مەحموود ئەحمەد ڕۆستەم لە ساڵی ١٩٦٥ لە گوندی کەنەسکانی سەر بە بناری چیای سوورێن لە ناحیەی خورماڵی پارێزگای هەڵەبجە لەدایک بووە. گوندنشین و جووتیار بووە. پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، گوندەکەی لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە وێران کراوە و بە زۆرەملێ لە کۆمەڵگەی باریکەی نزیک قەزای سەیدسادق نیشتەجێ کراون. هەروەها مەحموود ئەحمەد هاوسەرگیریی لەگەڵ حەپسە عەبدوڵڵا کردووە و کچێکی بە ناوی باخان هەبووە.
لە ساڵی ١٩٨١ بووەتە کادری لێژنەی ناوچەی پێنجوێنی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی). هەروەها بۆ ماوەی ساڵێک بووەتە پێشمەرگە لە بەشی سەربازیی لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی. پاشان لە ساڵی ١٩٨٥ بە فەرمانی بەرپرسی لقی چواری پارتی گواستراوەتەوە بۆ لێژنەی ناوچەی پێنجوێن. لەوێ کراوە بە بەرپرسی کەرتى پێنجەمی ناوچەکە و هەروەها کراوە بە بەرپرسی چالاکییەکانی ناو شار.
بەشداریی لە چەندین چالاکیدا کردووە، دیارترینیان هێرشکردنە سەر بنکەی پۆلیسی سەیدسادق، هێرشکردنە سەر سیستەمی کاراگۆل و کەمینی کاراگۆل بووە.
لە ساڵی ١٩٨٨ مەحموود ئەحمەد ڕۆستەم و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی لە بەردەم گوندی کاراگۆلی دەشتی شارەزوور کەمینیان بۆ کاروانێکی سەربازیی ڕژێمی بەعس داناوە. توانیویانە ژمارەیەک ئۆتۆمبێل بسووتێنن و کاروانە سەربازییەکە لەناو ببەن. مەحموود ئەحمەد ڕۆستەم چەکی ئاڕ پی جی پێ بووە و ڕۆڵێکی گەورەی لە سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکاندا هەبووە. پاش ئەم چالاکییە گرنگە، هێزە تایبەتەکان، ئەمنیی سلێمانی و ئەندامانی ئەمنی گشتیی بەغدا ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی چالاکییەکە. لە ئەنجامدا مەحموود ئەحمەد ڕۆستەم و چەند هاوڕێیەکی بە ناوەکانی فەهمی حەمە ڕەحیم، جەبار ئەحمەد ساڵح، محەمەد حەمە کەریم، خالید عەلی، وەلی مەحموود عوسمان لە سەیدسادق و گوندەکانی دەوروبەری دەستگیر کراون. پاش ساڵێک لە زیندانیکردن، بۆ دادگاییکردن گواستراونەتەوە بۆ ئەمنی گشتیی کەرکووک و پاشان بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری دادوەر ڕەوانەی زیندانی ئەبووغرێب کراون.
مەحموود ئەحمەد ڕۆستەم و هاوڕێیەکی زیندانی بە ناوی محەمەد حەمە کەریم لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ١٩٨٩ لە زیندانی ئەبووغرێب لەسێدارە دراون.
سەرچاوە:ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان








