتی رۆشنبیری و راگهیاندن له شاخ،
- تۆفیق سهلیم ئاكرهیی، ((چاپخانهی خهبات و روشنبیریا چیا)) ، گۆڤاری خازر، ژماره 38،بهردهرهش، ئابی 2010
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپێدیای پارتی دیموکراتی کوردستان, فایلی ژماره, CH-59، دهقی چاوپێكهوتن لهگهڵ تۆفیق سهلیم
- موسەدق تۆڤی و ئیسماعیل بادی، رێبەڕێ پارێزگەها دهۆکێ، چاپی یەکەم، (چاپخانا هاوار- دهۆک- 20210).



