داستانی چیای زۆزک

چیای زۆزک يه‌كێكه‌ له‌ چيا ناوداره‌كانی باشورى كوردستان، ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر شارى سۆران و به‌كۆمه‌ڵێك گوند‌ ده‌ور دراوه‌، بۆ نموونه‌ گونده‌كانى به‌رسرين و پيروسوان ده‌كه‌ونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى چياكه‌ ...


 چیای زۆزک يه‌كێكه‌ له‌ چيا ناوداره‌كانی باشوورى كوردستان، ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر شارى سۆران و به‌كۆمه‌ڵێك گوند‌ ده‌ور دراوه‌، بۆ نموونه‌ گونده‌كانى به‌رسرين و پيروسوان ده‌كه‌ونه‌ ڕۆژهه‌ڵاتى چياكه‌ و هه‌ريه‌ك له‌ گونده‌كانى سيتكان باكوورى و بادليان و دێڵزيانيش له‌ ڕۆژئاوا و به‌رزێوه‌ و كه‌ورين و گوان له‌ دامێنى چياكه‌ هه‌لكه‌وتوون، له‌ ڕۆژگارى شۆڕشى ئه‌يلوودا هه‌ريه‌ك له‌م گوندانه‌ وه‌كو په‌ناگه‌ و پاڵپشتێكى گرنگى شۆڕش بوون له‌ مانه‌وه‌ و به‌هاناوه‌چوونى پێشمه‌رگه‌ به‌تايبه‌تى له‌ ساته‌وه‌خته‌كانى شه‌ڕدا.

گرنگى چیای زۆزک له‌وه‌دابوو بۆ شۆڕشی ئەیلوول له‌ ڕووى سه‌ربازيه‌وه‌، به‌ هۆى هه‌ڵكه‌وته‌ جوگرافيه‌كه‌ى و شوێنگه‌ ستراتيژيه‌كه‌ى كه‌ ڕێگاى سه‌ره‌كى هامڵتۆن به‌ دامێنى چياكه‌دا تێده‌په‌ڕێ، له‌لايه‌ك بۆ پارێزگارى كردنى ڕێگاكه‌ و له‌لايه‌كى دیكه‌ش كه‌ ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر ده‌شتى ديانا، خاڵێكى گرنگى به‌ يه‌ك گه‌ياندنى هه‌ردوو ده‌ڤه‌رى بارزان و باڵه‌كايه‌تى بوو كه‌ مه‌ڵبه‌ندى سه‌ره‌كى سه‌ركردايه‌تى شۆڕشی ئه‌یلوول بوو. هه‌ر بۆيه‌ش حكومه‌تی عێراق هه‌ميشه‌ له‌ پلان و به‌رنامه‌ى ئه‌وه‌دابوو كه‌ شوێنه‌ ستراتيژيه‌كان ده‌ستبه‌سه‌ردابگرێت و له‌ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا شۆڕش په‌ك بخات.

داستان و شه‌ڕه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عێراق له‌و چیایه‌دا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ساڵی ١٩٦٥، كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هێڵێكی به‌رگری له‌ چیای زۆزك و گه‌رووی سرۆت و گه‌رووی عومه‌رئاغا تا ده‌گاته‌ سه‌ر ڕووباری مووسه‌كاوه‌ دانابوو، سوپای ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی بگاته‌ شوێنه‌ ستراتیژیه‌كان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و پلاندا بوو.

ئه‌وه‌ بوو له‌ ده‌ستپێكی پایزی هه‌مان ساڵدا به‌ پشتیوانی فڕۆكه‌ی هێرشبه‌ر و ده‌یان هه‌زار سه‌رباز و جاش هێرشی بۆ سه‌ر چیای زۆزك ده‌ست پێكرد، سوپای عێراق سه‌ره‌تا ده‌ستی به‌ تۆپبارانێكی چڕ كرد له‌ چیاكه‌، دوای تۆپبارانه‌كه‌ هه‌زاران سه‌ربازی عێراقی هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه، دوای چه‌ندین هێرشی چڕوپڕ توانیان ده‌ست به‌سه‌ر یه‌كێك له‌ به‌رزاییه‌كانی چیاكه‌دا‌ بگرن، ئه‌مه‌ بووه‌ جێگای مه‌ترسی له‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ دامێنیی چیا بۆیه‌‌ بڕیاری پاشه‌كشه‌ درا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پلانێكی توكمه‌وه‌ هێرشی پێچه‌وانه‌ ئه‌نجام بده‌ن و بتوانن ئه‌و شوێنانه‌ بگرنه‌وه‌ كه‌ له‌ده‌ستیاندابوون،  هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند هێرشێكی لاوه‌كیان ئه‌نجامدا بۆ گرتنه‌وه‌ی شوێنه‌كان به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون.

دوای ئاماده‌كارییه‌كی باش هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ پلانێكی توكمه‌ و هێرشێكی به‌ربڵاوه‌وه‌ به‌ فه‌رمانده‌یی حه‌جی بێرۆخی‌ فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن و چه‌ند به‌رپرسێكی دیكه‌ی سه‌ربازی وه‌ك عه‌ریف یاسین و ڕه‌مه‌زان یاسین و جادر گوێزی و عه‌زیزخان مهاجر و سه‌باح میركه‌ی خه‌یلانی و علی شكاك و جه‌وهه‌ر بێرسیاڤی، هه‌روه‌ها حەمید ئەفەندی و مسته‌فا نێروه‌یی و حه‌سه‌ن خاڵ هه‌مزه‌ ‌ په‌لاماری سوپای عێراقیاندا، پاش شه‌ڕێكی گه‌رمی چه‌ند کاتژمێری سه‌ربازانی سوپای عیراق نه‌یتوانی خۆیان له‌به‌ر هێرشی پێشمه‌رگه‌ ڕاگرن، به‌ڵكو شكستیان خوارد و ڕایان كرد، نزیكه‌ی ٢١ سه‌رباز له‌ شاخه‌كه‌ی پشتی گوندی گوان خۆیان فڕێدابووه‌ خواره‌وه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری لاشه‌ كوژراوانیان له‌ مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌ به‌جێ مابوو، هێزی پێشمه‌رگه‌ش دوو شه‌هید و پێنج برینداری هه‌بوو.

ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی پێشمه‌رگه‌ و شكسته‌ی سوپای عێراق بووه‌‌ مایه‌ی توڕه‌بوونی سه‌رانی حكومه‌تی عێراق و ئه‌فسه‌ره‌كانیان، بڕیاریاندا كه‌ به‌ هه‌رچۆنێك بێت پێویسته‌ ئه‌م شوێنانه‌ داگیر بكه‌ن و تۆڵه‌ له‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ بكه‌نه‌وه‌‌، بۆ ئه‌مه‌ش له‌ ٣ی ئایاری ١٩٦٦هێرشێكی گه‌وره‌یان ده‌ست پێكرد له‌ قۆله‌كانی چیای هندرێن و زۆزك و گه‌رووی عومه‌رئاغا به‌ پاڵپشتی فڕۆكه‌ی جه‌نگی و تۆپخانه.‌

دوای چه‌ند ڕۆژێكی شه‌ڕی به‌رده‌وام كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ مەسعود بارزانی و ئیدریس بارزانى سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كه‌یان ده‌كرد، به‌تایبه‌تی كه‌ حكومه‌تی عێراق گوشارێكی زۆری خستبووه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه ‌و توانیبووی چه‌ند شوێنێك له‌ چیای زۆزك بگرێت، مه‌لا مستەفا بارزانی ڕێبه‌ری شۆڕش خۆی له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ ئاماده‌بوو له‌ چیای زۆزك، هێزی پێشمه‌رگه‌ توانی له‌ هه‌موو قۆڵه‌كان شكست به‌ سوپای عێراق بهێنێ و زیانێكی گه‌وره‌ی پێ بگه‌یه‌نێ كه‌ بریتی بوو له‌ كوژرانی ٤٠٠ سه‌رباز و برینداربوونی ٦٠٠، له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیش كه‌ كه‌وتنه‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ چوار تۆپی ٧٥ملم و  چوار هاوه‌نی(٤،٢٠) و ده‌ هاوه‌نی (٢،٣)گرێ و ٦٠٠ پارچه‌ چه‌كی سووك و ١٥ ئامێری بێته‌ل و فیشه‌كی زۆر.

دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ساڵی ١٩٧٤ كاتێك سوپای عێراق توانی به‌ پلانێكی سه‌ركه‌وتووی جه‌نگی له‌ چیای كۆڕه‌ك تانكه‌كانی بخزێنێته‌‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ر ڕێگای بێخاڵ به‌ هێزێكی زۆری پڕ چه‌كی پێشكه‌وتووی قوڕس و سوك ستراتیژیه‌تی شه‌ڕه‌كه‌ بگۆڕێ، پێشمه‌رگه‌ ناچار بوو چیای گۆڕه‌ز به‌جێ بهێڵێ و بكشێته‌وه‌ پشتی دیانا و لای ڕواندزیشه‌وه‌‌ دامێنی چیای كۆڕه‌ك به‌جێ بهێڵن بكشێنه‌وه‌ بۆ بنه‌كاول و به‌رزێوه‌، هێڵێكی به‌رگری دانرا له‌ دۆڵی ئاكۆیان و چیای هندرین و چیای زۆزك و گه‌رووی عومه‌رئاغا.

سوپای عێراق كه‌ له‌ هێرشی سه‌ر گه‌رووى عومه‌رئاغا له‌ ٣ی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ شكستێكى هێنده‌ گه‌وره‌ى خواردبوو، زيانێكى زۆرى گيانى و ماددى به‌ركه‌وتبوو ناچار به‌ پاشه‌كشه‌ ببوو بۆ گوندى بادليان، بۆیه‌ به‌ دواى ڕێگایه‌كی  دیكه‌دا ده‌گه‌ڕا بۆ په‌رده‌پۆشكردنى شكسته‌كه‌ى و  داگيركردنى شوێنێكی دیكه‌ی ستراتیژی بۆ ئه‌وه‌ى‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕوا به‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه‌. بۆ ئه‌مه‌ش به‌ پێى ئه‌و زانياريانه‌ى كه‌ به‌ ده‌ستى سه‌ركرده‌ سه‌ربازيه‌كانيان كه‌وتبوو كه‌ له‌سه‌ر چیای زۆزک هێزى پێشمه‌رگه‌ى زۆرى لێ نيه‌ ئه‌مه‌يان به‌ ده‌رفه‌ت زانى بوو، كه‌‌ به‌تاليۆنێكيان ته‌رخان كردبوو له‌ تيپى ٨ له‌ ٢٠ی ئه‌یلوولی١٩٧٤ توانيان چه‌ند سه‌نگه‌رێكى هێزى پێشمه‌رگه‌ داگير بكه‌ن له‌ چیای زۆزک.

به‌ڵام هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر هێرشكاريه‌كانى سۆپای عێراق نه‌ك ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو زۆر به‌توندى به‌رپه‌رچی دايه‌وه‌ و هێرشى پێچه‌وانه‌ی بۆ سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ سوپای عێراق ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتبوون به‌ هاوكارى تۆپخانه‌ى شۆڕش توانيان چیای زۆزک بگرنه‌وه‌‌.

له‌ دیمانه‌یه‌كدا یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌كانی به‌شداربووی ئه‌و شه‌ڕه‌ی چیای زۆزك بۆمان ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵیت: ((له‌ به‌ره‌به‌یانێكی زوو بینیمان كه‌وا جاش و سه‌ربازی سوپای عێراق لێمان نزیك بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ دیاناوه‌ هێرشیان هێنا‌بوو بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌، ئێمه‌یان دایه‌ به‌ر ده‌ستڕیژی گولله‌ و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كمان بریندار بوون، ڕه‌بایه‌ك له‌ سه‌رووی ئێمه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ خاڵێكی زۆر گرنگ و ستراتیژی بوو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتبوو، به‌رپرسی ئێمه‌ به‌ ناوی حاجی بێرۆخی كه‌ فه‌رمانده‌ی ئه‌و میحوه‌ره‌ی جه‌نگ بوو بڕیاریدا به‌ ئه‌نجامدانی هێرشی پێچه‌وانه‌ و گرتنه‌وه‌ی ئه‌و خاڵه‌ی كه‌ داگیركرابوو به‌ زووترین كات، دوای ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ پاڵپشتی دۆشكه‌یه‌ك له‌ چه‌كی قوڕس له‌ هێزی پشتیوانی هێرشی پێچه‌وانه‌مان ئه‌نجامدا و هه‌ڵمان كوتایه‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌ داگیركراوه‌كه‌، دوای شه‌ڕێكی گه‌رم توانیمان شوێنه‌كه‌‌ بگرینه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنین. دوژمن خۆیان له‌به‌ر هه‌ڵمه‌تی پێشمه‌رگه‌ پێ ڕانه‌گیرا و پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ بنكه‌كانیان له‌ دیانا، له‌م شه‌ڕه‌دا قوربانی ئێمه‌ شه‌هێدێك و بریندارێك بوو به‌ڵام دوژمن شكستی گه‌وره‌ و زیانی زۆری پێكه‌وت، لاشه‌ی سێ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رێك كه‌وته‌ ده‌ستی پێشمه‌رگه‌، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر بوونی به‌رده‌لان و كه‌لێن و تاشه‌ به‌ردی گه‌وره‌ نه‌بوایه‌ كه‌ خۆیان له‌ په‌نادا حه‌شار ده‌ده‌ا زیانی زۆر زیاتریان به‌رده‌كه‌ت)).

به‌ڵام هه‌ر دواى هه‌فته‌يه‌ك جارێكى دی له‌  ٢٧ تا ٢٨ی ئه‌یلوولی١٩٧٤ هێزێكى سوپاى عێراق كه‌ له‌ تيپى ٥ی پياده‌ و به‌تاليۆنێك  له‌ هێزي ٢٩ى تايبه‌ت(قوات خاصة) به‌ پشتيوانى كه‌تيبه‌ى تانك هێرشيان كرده‌ سه‌ر چیای زۆزک، دياره‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رگريه‌كى به‌هێزدا به‌ پێى پلانێكى ڕێكخراوی ڕێكوپێكی سه‌ربازی ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه‌ به‌ هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكى كه‌ له‌ به‌رده‌ستياندا بوو به‌رپه‌رچى هێرشى سوپاى عێراقيان دايه‌وه‌، توانيان زيانێكى گه‌وره‌يان لێ بده‌ن و زۆربه‌ى ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانى ئه‌م به‌تاليۆنه‌ى سوپاى عێراق له‌ناو به‌رن، كه‌ يه‌كێك له‌ كوژراوه‌كان فه‌رمانده‌ى لق بوو.

گرنگى داگيركردنى چیای زۆزک بۆ سوپاى عێراق بابه‌تێكى هێنده‌ ستراتيژى بوو بۆيه‌ سه‌ركرده‌ سه‌ربازيه‌كان سوور بوون له‌سه‌ر داگيركردنى بۆيه‌ گوشارى زۆريان خسته‌ سه‌ر يه‌كه‌كانى سه‌ربازى به‌ پياده‌ و تانك و زرێپۆش و تۆپخانه‌ و هێزى ئاسمانى، تا جارێكى تر هێرش بكه‌نه‌وه‌ سه‌ر چياكه،‌ بۆ ئه‌مه‌ش جارێكى دى هێرشێكى گه‌وره‌تر و توكمه‌تريان ده‌ست پێكرده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و جاره‌ توانيان له‌  ٣٠ی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ ده‌ستى به‌سه‌ردا بگرن. به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه‌ جارێكی تر خۆى بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ و هێرشی پێچه‌وانه ئاماده‌ كرد به‌ سه‌ركردايه‌تى و سه‌رپه‌رشتىكردنى مەسعود بارزانى پلانيان داڕشت بۆ هێرشى به‌رامبه‌ر، له‌ ئه‌نجامى ئه‌و هێرشه‌دا هێزى پێشمه‌رگه‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى به‌ده‌ست هێنا و زيانێكى زۆريان به‌ سوپاى عێراق گه‌ياند، كه‌ بريتى بوو له‌ تێكشكاندنى ٥ تانك و كوژرانى ٥٠٠ سه‌رباز كه‌ لاشه‌يان له‌ گۆڕه‌پانى شه‌ڕه‌كه‌دا به‌جێ مابوون.

هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی سه‌ری چیای زۆزك پێكهاتووه‌ له‌ دوو به‌رزایی كه‌ یه‌كێكیان پێی ده‌ڵێن كوپی ستێره‌ ئه‌وه‌ی دیكه‌یان كوپی بیره‌ كه‌ نزیكه‌ی ١ تا ٢كم له‌ یه‌كتره‌وه‌ دوورن، بۆ ماوه‌یه‌ك هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ كوپی ستێره‌ بوو سوپای عێراقیش له‌ كوپی بیره، له‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كتر گرتبوو، له‌ یه‌كێك له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ڕۆژ بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رزاییه‌ی كو‌پی بیره‌ كه‌ نێوانیان خاكێكی ته‌ختایی و بێ دره‌خت و به‌رده‌لانه‌ پێشمه‌رگه‌ نه‌یتوانی له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێته‌وه‌ و له‌ سوپای عێراقی بسه‌نێته‌وه‌ چونكه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت كه‌ ١٧ شه‌هید و ژماره‌یه‌ك برینداربوو.  ‌ ‌      

ستراتيژيه‌تى گرتنی چیای زۆزک بۆ سوپاى عێراق به‌ جۆرێك بوو دواى ئه‌و هه‌موو شكست‌ و زيانه‌ی كه‌ لێی كه‌وتبوو هێشتا ئاماده‌ نه‌بوون ده‌ستی لێ هه‌ڵگرن‌، ئه‌مه‌ بوو له‌ ٣ی تشرینی یه‌كه‌می١٩٧٤ جارێكى دی هێرشيان هێنايه‌وه‌ سه‌ر چياكه‌ و توانيان به‌ ته‌واوى ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، له‌ ئه‌نجامى ناهاوتايی له‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى و هێز، پێشمه‌رگه‌ بڕيارى پاشه‌كشه‌ى دا و هێڵێكى ديكه‌ى به‌رگرى دانا له‌ گه‌رووى بێشه‌ و چياى حه‌سه‌ن به‌گ و سه‌ری به‌ردی بۆ ئه‌وه‌یى ڕێگه‌ به‌ سوپاى دوژمن نه‌ده‌ن له‌وه‌ زياتر بینه‌ پێشه‌وه‌ و نزيك بنه‌وه‌ له‌ سه‌ركردايه‌تى شۆڕش.

هه‌رچه‌نده‌ وڵاتى ئێران به‌ كه‌تيبه‌يه‌كى تۆپخانه‌ى ئه‌ندازه ١٣٠ملم و دوو پاتری موشه‌كی (ڕاپێری)ی دژه‌ باڵه‌فڕ پاڵپشتی شۆڕشی ده‌كرد كه‌ له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می  ١٩٧٤ گه‌یشته‌ به‌ره‌كانی جه‌نگ، به‌ڵام هیچ كاریگه‌ری ئه‌رێنی و دڵخۆشكه‌ری له‌سه‌ر به‌ره‌كانی شه‌ڕ دروست نه‌كرد و ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان نه‌بینی كه‌ وه‌ستانی پێشڕه‌ویه‌كانی سوپای عێراق و باڵانسی هێز بگۆڕێ به‌ڵكو‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه جۆرێك له‌ سستی و خه‌مساردی و پشتلێكردنه‌وه‌ی له‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه ‌لێ كه‌وته‌وه‌، هه‌موو هیوایه‌كیان خسته‌ سه‌ر ئه‌م تۆپخانه‌یه‌ كه‌ له‌مه‌ودوا تۆپبارانه‌كانی ئه‌م كه‌تیبه‌ی ئێرانی ده‌بنه‌ به‌ربه‌ستێكی به‌هێز له‌به‌رده‌م هێرشكاری و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ و داگیركردنی خاكی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وا ده‌رنه‌چوو، چونكه‌‌ تۆپبارانه‌كانیان‌ زۆر ورد نه‌بوون ئامانجه‌كانیان نه‌دەپێكا به‌ڵكو هیچ كاریگه‌ری وایان نه‌بوو كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌ و پێویستبووندا سوودێكی ئه‌وتۆیان هه‌بێ كه‌ لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرا.‌     

دیاره‌ هاتنى وه‌رزى زستان بۆ سوپاى عێراق كه‌شێكى له‌بار نه‌بوو كه‌ بتوانێ زياتر پێشڕه‌وی بكات و ڕووبه‌ڕووى هێزى پێشمه‌رگه‌ ببێته‌وه‌، هێزى پێشمه‌رگه‌ش هه‌ميشه‌ به‌دواى ده‌رفه‌ت و هه‌لى گونجاودا ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ى گورزى گه‌وره‌ی لێ‌ بوه‌شێنێ، ئه‌مه‌ بوو له‌ كانوونی یه‌كه‌می١٩٧٤ چه‌ند هێرشێكى كرده‌ سه‌ر سوپاى عێراق و له‌ كانوونی دووه‌می١٩٧٥ په‌لاماری ڕه‌بایه‌كانیدا توانى نيوه‌ى چیای زۆزک له‌ ده‌ستى ده‌ربهێنێ و بیگرێته‌وه.


سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر