بە ئامانجگرتنى کارمەندێکى فەرمانگەى ئەمنى سیدەکان

بە ئامانجگرتنی کارمەندێکى فەرمانگەى ئەمنى شارۆچکەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو، کاتێ کە هەواڵ بە هێزى پێشمەرگە گەیشت کە یەکێک لە کارمەندانى فەرمانگەى ناو براو ڕۆژانە هەڵدەستێ بە نواندنى ڕەفتارى ناشرین و هەراسانکردنى دانیشتوانى شارۆچکە، هەستان بە پێکهێنانى مەفرەزەیەک و بە نهێنى خۆیان گەیاندە ناو شارۆچکە، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان کارمەندەکەى دائیرەى ئەمن دەستگیر بکەن و بیگەیەننە سەرکردایەتى شۆڕش.


      چالاکیە پارتیزانیەکانى پێشمەرگە تەنها لە چەند شێوازێکى وەک لێدانى ڕەبایە و  بۆسە دانانەوە و ئاکارى لەم چەشنە قەتیس نەبوون بەڵکو هەر شێوازێکى کە پێشمەرگە بۆى لوابا لە دابەزینە ناوشارو بڵاوکردنەوەى پۆستەرو فراوانکردنى ڕێکخستن و لێدان و لەناوبردن و بە ئامانجگرتنی کەسانى ناپاک و بەکرێگیراو و کارمەندانى دەزگا ئەمنیەکان کە بەردەوام دانیشتوانى شار و لادێکانى کوردستانیان هەراسان دەکرد بە کردارى ناڕەوا و ئازاردانى دانیشتووى شوێنەکە .... هتد دەستیان لێ نەدەپاراستن.

        ئەوەى دەمانەوێ لەم چەند دێڕی نووسینەدا لەسەرى بدوێین بە ئامانجگرتن کارمەندێکى فەرمانگەى ئەمنى ناو شارۆچکەى سیدەکانى دەڤەرى برادۆستە لەسەر دەستى پۆلێک پێشمەرگەى ئازا و گیان فیدا، کە یەکێک لە پێشمەرگەکانى بەشداربووى چالاکیەکە بە ناوى عبدولڕەحمان حاجى  بۆى گێڕاینەوە: لە پایزى ١٩٧٨ لە ڕێکخستنە نهێنەکانى ناو شارۆچکە هەواڵ بە هێزى پێشمەرگە گەیشت، کە یەکێک لە کارمەندانى فەرمانگەى ئەمنی سیدەکان ماوەیەکە بێ گوێدانە بنەما و بەها ئایینى و کۆمەڵایەتیەکان، دەچێتە سەر کانى ژنان و چاودێریان دەکات و خۆیان لێ نزیک دەکاتەوە، ئینجا بۆ مەرامى بەدڕەوشتى بێ یان هەواڵگرى و هەرشتێکى تر، ئەوەش بەهیج جۆرێک لەگەڵ داب و نەریت و بنەماى ئایینى و بەها کۆمەڵایەتیەکان یەکناگرێتەوە، بۆیە دەنگى ناڕەزایی دانشتوانى لێ بەرز بۆوە چونکە ئەو جۆرە کانیانە تایبەت بوون بە ئافرەتان  بۆ هێنانى ئاو و جێ بەجێکردنى پێداویستیەکانى ماڵ و نوێژکردن و... هتد، بۆ هیچ پیاوێک نەبوو کەوا لەو جۆرە کانیانە نزیک بێتەوە، بەڵام دام و دەزگاکانى ڕژێمى بەعس هیچ نرخی ئەو یاساو ڕێسا کۆمەڵایەتیانەیان نەدەزانى بەڵکو هەمیشە بەتەنگ چەسپاندنى سیاسەتى سەرکوتکاریەوە بوون.

      کاتێ کە هەواڵ بە هێزى پێشمەرگە گەیشت کە دیاردەیەکى لەو جۆرە بوونى هەیە، دەستبەجێ مەفرەزەیەکیان پێکهنا بە فەرماندەى سەرکردەى سەربازى حەمیدە ئەفەندى، توانیان لە ماوەیەکى کورت بە نهێنى خۆیان بگەیەننە ناو شارۆچکەى سیدەکان، بەر لە کاتى هاتنى کارمەندەکەى ئەمن لە نزیک کانیەکە خۆیان مەڵاس دا و چاوەڕوانى هاتنى بوون، پاش ماوەیەک سەیریان کرد وەکو ڕۆژانى پێشوو تارماییەکانى بەدیار کەوت هێدى هێدى خۆى دەخزاندە لێوارەکانى کانیەکە، بەڵام ئەو جارەیان جیاواز لە جارانى پێشوو بێ ئاگا بوو لەوەى کە چیتر ناتوانێ مەرامەکەى دەستبەر بکا و بە قاچەکانى بگەڕێتەوە مۆڵگەکەى، لە چاوتروکانێکدا سێ کەس پڵنگ ئاسا بۆ ڕاوکردنى دەرپەڕین و پەلاماریانداو دەست دەم و چاو و قاچیان بەست، بێ دواکەوتن بەرەو سەرکردایەتى شۆڕش زۆر بە وریایی لەشار دەرچوون و گەیانیانە شوێنى بەمەست.

       دواى ماوەیەک مانەوەى لە بارەگاى پێشمەرگەو ئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لەگەڵى بڕیارى کوشتى درا و لەناو برا، هەرچەندە حکومەتى بەعس هاتە سەر هێل بۆ ئازاد کردنى بەڵام سەرکردایەتى شۆڕش گوێی لێ نەگرتن و ڕادەستى نەکردەوە، حکومەتىیش لە تۆڵەى ئەو یەکێک لە کەسە نزیکەکانى فەرماندەى پێشمەرگە حەمیدە ئەفەندى گرت و شوێن بزری کرد.


سەرچاوە:

دیمانە لەگەڵ عەبدولڕەحمان حاجى، خەڵکى باڵەکایەتى، پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان، بەشداربووى چالاکی، سۆران. ٢ى شوباتى ٢٠٢٦.         


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەکانى باوەکراوەى پشتى ڕایات ١٩٨١

هێرشکردنە سەر دوو ڕەبایەى پشتى ڕایات چالاکیەکى پێشمەرگەیی پارتیزانى بوو دژى سوپاى عێراق لە دەڤەرى باڵەکایەتى، هێزێکى پێشمەرگەى هاوبەشى پارتی دیموکراتى کوردستان و حزبى سۆسیالیستى کوردستان، لە ڕۆژێکى بەهارى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر هەردوو ڕەبایەکە و زیانى گیانیان پێ گەیاندن لە کوشتیار و بریندار، بە بیانووى ئەوەى کە هەڵسوکەوت و مامەڵەیان توند بوو لەگەڵ خەڵکى ناوچەکەو هەراسانیان دەکردن.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەربەند ١٩٨٣

شەڕى دەربەند چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى سوپاى عێراق، کە لە شەوێکى بەهارى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر سەربازگەى دەربەندى نزیک شارۆچکە چۆمان لە دەڤەرى باڵەکایتى، بە ئامانجى پیشاندانى هێز و بازووى شۆڕش و درێژەدان بە چالاکى پارتیزانى، دواى شەڕێکى نیو کاتژمێری و دروستکردنى پشێوى و ئاڵۆزى لە ناو سەربازگە دەستیان لە شەڕەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕی هەریر ١٩٨٢

شەڕى هەریر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەگەى لیژنە ناوچەى باڵەکى سەربە لقى دووی پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، کە لە شەوێکى هاوینى ساڵى ١٩٨٢ لە دۆڵی بالیسانەوە دابەزینە ناو شارۆچکەى هەریر و هێرشیان کردە سەر بنکەى ڕێکخستنی حزبى بەعس، دواى شەڕێکى زیاتر لە نیو کاتژمێر توانیان زیانى گیانى و ماددى بە ئەندام و پاسەوانانى ڕێکخراوکە بگەیەنن، پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت و گەڕانەوە بنکە و بارەگاکانیان لە دۆڵی بالیسان.

زانیاری زیاتر

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر