بەپێی دابەشکردنی قۆناغەکانی کاری ڕێکخراوەیی کە بۆ (یەکەتی قوتابیانی کوردستان) کراوە، ساڵی 1964یش وەک دەستپێکی قۆناغی نهێنیی ڕێکخراوەکە دەبینرێت کە لە ساڵی 1961 دەستی پێکرد، لەو ساڵەوە هەتا ساڵی 1970 ڕێکخراوەکە تووشی دۆخێکی دژوارتر بوو کە پێی دەگوترێت قۆناغی لێکجیابوونەوە، لەم قۆناغەدا دوو ڕێکخراو بە هەمان ناوی (یەکەتی قوتابیانی کوردستان) لە ناوەندەکانی خوێندندا هەوڵیان دەدا قوتابیان بۆ ناو ڕیزەکانی خۆیان ڕابکێشن، بۆ ئەم مەبەستە لە کێبڕکێیەکی نەرێنیدا بوون(1).
پێش ئەوەی باس لە هەر قۆناغێکی خەباتی یەکەتی قوتابیانی کوردستان بکرێت، پێویستە سەیری دۆخی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو قۆناغەدا بکرێت، بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکانی ناو ڕێکخراوەکەمان، بەتایبەتی کە یەکەتی قوتابیان یەکێک بوو لە ئەندام و پایە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانی پارتەکە و ڕووداوەکانی پارتەکە لە ناوخۆ و دەرەوە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێکخراوەکە هەبوو.
پاش ڕێککەوتنی 10ی شوباتی 1964 لە نێوان شۆڕش و حکوومەتدا، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان کە دەیویست سلێمانی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕش جیا بکاتەوە، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە، لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیا بوونەوە و لە ئەدەبیاتی مێژووی کوردیی هاوچەرخدا پێیان دەگوترا (جەلالی)(2).
هەوڵەکانی ئەم جیابوونەوەیە کە بۆ کۆتایی ساڵی 1963 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1964دا و پاش مانگی شوبات بە ئاشکرا بە ڕووی پارتەکەدا دەرکەوت. چوارەمین کۆنگرەی یەکەتی قوتابیانی کوردستان ڕەنگدانەوەی ئەم پارچەبوونی پارتەکە بوو، چونکە ئەم گرووپەی مەکتەبی سیاسی بێ بانگهێشتکردنی ئەندامانی بادینانی ڕێکخراوەکە هەوڵیان دا سکرتاریەتێک بۆ ڕێکخراوەکە لە خۆیان دروست بکەن، بۆیە زۆربەی ئەندامانی سکرتاریەتی یەکەتی قوتابیان لە دەڤەری سلێمانییەوە هەڵبژێردران(3).
ئەم سکرتاریەتە لە 8ی حوزەیرانی 1964دا بە ناونیشانی “هەڵوێستی ئێمە بەرامبەر مەلا مستەفا بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان” دژی سەرۆک مستەفا بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە(4).
لە 19ی ئابی 1964دا، کۆمیتەی ئامادەکاری یەکەتی قوتابیانی کوردستان لە سلێمانی وەڵامی ئەو ڕاگەیەندراوەیان دایەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ سەرۆک مستەفا بارزانی، شۆڕش و پارتی دیموکراتی کوردستان دووپات کردەوە(5).
بەڕێوەچوون و بڕیارەکانی کۆنفڕانسەکە
لەبەر ئەوەی گرووپی لێکجیابووی مەکتەبی سیاسی لە کەمینەی پارتەکە پێکهاتبوو، سەرکردایەتییەکەشی لە ناو یەکەتی قوتابیاندا بوو، کە بە تەواوی لایەنگری گرووپەکە بوو، توانای بەڕێوەبردنی کار و باری ڕێکخراوەکەیان نەبوو، بۆیە بڕیار درا لە زووترین کاتدا کۆنفڕانسی ڕێکخراوەکە بەڕێوە بچێت(6).
لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکانی ناوەندەکانی ڕێکخراوی یەکەتی قوتابیانی کوردستان لە جێبەجێکردنی تاکڕەوی ی سکرتاریەتی کۆنگرەی چوارەم و دوورخستنەوەی قوتابیانی دەڤەری بادینان لە کۆنگرەی چوارەمدا، بەتایبەتی کە سەرکردایەتی نوێنەرایەتیی بەشێکی پارێزگای سلێمانیی دەکرد، نەک نوێنەرایەتیی تەواوی کوردستان. لەبەر ئەم هۆکارە لە سەرەتای ئابی ساڵی 1964دا، شەش مانگ پاش کۆنگرەی چوارەم، نوێنەرانی قوتابیان کۆنفڕانسی دووەمی خۆیان بە ئاشکرا لە ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای سلێمانی لە گوندی کانی ماسی بەڕێوە برد. لە کۆنفڕانسەکەدا کۆمیتەیەکی نوێی سەرکردایەتی هەڵبژێردرا، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کۆنگرەی پێنجەم خۆش بکات.
سکرتاریەتی نوێ کە پێی دەگوترێت کۆمیتەی ئامادەکار، بەم شێوەیە هەڵبژێردرا:
1- بەکر حوسێن- ڕێکخراوی سلێمانی
2- جەلال حەمە عەلی- ڕێکخراوی سلێمانی
3- عەدنان حاجی مووسا – ڕێکخراوی بەغدا
4- هاوێز دزەیی. ڕێکخراوی بەغدا
5- عەبدولوەهاب تاڵەبانی، ڕێکخراوی کەرکووک
6- جەواد محەمەد شێروانی- ڕێکخراوی هەولێر
7- عەبدولکەریم فندی- ڕێکخراوی دهۆک(7).
بەو شێوەیە، هەموو ڕێکخراوەکان، بە پێچەوانەی سەرکردایەتیی کۆنگرەی چوارەم، لەم سەرکردایەتییەدا خاوەن نوێنەری خۆیان بوون.
سەرچاوە:
- ماجید حەسەن عەلی، بزووتنەوەی قوتابیانی کورد لە عێراق (1926-1970), تێزی ماستەر/زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر 2008, وەشانی سپیرێز، (هەولێر- چاپخانەی حاجی هاشم), ل. 46, 51.
- عیرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانی یەکەتی قوتابیانی کوردستان، چاپی 1, (هەولێر-چاپخانەی ڕۆژهەڵات-2012), ل 43; دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزیکنامەی ناوخۆیی), بەرگی 1, چاپی یەکەم, (هەولێر- چاپخانەی ڕۆژهەڵات- 2021), ل 178.
- عیرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل 43-44.
- شازین هێرش، ڕێکخراوە دیموکرات و پیشەییەکان لە چەند بەڵگەنامەیەکی مێژووییدا, 1958-1968, چاپی 2., (سلێمانی، چاپخانەی ڕاز, 2001), ل. 73,75.
- هەمان سەرچاوە، ل 81 – 82.
- ساسان عەونی، یەکەتی قوتابیانی کوردستان: چەند لایەنێکی تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 1998), ل 24.
- ماجید حەسەن عەلی، هەمان سەرچاوە، ل 150; عیرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل 44.


