شەهید محەمەد حەمە کەریم حەمە سادق یوسف بە ناوی حەمەی سۆفی کەریم ناسراوە و لە ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی کانی سێفی کەناری چیای سورێن سەر بە ناحیەی خورماڵ لەدایک بووە. گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ بووە. تا قۆناغی سەرەتایی خوێندووە و پاش شکستھێنانی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە شاری مەریوان نیشتەجێ بووە. خێزاندار بووە و ناوی خێزانەکەی عەینە حەمە سەعید بووە و خاوەنی چوار کوڕ و سێ کچ بووە بە ناوەکانی کازم و مەسعوود و یادگار و ئەسەد و ڕەحمە و ڕێزان و فاتیمە.
لە ساڵی ١٩٨٦ لە ھێزی سورێنی سەر بە لێژنەی ناوچەی دەربەندیخانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بووە پێشمهرگه. لە ساڵی ١٩٨٧ فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعس سەنگەرەکانی پێشمهرگهیان لە چیای سورێن بۆردومان کردووە و بەھۆی ئەو بۆردومانەوە حەمەی سۆفی کەریم لە سەنگەری بەرگریدا چەند پارچە ساچمەیەکی بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.
بەشداریی ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستانی کردووە و ھەر لە دەستپێکی ڕاپەڕیندا لە دەڤەری شارەزوور، لە ٧ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لە گرتنی سەربازگەی قاینجەی نزیک سەید سادق فیشەکێکی بەرکەوتووە و شەهید بووە.
سەرچاوە:١. ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان


