مستەفا محەمەد عەبدولڕەحمان حسێن ئاغا، بە ناوەکانی (مستەفا قەرەداغی، مستەفای حەمە ئاغای عەبدولڕەحمان ئاغا، سالار، سالار مستەفا قەرەداغی، میچە و ئەبو چیفنە)، ناسراوە. نووسەر و سیاسەتمەدارە، لە ساڵی ١٩٦٢دا لەسەر داوای سەرۆک مستەفا بارزانی پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣دا لە شۆڕشی ئەیلوولدا جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی کەرتى یەک لە چەمی ڕێزان بووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا لە کۆنگرەی شەشەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەستنیشانکراوی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا بووە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش و یەکەمین سکرتێری ئەو ئەنجوومەنە. لە ناو ساڵی ١٩٦٦دا لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەموو پلەکانی لێ سەندراوەتەوە. لە کۆنگرەی حەوتەمدا لە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەرکراوە. لە ٨ی نیسانی ٢٠٠٤دا لە شاری واشنتۆن کۆچی دوایی کردووە.

ژیاننامە

مستەفا محەمەد عەبدولڕەحمان حسێن ئاغا، بە ناوەکانی مستەفا قەرەداغی، مستەفای حەمە ئاغای عەبدولڕەحمان ئاغا، سالار، سالار مستەفا قەرەداغی، میچە و ئەبو چیفنە ناسراوە. لە ساڵی ١٩٢١دا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە. بە ڕەچەڵەک لە ئاغاکانی شێوەکەڵی سلێمانییە کە دواتر ڕوویان کردووەتە شاری قەڵاچۆلان کە پایتەختی میرنشینی بابان بووە و دواتر لەلایەن میرانی بابانەوە دەسەڵاتداری دەڤەری قەرەداغیان پێ بەخشراوە و بە ناوی ئەوەوە ناسراون. باوکی و مامەکانی بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید (١٨٨٤ - ١٩٥٦)یان دژی سوپای شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کردووە. لە ساڵی ١٩٤٣دا قۆناغی ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٤٤دا بە فەرمانبەری گرێبەست لە فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٤٥دا لە بەشی مافی کۆلێژی مافی شاری به‌غدا وەرگیراوە بەڵام زوو وازی لێ هێناوە. لە ساڵی ١٩٤٦دا بە مەبەستی خوێندن ڕووی کردووەتە شاری بەیرووت کە پایتەختی لوبنانە. لە ساڵی ١٩٤٧دا بە مەبەستی خوێندن ڕووی کردووەتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

 

لە ساڵی ١٩٥١دا ماستەری لە بەشی ئابووریی زانکۆی برۆکلین لە سان فرانسیسکۆی (ویلایەتی کالیفۆرنیا) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٥٢دا ماستەری کۆمەڵناسی لە زانکۆی سان فرانسیسکۆی (ویلایەتی کالیفۆرنیا) لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەرگرتووە. لە ٥ی ئایاری ١٩٥٥دا بە فەرمانێکی پاشایەتی بە مامۆستای قۆناغی ئامادەیی دامەزراوە. لە ڕۆژانی ١٠ هەتا ١٦ی ئابی ١٩٥٦دا بەشداریی کۆنگرەی یەکەمی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا (K.S.S.E)ی لە شاری ڤیسبادنی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ کردووە. لە ساڵی ١٩٥٦ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بەجێ هێشتووە و گەڕاوەتەوە نیشتمان. لە ساڵی ١٩٥٦دا بە وانەبێژی ئامادەیی بازرگانیی به‌غدا دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٥٧دا مامۆستای زمانی ئینگلیزیی ئامادەیی سلێمانی بووە. لە ساڵی ١٩٥٨دا لەژێر ناوی سالار پەرتووکی (زمان چۆن پەیدا بووە؟) و شانۆگەریی ئاوات لەژێر ناوی سالار مستەفا قەرەداغی چاپ کردووە. لە ١٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٩ لە هەڵبژاردنی یانەی سەرکەوتنی شاری به‌غدا بە ئەندامی دەستەی گشتیی یانەکە هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی ١٩٥٩دا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆماری عێراق بە سکرتێری یەکەم و بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٥٩دا ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری نەورۆز بووە. لە ساڵی ١٩٦٠دا دوو بەرهەمی لە شاری به‌غدا بە ناونیشانی (چەند تیۆرییەکی زانستی و میرکچان) بە ناوی میچە چاپ کراون. لە ساڵی ١٩٦٠دا وەک سکرتێری دووەم لە باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە وڵاتی لاوس دەستبەکار بووە. لە ساڵی ١٩٦١دا کۆنسوڵی کۆماری عێراق لە شاری پراگ کە پایتەختی کۆماری چیکۆسلۆڤاکیا بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە لاوس بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا سکرتێری یەکەمی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراق لە نێجیریا بووە.

 

لە ٨ی نیسانی ٢٠٠٤دا لە شاری واشنتۆن کۆچی دوایی کردووە و دواتر تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان گواستراوەتەوە و لەسەر وەسیەتی خۆی لە ١٦ی نیسانی ٢٠٠٤ لە گردی گۆمەزی دەڤەری قەرەداغ لە پارێزگای سلێمانی بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە.

خەباتنامە

مستەفا قەرەداغی لە ساڵی ١٩٤٥دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد کردووە. لە ساڵی ١٩٤٦دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کورد کردووە. لە ساڵی ١٩٦٠دا نوێنەری کۆنگرەی پێنجەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٣دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و یەکەتی قوتابیانی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا لەسەر داوای سەرۆک مستەفا بارزانی پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا لە ڕێگەی ئێرانەوە دەزگەیەکی ڕادیۆی بۆ شۆڕشی ئەیلوول هێناوە. لە ساڵی ١٩٦٣دا لە شۆڕشی ئەیلوولدا جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی کەرتى یەک لە چەمی ڕێزان بووە. لەلایەن سوپای عێراقەوە بە (ئەبو چیفنە) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٦٣دا لەگەڵ (دەیڤید ئادەمسن)ی ڕۆژنامەوانی ڕۆژنامەی ساندی تێلێگرافی بەریتانی چاوپێکەوتنی کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣دا ئەندامی شاندی کورد بووە کە سەردانی جەمال عەبدولناسر (١٩١٨ - ١٩٧٠) سەرۆک کۆماری میسری کردووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا لە کۆنگرەی شەشەمدا بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و دەستنیشانکراوی سەرۆک مستەفا بارزانی بووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا بووە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە ساڵی ١٩٦٤دا یەکەمین سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق و هەمان ساڵ بووە ئەندامی لێژنەی دەستووریی سەر بە نووسینگەی جێبەجێکار (المکتب التنفیذي) و ساڵی ١٩٦٥دا سکرتێری نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی عێراق بووە.

 

لە ساڵی ١٩٦٥ لە باوەخۆشێنی سەر بە دەربەندیخان لە پارێزگای سلێمانی بە هەڵە و بە توندی لەلایەن پێشمه‌رگه‌کانی پارتی کۆمۆنیستی عێراقەوە بریندار کراوە. لە ناو ساڵی ١٩٦٦ لەلایەن کۆمیتەی ناوەندییەوە هەموو پلەکانی لێ سەندراوەتەوە و لە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەرکراوە و چارەنووسی کاری سیاسیی خۆی خستووەتە بەردەم کۆنگرەی حەوتەم. لە ساڵی ١٩٦٧ وەک سەرۆکی تێبینییەکان لە وەزارەتی بازرگانیی کۆماری عێراق دەستی بە کار کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠ بە پلەی (قائم باڵائەعماڵ) لە باڵیۆزخانەی عێراق لە جاکارتای ئەندەنووسیا بۆ خزمەت گەڕاوەتەوە. لە ١ی تشرینی دووەمی ١٩٧٢ بە پلەی وەزیری ڕاسپێردراو (وەزیر موفەوز) لە باڵیۆزخانەی عێراق لە جاکارتا دامەزراوە. لە ساڵی ١٩٧٢ وەک باڵیۆزی عێراق لە پاریس دانراوە بەڵام هەر زوو فەرمانەکەی هەڵوەشاوەتەوە. لە ساڵی ١٩٧٣ وەک پەنابەر لە کۆماری ڕۆمانیا نیشتەجێ بووە. لە ساڵانی (١٩٧٥ - ١٩٧٦) لەلایەن ده‌زگای هه‌واڵگریی حکوومەتی عێراقەوە هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە و توانیویەتی ڕزگاری بێت. لە ساڵی ١٩٧٨ ڕووی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. لە ساڵی ١٩٨٩ لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بووە.

 

بەرهەمەکانی:

١- زمان چۆن پەیدا بووە - ١٩٥٨.

٢ - ئاوات - ١٩٥٨.

٣ - میر کیچان - ١٩٦٠ (وەرگێڕان).

٤ - چەند تیۆرییەکی زانستی - ١٩٦٠.

٥ - کوردستان تایمز ١٩٩٠.

سەرچاوە:

١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.