هۆکارەکانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە

دوای ئەوەی دۆخی عێراق گۆڕا، پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتیی کورد و عەبدولکەریم قاسم سەرۆک کۆماری عێراق تێکچوون، لە 11ی ئەیلوولی 1961دا بڕیار درا کە دژی زۆرداریی دەوڵەت شۆڕشی ئەیلوول دەست پێ بکات. بە دەستپێکردنی شۆڕش جارێکی دیکە کاری حزبی و ڕێکخراوەیی ڕەنگێکی نهێنی وەرگرت و چالاکییەکان بە شێوەیەکی نهێنی بەردەوام بوون، حکوومەتی عێراق دەستی بە ڕاوەدوونان و گرتنی ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان کرد و ئەم گرتنانە ئەندامانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان-یشی بەرفراوان گرتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە زانکۆکانی بەغدا و باشووری عێراق دەیانخوێند. لەم قۆناغەدا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان، لە سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکەوە تا خوارەوە، تێکەڵی شۆڕش بوون و ڕوویان کردە چیاکانی کوردستان(1).

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە:

لە ئەنجامی گرتن و شەهیدبوونی هەندێک لە سەرکردە و ئەندامانیان، لە ئاداری 1962دا، بۆ ئەوەی خۆیان ڕێک بخەنەوە و ئەو دۆخەی بەسەر ڕێکخراوەکەدا سەپێنراوە هەڵبسەنگێنن، یەکەتی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا کۆنفڕانسێکی نهێنیی بەست و چەند بڕیارێکیان دەرکرد.* بەشێک لە بڕیارەکانی ئەم کۆنفڕانسە بریتی بوو لە پشتیوانیکردنی شۆڕشی ئەیلوول و سەرنجخستنە سەر کێشە پیشەیی و زانستییەکانی قوتابیانی کورد. لەم کۆنفڕانسەدا حەیدەر حەمزە لە نێو ڕیزەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان وەک سکرتێر تێکۆشانی خۆی درێژە پێ دا و نوێنەرانی کۆنفڕانس سکرتاریەتی نوێیان بەم شێوەیە هەڵبژارد:

1- سەرور کاکە حەمە

2- مەئمون دەباغ

3- ئەحمەد شەریف لەک

4- حەیدەر حەمزە

5- فوئاد مەلا مەحموود

6- عادل ناسر

7- تەیب جەبار بەرواری

8- هیکمەت خانەقینی(2).

گرنگترین بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە پشتیوانیکردنی شۆڕشی کورد و سەرکردەکەی و پێشکەشکردنی هەرچی لە دەستیان دەهات بۆ هێزی پێشمه‌رگه بوو. ڕێکخستنی قوتابییە نوێیەکان لە نێو ڕیزەکانی شۆڕشدا. گرنگیدان بە بەشداریکردنی قوتابیانی کورد لە ڕێکخراوە پیشەیی و ئەکادیمییەکاندا(3). 

سەرچاوە
  1. عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان، چاپی 1، (هەولێر-چاپخانەی ڕۆژهەڵات-2012)، ل 35.
  • * دەربارەی شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکە بۆچوونی جیاواز هەن، چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆنفڕانسەکە لە ناوچەیەکی کوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام شوێنەکە دیاری نەکراوە و پشتڕاست نەکراوەتەوە. ماجید حەسەن عەلی، بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (1926-1970)، تێزی ماستەر/زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر 2008، وەشانی سپیرێز، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم)، ل 146.
  1. ئەحمەد شەریف لەک، شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، چەند لاپەڕەیەکی مێژووی نەتەوەیەک، بەرگی 1، چاپی یەکەم، (هەولێر-چاپخانەی ڕۆژهەڵات-2016)، ل 105.
  2. ساسان عەونی، یەکەتی قوتابیانی کوردستان: چەند لایەنێکی تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 1998)، ل. ماجید حەسەن عەلی، سەرچاوەی پێشوو، ل 146.