هێزێکی پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانى جەولەیەکى پارتیزانى لە گەلی گۆستێى دەڤەرى برادۆست بەرەو گوندەکانى کانیەڕەش و کۆلەکان و دەشتى بەرازگر دەستیان بە جوولە کرد، لە هەمانکاتدا فەوجێکى سەربازى سوپاى عێراقیش لە کانیەڕەش جێگیر کرابوو بۆ چاودێریکردنى ناوچەکە، هێزەکەى پێشمەرگە دواى ئەوەى کە لە کانیەڕەش ڕەت بوون و گەیشتنە سەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر، سورقاڵی پەڕینەوە بوون لە ئاوەکە بەشێکیان گەیشتبوونە ئەو بەرو بەشەکەی تریشیان هێشتا هەر لە ناو ئاودا بوون، لە ناکاو هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لێیان پەیدا بوو بەرەو ڕوویان بۆوە، لەو ئان و ساتەدا شەڕ لە نێوانیاندا دەستى پێکرد.
سەبارەت بەو شەڕە یەکێک لە پێشمەرگەکانى بەشداربووى شەڕەکە بە ناوى عەبدولڕەحمان حاجى بەو جۆرە بۆمان هاتە دوان،
ووتى: بەهارى ١٩٧٩ ئێمە کە هێزێکى پێشمەرگە بووین بە فەرماندەى دکتۆر عەبدولڕەحمان زرازى لە جەولەیەکى پارتیزانیدا لە گەلی گۆستێ بۆ گوندى کانیەڕەش و دەشتى بەرازگر و کۆلەکا بەرێکەوتین، بە مەبەستى بەسەرکردنەوە و پتەوکردنى هێلەکانى ڕێکخستنى پارتایەتى، بەڵام کە گەیشتینە سەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر، سەرقالى پەڕینەوە بووین لە ڕوبار هێزێکى سوپاى عێراق بەرەو ڕومان هات و بەرۆکى گرتین، ئێمەش کە هێشتا چەند پێشمەرگەیەکمان هەر لەناو ئاوى ڕوبارەکە بوون نەپەڕیبوونەوە شەڕ لە نێوانماندا دروست بوو، کاتێ کە سەربازان تەقەیان لێ کردین ئیمەش زۆر بە توندى لێیان هاتینە دەست و بەرپەرچمان دانەوە.
شەڕەکە بۆ ماوە ٤٥ خولەک بە گەرمى بەردەوام بوو، هێزەکەى سوپاى عێراق ژمارەیەک سەربازى پێکراو کوژراو و برینداریدا، بەو هۆیەوە شلۆقى کەوتە نێوانیان بۆیە نەیان توانى بەردەوامى بە شەڕ بدەن و شکستێیان خوارد، هەر ئەوەیان بۆ مایەوە تەنها فریاى ئەوە کەوتن خۆیان و سەربازە پێکراوەکان ڕزگار بکەن و شوێنەکەیان جێ هێشت، دواى ئەوەى کە سەربازان بە تەواوى کشانەوە ئێمەش تەواوى پێشمەرگەکان بەیەکتر گەیشتینەوە و هەموومان سەلامەت بووین، هیچ زیانمان پێ نەگەیشت درێژەمان بە ڕێڕۆشتنى خۆمانداو بەرەو کۆلەکان بەڕێکەوتین.
سەرچاوەکان:
١- سەفەر یوسف میرحاج ژاژۆکى، شەهید دکتۆر عبدولڕەحمان زرارى (بەرکۆلێک لە ژیان و پێشمەرگایەتى)، (چاپخانە دانیشفەڕ- هەولێر- ٢٠٢٢).
٢-دیمانە لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجى، خەڵکى باڵەکایەتى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى شەڕەکە، سۆران. ٢ى شوباتى ٢٠٢٦.


