هێزی پێشمهرگه لە میحوەرى چیای سەفین پاشەکشەیان کرد بۆ دۆڵی بالیسان، بە مەبەستی دانانی پلانی بەرگرییەکی بەهێز بە شێوەی نیوە بازنەیی بۆ پەیوەندی نێوان هێزەکانی بیتواتە و بەرەی پشدەر، هێزی پێشمهرگه توانیان بەربەستێکی پتەو لە بەردەم پێشڕەویی سوپاى عێراق دابنێن لە قەڵادزێوە تا بیتواتە بۆ ئەوەی نەتوانن لە ناوچەی باڵەکایەتی نزیک ببنەوە کە بارەگاى سەرکردایەتی شۆڕش بوو.
هێزی پیادەی سوپاى عێراق لە مانگی ئابی ١٩٧٤ جوڵەی کرد بۆ کردنەوەی ڕێگای پێشڕەوییەکەی لە کۆیە بۆ چوارقوڕنە، کاتێک گەیشتە ناوچەکە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی دەشتی بیتوێن بوو، لەگەڵ بەرزاییەکانی هەردوو چیای ماکۆک و شێشار، ئەوەش بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ناوچەکە بە گشتی.
هەروەها ئامانجی سوپا دەرکردنی هێزی پێشمهرگه بوو لە ماکۆک و گەیشتن بە چیای کارۆخ بەرامبەر ناحیەی قەسرێ، هەروەها داگیرکردنی هەردوو چیای زۆزک و سکێز لە بەرەی ڕواندز و پێشڕەوی بەرەو لوتکەی حەسەن بەگ، لەوێشەوە دەورلێدان لە گەلالە، بەمەش دەتوانن لەوێوە سەرکردایەتی شۆڕش گەمارۆ بدەن. هەروەها ئامانجی سوپا کەمکردنەوەی فشار بوو لەسەر هێزەکانیان لە کاتی هێرشکردنە سەر چیای ماکۆک و دۆڵەڕەقە، و گواستنەوەی بەشێک لە هێزی پێشمهرگه بۆ بەرەی شەڕ لە ناوچەی بیتواتە.
هێزە گەورەکەی سوپاى عێراق لە دوو فیرقەی سەربازی و چەکدارانی بەکرێگیراو (جاش) پێکهاتبوو، بۆ جێبەجێکردنی پلانەکەیان هێرشیان کردە سەر چیای ماکۆک لە پشتی سەروچاوە و لوتکەی خانزاد، هێزی پێشمهرگه کە لەسەر سەنگەرەکان لە هێڵی بەرگریدا بوون پێکهاتبوون لە فەوجی دووی هێزەکانی دەشتی هەولێر بە فەرماندەیی سەعدی عەزیز، فەوجی یەکی هێزەکانی سەفین بە فەرماندەیی کەریم فەقی و سریەیەکی دیکەی سەر بە هێزەکانی دەشتی هەولێر بە فەرماندەیی حاجی عەلی. لەگەڵ سەرکەوتنی سەربازەکان بۆ بەرزاییەکانی ماکۆک، پێشمهرگه بەرپەرچیان دایەوە و ژمارەیەک لە سەربازانی سوپاى عێراق کوژران و بریندار بوون و ژمارەیەکی تریان لە مەیدانی شەڕ هەڵاتن، ڕۆژی دواتر سوپا جارێکی دیکە هێرشی کردەوە سەر بەرزاییەکانی ماکۆک، و ئەمجارەیان توانیان کۆنتڕۆڵی لای ڕاستی چیاکە بکەن.
سوپاى عێراق لە ٣٠ی ئاب جارێکی دیکە هێزەکانی کۆکردەوە و دەستی بە هێرش کرد بە پشتیوانی تانک و تۆپ و فڕۆکەی جەنگی، بە تۆپبارانێکی چڕ بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمهرگه دەستی پێکرد کە سوپا بۆ یەکەمجار کاتیوشای بەکارهێنا، دوای هێرشکردنە سەر چیای ماکۆک گەیشتنە سەروچاوە و گوندەکانی دەوروبەری، ژمارەی ئەو پێشمهرگانەی بەرپەرچی ئەم هێرشە گەورەیەی سوپایان دەدایەوە زۆر کەم بوو، سوپا لە ڕۆژی چواری ئەیلوول هێرشی کردە سەر بەرزاییەکانی لوتکەی ئەندێک و ئەنتۆز، سوپا هەموو تواناکانی خۆی لە چەکی قورس و فڕۆکە و بە هاوکاری بەکرێگیراوان (جاش) بەکارهێنا، تا توانی ئێوارەکەی کۆنتڕۆڵی بکات.
لەو کاتەدا بروسکەیەکی بەپەلە لە فەرماندەی سوپای (٢) گەیشتە فەرماندەکانی ناوچەکە، بۆ ئەوەی هێزێکی پێشمهرگه وەک پشتیوانی بنێردرێت بۆ بەرەکانی شەڕ، و دەست بە هێرش بکرێت بۆ گەیشتن بە بەرزاییەکانی چیاکە، هێزی پشتیوان پێکهاتبوو لە یەکێک لە فەوجەکانی هێزی سەفین بە فەرماندەیی عەریف عەلی مەولوودی، و فەوجی دووەم بە فەرماندەیی سەید کاکە کە سەر بە هێزەکانی دەشتی هەولێر بوو، ئەم هێزانەی پێشمهرگه شەوی ٦/٧ی ئەیلوولی ١٩٧٤ سەرکەوتن بۆ سەر چیای ماکۆک و سەنگەرە بەرگرییەکانیان جارێکی دیکە دانا، سوپاى عێراق بەردەوام بوو لە هێرشەکانی بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی و تۆپخانە، بەڵام هێزی پێشمهرگه ئەمجارەیان لە دۆخێکی بەرگری بەهێزدا بوون و بەرپەرچی هەموو هێرشەکانیان دایەوە و ڕێگەیان نەدا سوپا بگاتە چیای ماکۆک.
لە کاتژمێر یانزەی شەوی ٨ی ئەیلوولی ١٩٧٤، سوپاى عێراق جارێکی دیکە هێرشی کردە سەر چیای ماکۆک و تا بەرەبەیان بەردەوام بوو، ئەمجارە پێشمهرگه ڕێگەی نەدا سوپا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، سوپا تووشی شکستێکی گەورە بوو، پەنجا لە سەربازەکانیان کوژراو لە مەیدانی شەڕ بەجێما، هێزی پێشمهرگه بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام بوون لە بەرگریکردن لە ناوچەکە، ئەمەش ڕێگەی لە سوپاى عێراق گرت لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی فەرماندەکانی ناوچەکە و ئەزموونیان لە شەڕەکان و پتەوکردنی کۆنتڕۆڵکردنی شوێنەکان لە ڕێگەی چاندنی مین و تەلبەندکردنیان بەپێی توانای بەردەستیان. سوپاى عێراق لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا (١٥) هێرشی کردە سەر هێزی پێشمهرگه بە پشتیوانی هێزێکی گەورەی جاش و کۆماندۆ و هێزە تایبەتەکان، و زیانی گیانی و ماددی زۆریان لەو شەڕانەدا بەرکەوت.
سەرەڕای ئەوەی هێزی پێشمهرگه زیانی شەهید و برینداریان بەرکەوت، بەڵام دەستکەوتی گرنگیشیان بەدەستهێنا، بۆ نموونە لە هێرشێکدا (١٠) پارچە چەکیان دەستکەوت و لە هێرشێکی تردا (١٥٠) کڵاشینکۆف و (٣) هاوەن و (٤) ئامێری بێتەلی هەڵگر و دوو قەناسەی ڕووسی لە جۆری پێنج فیشەکی، تەنانەت فەوجێکی تەواو لە هێرشێکی تردا لەناوچوو.
لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوول، سوپاى عێراق لە کاتژمێر دوانزەی نیوەڕۆوە دەستی بە تۆپبارانکردنی سەنگەرەکانی پێشمهرگه کرد، پاشان فەوجێکی هێزە تایبەتەکان هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی فەوجی سەید کاکە، پێشمهرگه زانیارییان لەسەر ئەم هێرشە هەبوو، بۆیە خۆیان شاردەوە تا دوژمن لێیان نزیک ببنەوە و زیانی گەورە بە هێزی هێرشبەر بگەیەنن، کاتێک لە مەودای ١٠٠ مەتر نزیک بوونەوە، هێرشیان کردنێ و ئاگری چەکەکانیان ئاڕاستە کردن، هێرشەکەی سوپا شکستی هێنا، کە (١٥٠) کوژراو و (١٠٠) برینداریان لێکەوتەوە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی، فەوجە هێرشبەرەکەی عێراق بە تەواوی لەناوچوو، زیانی پێشمهرگه لەم شەڕەدا (٩) شەهید و (٢٧) بریندار بوو.
ئەو بەرگری و ئازایەتییەی هێزی پێشمهرگه دژی سوپایەکی بەهێز کە ژمارەیان چارەکە ملیۆنێک بوو و بە چەکی پێشکەوتوو پڕچەک کرابوون، پیلانەکانی حکوومەتی بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕشی ئەیلوول پووچەڵ کردەوە. چونکە لە سەرەتای هێرشەکانیان بەو ئامادەکارییەوە نیازیان وابوو لە کەمترین کاتدا بەپێی پلانە سەربازییەکانیان شۆڕش لەناو ببەن، مانگی ئەیلوولیان وەک کۆتا وادە بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕش دیاری کردبوو، پاشان وادەکەیان گۆڕی بۆ مانگی کانوونی یەکەم، و هەموو ئەو وادانە شکستیان هێنا و نەیانتوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخەکەدا بکەن، تا ڕێککەوتننامەی ٦ی ئازاری ١٩٧٥ کە توانیان شکست پێ بهێنن شۆڕشی ئەیلوول.
سەرچاوەکان:
-
مەسعوود بارزانی: بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
-
خورشید شێرە: خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپخانەى حاجى هاشم، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠١٥.
-
سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو: ڕووداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يهكهم، ههولێر، ٢٠٢٢.
-
سەید کاکە: بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر- ١٩٩٧.
کاروان جەوهەر محەمەد: ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


