دوو ڕەبایەى سەربازى سوپاى عێراق کە لە باوەکراوەى پشتى گوندى ڕایاتى دەڤەرى باڵەکایەتى جێگیر کرابوون، بۆ کۆنتڕۆلى ناوچەکە و پارێزگارى ڕێگاى سەرەکى چۆمان حاجی ئۆمەران، دیارە سەربازانى ئەو دوو ڕەبایە هەڵویست و مامەلەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى گوند و کاسبکار و شوانکارەکان، بەردەوام هەراسانیان دەکردن تاکو کار گەیشتبووە ئەوەى کە تەقەیان دەکرد لە شوان و گاوان و ئەوانەى دەچوونە ناو ڕەز و باغەکانیان، بەو هۆی ئەوەوە نەیان دەتوانى بە ئازادى بەکار و بار و بژێوى ژیانى ڕۆژانەیان هەڵبستن، دیارە دەنگى ناڕەزایی گلەیی و گازاندەیان سنوورە لاوەکیە لادێ نشینیەکەى تێپەڕاند و گەیشتە بارەگاى شۆڕش، کە ئەو دوو ڕەبایەى سوپاى عێراق بە تەواوى بار و دۆخی خەڵکى ڕایات بە تایبەتى شوانکارانیان شیواندوە کە ناتوانن بە ئازادى ئاژەڵانیان لە لەوەڕگاکانیان بلەوەڕێنن و مامەلەى خراپیان تەنگى پێ هەڵچنیون.
بە پێی ئاماژەى علی وەستا حمەد پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان و بەشداربووى چالاکیەکە، لەو ماوەیەدا بارەگاى هەریەک لە ناوچەى باڵەکى پارتى دیموکراتى کوردستان بە فەرمادەیی نەجمەدین گۆرۆنى و هەرێمى نۆى باڵەکى حزبى سۆسیالیستى کوردستان بە فەرماندەیى ئەحمەد فەقێ ڕەش لە گوندەژۆر بوون، لەو ماوەیەشدا هاوپەیمانیەتێک لە نێوان هەردوو حزبدا بوونى هەبوو لە چوارچێوەى بەرەى جووددا، بۆیە بەیەکەوە ڕێککەوتن کە لە چالاکیەکى هاوبەشدا بەرپەرچى ئەو مامەڵە خراپەى هەردوو ڕەبایەکە بدەنەوە و سنوورێکیان بۆ دابنێن، بۆ ئەمەش بڕیاریاندا کە هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەش پێکبهێنن و هێرشێکى پارتیزانى کتۆپڕ بکەنە سەر هەردوو ڕەبایەکە و وانەیەکیان پێ بدەن کە ئیتر واز لە ڕەفتارە ناڕەواکەیان بێنن و چیتر گوندنشینان هەراسان نەکەن، تاکو بە ئازادى بە کار و بار و بژێوى ژیانیان هەڵبست و مەترسى لەسەر ژیانیان نەمێنێ.
ئێوارەی ڕۆژێکى بەهارى ساڵی ١٩٨١ کە یەک و نیو بۆ دوو کاتمێرى مابوو بۆ خۆرئاوا بوون، هێزەکەى هاوبەشى هەردوو حزب کە ژمارەیان زیادتر لە بیست پێشمەرگە بوون، خۆیان لە هەردوو ڕەبایەکە نزیک کردەوە بە دوورى کەمتر لە یەک کیلۆمەتر، پێشمەرگەکان گیاى بەهارەى جۆرى کەڕکۆڵیان لە خۆیان ئاڵاند بۆ ئەوەى سەربازان درکیان پێ نەکەن بەو پێیەى کە هێرشەکەیان بە ڕۆژى ڕوناک بوو، کاتێ کە پێشمەرگەکان گەیشتنە شوێنى دیاریکراو لە سەرەوەى هەردوو ڕەبایەکە هەریەکە و لە شوێنى خۆی دامەزران، ئینجا لە یەک کاتدا بە یەکەوە دەستڕێژى گوللەیان لە هەردوو ڕەبایەکە کرد بەو چەکانەى لە دەستیان بوو، بۆ ماوەى نیو کاتژمێر هەردوو ڕەبایەکان کەوتنە بەر ڕێژنەى گوللەى پێشمەرگەو نەیانتوانى بۆ چرکەیەکیش سەرى خۆیان دەربهێنن، ئیتر پێشمەرگەکان هەریەکە لە شوێنى خۆیان کە بەردەلانێک بوو خۆیان حەشاردا تاکو شەو داهات ئینجا دەستیان بە کشانەوە بۆ بنکەکانیان لە گوندەژۆر کرد.
بەڵام سوپاى عێراق کە دوو سەربازگەى لە دەربەند و باوەکراوە هەبوون هەرکە هەواڵیان پێگەیشت پێشمەرگە هێرشى کردۆتە سەر هەردوو ڕەبایەکە ئەو ئاقار و دۆڵ و نەواڵەیان توپباران و دۆشکە تەقەیان کرد، هەر لە دواى هێرشى پێشمەرگەوە سوپاى ڕژێم لە توپباران و تەقەى دۆشکە بەردەوام بوو تا شەو داهات، لە ئەنجامى ئەمەدا تەنها یەک پێشمەرگە بریندار بوو، بەڵام بەپێى زانیاریەکانى کە دەستى پێشمەرگە گەیشت لە لایەن خەڵکى ناوچەکە لە هەردوو رەبایەکان دوو سەرباز کوژران و سێى تریش بریندار بوون.
بێ گومان ئەنجامدانى ئەو جۆرە چالاکیانە لەلایەک دەنگدانەوەیەکى گەورەى هەبوو لە ناوچەکە، بۆ حکومەت و هاوڵاتیش کە شۆڕش هێز و توانایەکى کاریگەرى هەیە بۆ لێدان و زیان گەیاندن بە دەزگا سەربازی و ئەمنیەکان، لە لایەکى تریش کاریگەرى زۆرى هەبوو لەسەر ترس و تۆقاندنى دام و دەزگا سەربازگەکانى حکومەت کە دەبێ لەمەودوا بەجۆرێکىتر و ژیرانە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بکەن، ئەگینا دوچارى هەڵویستى لەوە ترسناکتریش دەبوونەوە.
سەرچاوە:
١- چاوپێکەوتنى عەلى وەستا حمد خەلکانى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى شەڕەکە، دانیشتووى سۆران، گەڕەکى چەمى ڕیزان، ٤ى ئایارى ٢٠٢٦.
