ئەفسەر و سیاسەتمەدار ڕەشید حاجی بەدری عەبدوڵڵا میهێ، کە بە ناوی (ملازم ڕەشید سندی)یش ناسراوە، لە ساڵی 1954دا دەچێتە کۆلێژی سەربازی لە شاری بەغدا، لە ساڵی 1964دا ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستان بوو، لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمدا بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی)، لە ساڵی 1993دا لە کۆنگرەی یازدەهەمی پارتیدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی چاودێری و بەدواداچوون هەڵبژێردرا.

ژیاننامە

ڕەشید حاجی بەدری عەبدوڵڵا میهێ، لە ساڵی 1931 لە شاری دهۆک لەدایک بووە. باوکی سەرۆکێکی عەشیرەتی سندییە و برای سلێمان حاجی بەدرییە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق، سەرەتا بە خوێندنی ئایینی دەست پێ دەکات و پاشان لە شاری زاخۆ خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە و خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی لە شاری مووسڵ تەواو کردووە و لە ساڵی 1957 کۆلێژی سەربازی لە شاری بەغدا تەواو کردووە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت.

خەباتنامە

ڕەشید حاجی بەدری عەبدوڵڵا میهێ لە ساڵی 1955 لە ڕێگەی ئەفسەر یوسف جەمیل میرانەوە تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق دەبێت، لە ساڵی 1958، پاش گەڕانەوەی مستەفا بارزانی (1903-1979) لە یەکێتی سۆڤیەت، بە جلی ئەفسەری سەردانی مستەفا بارزانی لە هۆتێلی سامیر ئەمیس لە شاری بەغدا کرد.

لە ساڵی 1962دا بەهۆی کوردبوونییەوە لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراقەوە بۆ فەرماندەیی سەربازی لە کەربەلا دوورخرایەوە و لە ساڵی 1963دا لە سلێمانی لەلایەن هەواڵگری (ئیستخبارات)ی سوپای عێراقەوە دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی کەرکووک و پاشان بۆ بەغدا دەکرێت.

لە 3ی ئاداری 1963 بە پلەی ملازم لە سوپای عێراق جیابووەوە و تێکەڵی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بوو و وەک سەرلق لە لقی شەهید سدیق لە دەڤەری شوانی پارێزگای کەرکووک دەستنیشانکرا و لە هەمان ساڵدا بەرپرسی بەشی چوارەمی دەڤەری خانەقین-هەڵەبجە-پێنجوێن بوو، لە 20ی حوزەیرانی 1963، فەرماندەیی شەڕی شوان لە دژی هێزەکانی پیادەی سوپای عێراق و چەکدارە عەرەبەکانی حەویجە کرد و لەم شەڕەدا توانی سەرکەوتوو بێت، وەک فەرماندەیەکی سەربازی، بەشداری چەند شەڕێک بووە و پێشەنگایەتی کردووە.

لە ساڵی 1964، پاش کۆبوونەوەی بەرفراوانی ماوەت لەگەڵ زۆربەی ئەفسەرانی سوپای شۆڕشگێڕانی کوردستان بڕیاری پشتیوانی مستەفا بارزانی (1903-1979) دا و دژی گرووپی مەکتەبی سیاسی وەستایەوە، لە حوزەیرانی 1964 وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا و نوێنەری کۆنگرەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بوو.

لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەو بەرپرسی مەکتەبی سەربازی مەکتەبی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بوو، لە ساڵی 1970 لە کۆنگرەی هەشتەمدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.

لە 4ی کانوونی دووەمی 1975 بوو بە ئەندامی کۆمیتەی پلاندانانی سەربازی شۆڕشی ئەیلوول و لە ساڵی 1975 پاش ڕووخانی شۆڕشی ئەیلوول کۆچی بۆ ئێران کرد، لە ساڵی 1977 بە سەرپەرشتی ئیدریس بارزانی (1944-1987) بەشداری کۆبوونەوەی بەرفراوانی کەرەجی کرد، بۆ یارمەتیدانی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرپەرشتی 150 هەزار پەنابەرانی باشووری کوردستان لە ئێران.

لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە باشووری کوردستان و لە 25ی تشرینی یەکەمی 1979 بە بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی عێراق، وەک ڕاوێژکاری کۆمیتەی کاروباری باکوور دامەزرا، پاش ڕاپەڕینی کوردستان وەک ئەندامی دەزگای سەربازی پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و لە ساڵی 1992 بە پلەی لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خانەنشین کرا، لە 22ی ئابی 1993، لە کۆنگرەی یازدەهەمدا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پشکنین و چاودێری پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1999 نوێنەری کۆنگرەی 12 و ساڵی 2010ی کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو.

سەرچاوە:
  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانس (بەرنامە و ڕێزنامەی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - 2021).
  3. عەلی شنگالی، پرسی کورد و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).
  4. فەیسەڵ ڕەسووڵ خۆشناو، ژیاننامەی ئەفسەرانی کورد، بەشی 2، (تاران - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2020).
  5. حەبیب محەمەد کەریم، کەرکووک و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، گۆڤاری گوڵانی عەرەبی، ناوەندی ڕۆشنبیری گوڵان، ژمارە 70، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 31.03.2002.
  6. ئەسعەد عەدۆ، بە بۆنەی ساڵیادی داستانی سەفین، ڕۆژنامەی برایەتی، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 1705، هەولێر، هەینی، 30.07.1993.
  7. حەمید گەوهەری، مستەفا بارزانی، پێشمەرگە و سەرۆک، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – 2017).
  8. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (وێستگە سەرەکییەکان) 1946-1993، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
  9. شێرزاد زەکەریا محەمەد، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستان - عێراق 1964-1970، لێکۆڵینەوەیەکی گشتی مێژوویی و سیاسی، (دهۆک - ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی و پاراستنی بەڵگەکان - زانکۆی دهۆک - چاپخانەی زانکۆی دهۆک - 2010).
  10. عەلی شنگالی، پرسی کورد و پارتی بەعسی عەرەبی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).
  11. محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە کورتە مێژووی پارتی و کەلتووری بارزانی نەمر، چاپی دووەم، (هەولێر - دەزگای ئاراس - 2007).
  12. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).
  13. هێزی پێشمەرگە .. چۆن لەژێر سێبەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا دامەزرا و پێشکەوت، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە 637، چوارشەممە 09.09.1992.