شەهید قادر حەمە موراد ئەحمەد، بە قادر جەباری ناسراوە، لە ساڵی ١٩٦٨ لە گوندی دەرگاشێخانی سەر بە ناحیەی بێارەی ناوچەی هەورامان لەدایک بوو. گوندنشین بوو و بە باخدارییەوە خەریکی بوو، لە بێارە تا ئاستی ناوەندی خوێندووە.
لە ساڵی ١٩٨٤ لە بەتالیۆنی شەهید سەردار حاجی حوسێن دەرەقەیسەری، سەر بە هێزەکانی هەورامانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بووە پێشمەرگە. لە چەندین شەڕدا بەشداری کردووە، وەک شەڕی ئەحمەداوا، شەڕی هانەی قوڵ و شەڕی قەرەداغ. لە ساڵی ١٩٨٧ لە شەڕی ئەحمەد ئاوا، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی قورس لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس لە سنگەری مەڵای قونەرە نزیک ئەحمەداوا، شەهید قادر حەمەد بە توندی بریندار بوو و سەردار حاجی حوسێن دەرەقەیسەری و شێخ سەلام شەهید بوون.
لە ساڵی ١٩٨٦ پلەی فەرماندەی بەش وەرگرت و دواتر بووە جێگری فەرماندەی بەتالیۆنی هێزەکانی هەورامان. لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێکانی چوون بۆ گوندی ئەحمەد ئاوا، بەڵام لە پشت سنگەری هانەی قولی ڕژێمی بەعس مینێکی دانراویان تەقاندەوە. لە ئەنجامدا قادر حەمە موراد شەهید بوو، هاوڕێ پێشمەرگەکانی تەرمەکەی بۆ خاکی ئێران گواستەوە و لە دەربەندی دزڵی بە خاکیان سپارد.








