نۆعمان حەمە ئەحمەد ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی کانێسکان سەربە ناحیەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، ساڵی ١٩٧٨ کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی بووە، گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگەی زۆرەملێی شانێری.
ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی لیژنەی ناوخۆی دەربەندیخان کردووە، سەربە لقی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان، ساڵی ١٩٨٤ چەکی هەڵگرتووە و بووەتە پێشمەرگەی هێزی سورێن لە لیژنەی ناوخۆی دەربەندیخان لە لقی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەشداریی شەڕی گوندی ڕیشین، شەڕی قەرداغ، شەڕی ئەحمەد ئاوا، شەڕی مەڵە قونەرە، شەڕی چیای نۆی، و چاڵاکییەکانی شەڕی پارتیزانی لە دەشتی شارەزوور کردووە.
لە ساڵی ١٩٨٧ لەگەڵ هاوڕێی پێشمەرگەی، محەمەد حەمە نۆیی، بەهۆی کەوتنە ناو کەمینی هێزێک لە یەکێتیی نیشتیمانی لە دواوەی وەڵەسمەت لە چیای نۆی برینداری قورس بوون، هەروەها لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی لە چیای قەرداغ تووشی چەکی کیمیایی بووە.
لە ساڵی ١٩٨٨ و دوای گەڕانەوەی لە چاڵاکییەکی شەڕی پارتیزانی، لە نزیک سەیدسادق کاتێک کەوتە ناو کەمینێکی سەربازی کە ئینتلیجەنسیی عەرەبت داینا بوو، دەستگیر کرا. لەو کاتەوە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە بەردەست نییە، بۆیە نۆعمان حەمە ئەحمەد باوێس بە شەهیدێکی نەناسراوی گۆڕ دادەنرێت.
سەرچاوە:ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


