شەهید محەمەد سادق لە ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی سێکانێی سەر بە ناحیەی تەق تەقی پارێزگای ھەولێر لەدایک بووە. گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری ئاژەڵداری بووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. محەمەد سادق خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی خونچە سەعیدە. خاوەنی سێ کوڕ و سێ کچی بە ناوەکانی قادر، شوکر، سابیر و گوڵەخە، کێژێ و کابان بوون. 

 

لە ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە و بووە پێشمه‌رگه. لە لقی نەسرەدین مستەفای سەر بە ھێزی دەشتی ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. پاش ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ محەمەد سادق ھەر وەک پێشمه‌رگه‌ی بارەگای ھێزی دەشتی ھەولێر دەمێنێتەوە. 

 

لە مانگی ئابی ١٩٧٤ محەمەد سادق و چەند ھاوسەنگەرێکی کەوتوونەتە بەر ھێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی ئەو کاتەی عێراق و لە نزیک گوندی ناودەشتانی دەڤەری چۆمان، محەمەد و ھاوسەنگەرێکی کە بە ناوی گەینەچەیی ناسراوە شەهید بوون. پاشان لەلایەن گوندنشینانی ئەو دەڤەرەوە بە خاک سپێردراون.

سەرچاوە:

١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان