عەلی ڕەئووف محەمەد لە ساڵی ١٩٧١ لە گوندی سەرگەتی ناحیەی بیارەی پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە. دانیشتووی هەڵەبجە بووە و تا خوێندنی سەرەتایی خوێندووە.
لە ساڵی ١٩٨٣ پەیوەندی بە ڕێکخستنی نهێنی شەهید زولفەقار مەحموودەوە کردووە. سەر بە لێژنە ناوچەی هەڵەبجەی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان بووە. هەروەها لە ساڵی ١٩٨٣ یەکێک بووە لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی هەڵەبجە. دواتر بەهۆی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکەدا بۆ ماوەی دوو مانگ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە زیندانی کراوە.
لە ساڵی ١٩٨٥ بووەتە پێشمەرگە لە هێزی شەهید زولفەقار. هەروەها لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، ئازادکردنی پێنجوێن، هەڵەبجە، عەربەت، دەربەندیخان، قەرەداغ، سلێمانی و کەرکووک کردووە. لە ئازادکردنی قەرەداغدا بە فیشەک بریندار بووە.
لە گردی پیرۆز لە سلێمانی، عەلی ڕەئووف محەمەد و حەوت لە هاوڕێکانی بەرگرییان کرد و ڕووبەڕووی دوو هێرشی سەربازی ڕژێمی بەعس بوونەوە. بەڵام لە ٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١، گردەکە لەلایەن تۆپخانەکانی بەعسەوە تۆپباران کرا، لە ئەنجامدا عەلی ڕەئووف محەمەد و سەرجەم حەوت هاوڕێکەی شەهید بوون.
سەرچاوە:ئەرشیفی ئینسایکلۆپیدیای پارتی








