ئەفسەر و ئابووریناس و سیاسەتمەدار محەمەد مووسا سادق، بە (محەمەد فەیلی) ناسراوە. لە ساڵی ١٩٥٠ لە یەکەمین کۆنفرانسی بەغدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنفرانسەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٥٣ لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە. لە هەمان ساڵدا لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراوە. لە ساڵی ١٩٥٣ بووە یەکەمین سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان. دوای کۆنفرانسی ماوەت لە پارتەکە جیابووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ لە بەغدا کۆچی دوایی کردووە.

 

ژیاننامە

محەمەد مووسا سادق لە ساڵی ١٩٢٧ لە بەغدا لەدایک بووە. لە بنەماڵەیەکی کوردانی فەیلی بازرگانە و خۆیشی بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵ بووە. لە ساڵی ١٩٥٣ بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی بازرگانی و ئابووری زانکۆی بەغدا وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٧ لە شاری بەغدا کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانی نەجەف بە خاک سپێردراوە. شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بووە.

خەباتنامە

محەمەد مووسا سادق لە ساڵی ١٩٤٧ لە ڕێگەی دکتۆر جەعفەر محەمەد کەریم (١٩١٠ - ٢٠٠٠) پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کورد کردووە. لە ساڵی ١٩٥٠ لە کۆنفرانسی یەکەم لە شاری بەغدا لەلایەن نوێنەرانی کۆنفرانسەوە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کورد هەڵبژێردراوە و دوای دکتۆر جەعفەر فەیلی بە دووەمین کوردی فەیلی لە سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کورد دەژمێردرێت.

 

نوێنەری کۆنگرەی دووەم ١٩٥١، سێیەم ١٩٥٣، چوارەم ١٩٥٩ و پێنجەم ١٩٦٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٥٣ لە دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بووە و بووە یەکەمین سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و هەمان ساڵ لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان بە ئەندامی دەستەی کارگێڕی هەڵبژێردراوە.

 

لە ساڵی ١٩٥٩ بەشداری کۆنفرانسی دووەمی بەغدای پارتی دیموکراتی یەکگرتووی کوردستان لە شاری بەغدا کردووە و دژی باڵی حەمزە عەبدوڵڵا دەنگی داوە بە جیابوونەوەیان هەتا کۆنگرەی چوارەمی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٤ لە جیابوونەوەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی لە چالاکییە حیزبییەکان هەڵگرتووە.

سەرچاوە:

١- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

٢- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفرانسەکان (بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆ)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - ٢٠٢١).

٣- مەهدی محەمەد قادر، پێشهاتە سیاسییەکانی کوردستانی عێراق ١٩٤٥ - ١٩٥٨، (سلێمانی - ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی ستراتیژی کوردستان ٢٠٠٥).

٤- حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان (لە وێستگە سەرەکییەکان) ١٩٤٦ - ١٩٩٣، (دهۆک - چاپخانەی خەبات ١٩٩٨).

٥- نەوزاد فوئاد ڕەشید، چەپکە گوڵێک لە مێژووی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، (هەولێر - چاپخانەی وڵات ٢٠١٤).

٦- مام جەلال، بۆ ساڵیادی ٤٦ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ڕۆژنامەی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ژمارە ٣٠٦، ساڵی حەوتەم، سلێمانی، هەینی ١٩ی شوباتی ١٩٩٩.