شەهید حەمە ساڵح عەبدولکەریم محەمەد، لە ساڵی 1947 لە گوندی گرێزەی سەر بە قەزای سەید سادق لەدایک بووە. گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە. دوای شکستى شۆڕشی ئەیلوول کۆچی بۆ وڵاتی ئێران کردووە و لە نیشینگەی دەربەندی دزڵی نیشتەجێ بووە. دوای گەڕانەوەیان بۆ کوردستان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە زۆر بۆ خوارووی عێراق گواستراونەتەوە و لە شاری دیوانییە نیشتەجێ کراون. حەمە ساڵح عەبدولکەریم خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی خورشیدە سەعید بووە و خاوەنی سێ کوڕ و کچێک بە ناوەکانی قادر و سەردار و سەلاح و سروە بووە.

 

لە ساڵی 1969 لە لقی 3ی بەتالیۆنی 9ی شەهید دلشاد بووە پێشمه‌رگه کە سەر بە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، کە لەو کاتەدا شێخ محەمەد باساكی سەرلق بووە و فەتاح ئاغا فەرماندەی بەتالیۆن بووە. لە ساڵی 1974 لە چیای حەسەن بەگی ناوچەی سۆران فیشەکێک بەر قاچی ڕاستی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.  

 

لە ساڵی 1979 لە لای عەبدوڵڵا ئاغا دووبارە بووە پێشمه‌رگه کە سەر بە هێزی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە.

 

لە 4ی ئەیلوولی 1981دا پاش ئەنجامدانی چالاکییەک لە دەشتی شارەزوور، ویستوویانە بچنە گوندی گرێزە بۆ پشوویەکی کورت و بردنی هەندێک پێداویستی تایبەت بۆ شاخ، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە گوندی گرێزە کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە و لە ئەنجامدا حەمە ساڵح عەبدولکەریم و محەمەد عەبدولکەریم (حەمە گرێزەیی)ی برای شەهید بوون.


 

سەرچاوە:

1. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان