شەهید یونس عەبدولعەزیز لە ساڵی ١٩٥٦ لە گوندی قورشاخڵۆی سەر بە ناحیەی کوشتەپەی پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. گوندنشین بووە و بە کاری ئاژەڵدارییەوە خەریک بووە. ئاستی خوێندەوارییەکەی سەرەتایی بووە. یونس عەبدولعەزیز خێزاندار بووە، ناوی خێزانەکەی بەهێیە سابیر بووە و خاوەنی چوار کوڕ و سێ کچ بووە.
لە ساڵی ١٩٨٤ پەیوەندی بە لق و خانە نهێنییەکانی ڕێکخراوی شەهید خەدیر سیوارەوە کردووە کە سەر بە ڕێکخراوی قەرەچووخی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٥ و لە شۆڕشی گوڵان لە ڕێکخراوی قەرەچووخی سەر بە لێژنەی ناوچەی مەخمور، لەقی دووەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، بووە پێشمەرگە. بەشداری شەڕی کوشتەپە، شەڕی مەخمور و مەفرەزە پارتیزانییەکان کردووە.
لە ٢٦ی تەممووزی ساڵی ١٩٨٦ لە ناوچەی زۆرگە زیراوی سەر بە پارێزگای هەولێر، یونس عەبدولعەزیز و دەستەیەک هاوڕێکانی کەوتوونەتە بەر هێرشی بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس و یونس عەبدولعەزیز شەهید بووە؛ لە هەمان کاتدا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی بە ناوەکانی ئەمیر عەبدولەوەهاب، عەبدولەمیر باقرتەیی و عەبدولەوەهاب باقرتەیی شەهید بوون.
سەرچاوە:
١. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


