ژیاننامە

عەلی عەبدوڵڵا عەلی بە نازناوی ئەلوکۆراش و عەلی هەژار، لە ساڵی ١٩٤٢ لە شاری هەولێر لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە هەمان شار تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٥٧ لە پەیمانگای مامۆستایانی سەرەتایی هەولێر وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٦٢ پەیمانگای مامۆستایانی هەولێری تەواو کردووە، لە ساڵی ١٩٦٢ ئەندامی کۆمیتەی دامەزرێنەری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٦٢ بووە نوێنەری یەکەمین کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە ساڵی ١٩٦٢ بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووە، لە ساڵی ١٩٦٢ سەرنووسەری ڕۆژنامەی دەنگی مامۆستا بووە، لە ساڵی ١٩٦٢ سەرنووسەری گۆڤاری ڕێژنە بووە.

لە ساڵی ١٩٧٥دا، پاش هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلوول، ڕوو دەکاتە ئێران، لە ساڵی ١٩٧٩ لە زانکۆی مستەنسیرییەی شاری به‌غدا بەکالۆریۆسی یاسای وەرگرتووە، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ لە زیندانی کەرکووک لەسێدارە درا و تەرمەکەی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی عێراقەوە لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپێردرابوو، بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی شارەزا بوو.

خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٥٧ تێکەڵی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەبێت، لە ساڵی ١٩٥٨ بە نوێنەرایەتیی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) کرد، لە ساڵی ١٩٦٢ تێکەڵی ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ دەبێت، لە ساڵی ١٩٦٣ بووە ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی هەولێری کۆمیتەی لقی دووی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی)، لە ساڵی ١٩٦٤، ئەو وەک نوێنەری کۆمیتەی لقی دوو بەشداریی کۆبوونەوەی ماوەتی کرد، بەڵام ئەو لەگەڵ بۆچوونەکانی باڵی مکتب سیاسی دژی مستەفا بارزانی نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٤ نوێنەری شەشەمین کۆنگرەی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، لە ساڵی ١٩٦٤ ئەندامی شاندی دانوستانکاری دوازدە کەسیی کۆنگرەی شەشەمی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو کە بە ڕەزامەندیی مستەفا بارزانی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی شەشەم چوونە لای باڵی مکتب سیاسی، بەڵام بەهۆی ڕژدیی باڵی مکتب سیاسی بۆ بەشدارینەکردن، شاندەکە لە ئەرکەکەی خۆیدا سەرکەوتوو نەبوو.

لە کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٥ ئەندامی کۆمیتەی کۆکردنەوەی باج بوو لە دەوڵەمەندانی هەولێر بۆ پێشمه‌رگه‌کانی شۆڕشی ئەیلوول لە سنووری هەولێر و لەم کارەدا سەرکەوتوو بوو، لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٥ وەک بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی هەولێر، هاوکاریی ئیسماعیل عەزیز مستەفا، کە بە شێخ عەزیز مەلا عەزیز ناسراوە، سەرۆکی کۆمیتەی لقی دووی کرد، بۆ سەرخستنی مانگرتنی بازاڕی شاری هەولێر بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر حکوومەتی عێراق کە خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حوزەیرانی ١٩٦٦ نەدزێتەوە و مانگرتنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.

لە ساڵی ١٩٦٥ بووە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی باڵەکایەتیی کۆمیتەی لقی دووی حزب دیموکراتی کوردستان، لە شوباتی ساڵی ١٩٦٦ بووە نوێنەری کۆنگرەی دووەمی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە نیوەی ساڵی ١٩٦٦ وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی هەفتەم ی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) دەستنیشان کرا، لە ساڵی ١٩٦٦ نوێنەری هەشتەمین کۆنگرەی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، لە ساڵی ١٩٦٧ بووە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی جووتیارانی دەشتی هەولێری کۆمیتەی لقی دوو، لە ساڵی ١٩٦٨ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سەفین ئۆرگانی لقی دووی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، لە ساڵی ١٩٦٨ بەشداریی شەڕی بێستانە و کانی بزڕێ لە پارێزگای هەولێر کردووە، لە ساڵی ١٩٧٠، لە ستافی دوازدە کەسی لە کاتی بەرپرسیارییەتیی فارس حەمەد باوە (١٩٣٣-١٩٩٥)، کە بە فارس باوە ناسراوە، وەک کارگێڕی کۆمیتەی لقی دوو دەستنیشان کرا، لە ساڵی ١٩٧٠ دەبێتە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی هەولێر، لە ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندیی حزب دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی هەشتەم) هەڵبژێردرا، لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٠، بۆ یەکەم جار بوو لە ستافی دوازدە کەسی لە کاتی بەرپرسیارییەتیی فارس باوە دا، وەک کارگێڕی کۆمیتەی لقی دوو و بەرپرسی دەزگای کرێکار و جووتیاران بوو، لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٣، بۆ دووەم جار لە ستافی کۆمیتەی لقی دوو وەک کارگێڕ لە کاتی بەرپرسیارییەتیی محەمەد قادر ئەحمەد (١٩٣٤-٢٠١٩) دا، کە بە محەمەد مەلا قادر ناسراوە، دەستنیشان کرا، لە ساڵی ١٩٧٣ بووە کارگێڕی کۆمیتەی لقی سێی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی)، لە ١ی شوباتی ١٩٧٤ نوێنەری کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بوو لە سلێمانی.

لە ساڵی ١٩٧٤، مامۆستای بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) و کۆنگرەکانی بوو لە خولی شەشەمی قوتابخانەی کادیرانی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە گوندی زێنێی شێخی پارێزگای هەولێر، لە ساڵی ١٩٧٤ بەرپرسی مکتب سیاسی ڕێکخستنی حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) بوو، لە ساڵی ١٩٨٣ بەهۆی پەیوەندیی لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستان لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ڕژێمی سەددام حوسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) کە بە سەددام تکریتی ناسراوە گیرا و پاش ئەوەی گیرا تووشی ئەشکەنجەی قورس بوو، لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣ لە زیندانی کەرکووک لەسێدارە درا و تەرمەکەی لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی عێراقەوە لە شوێنێکی نادیار بە خاک سپێردرابوو، ڕۆژی شەممە ٩ی نیسانی ١٩٩٤، کۆمیتەی لقی دووی هەولێری حزب دیموکراتی کوردستان (پارتی) ڕێوڕەسمێکی پرسەی بۆ ساز کرد.

سەرچاوە:
  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای حزب دیموکراتی کوردستان.

  2. شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣-١٩٧٠: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی لەسەر ڕەوشی سیاسی، (هەولێر، چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین، ٢٠١٦)، ل. ١٥٧، ١٧١، ١٨٦، ٢٠٢، ٢٥٦.

  3. ئیسماعیل تەنیا، حزبی سۆسیالیستی کوردستان ڕابوون.. کەوتن.. دابەشبوون، (هەولێر، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، ٢٠١٩)، ل. ٢٣-٢٤، ٢٧-٢٨، ٣٠، ٣٤، ٤١، ٤٥، ٧٧، ٧٩-٨٠، ٨٣-٨٦، ٣١٤ – ٣١٥.

  4. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی حزب دیموکراتی کوردستانی عێراق (وێستگە سەرەکییەکان) ١٩٤٦-١٩٩٣، (دهۆک، چاپخانەی خەبات، ١٩٩٨)، ل ٩١.

  5. خورشید شێرە، خەبات و خوێن بیرەوەرییەکانی ساڵانی تێکۆشانی پێشمه‌رگایه‌تی، (هەولێر، چاپخانەی حاجی هاشم، ٢٠١٥)، ل ٢٠٨.

  6. ئەحمەد شەریف لەک، شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بەرگی ٢، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٩)، ل ٢١٢.

  7. مێژووی خولی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چیاوە بۆ شار، (هەولێر - ناوەندی خوێندن و لێکۆڵینەوە و ئەکادیمیای پارتی - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2019)، ل 54.

  8. زۆزان ساڵح ئەلیوسفی، ڕامانەکان لە بیرەوەری من، (تورکیا - چاپخانەی کاڵکان - 2018 ز)، ل. 494-495، 576.

  9. سەعید ناکام، بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، (هەولێر، دەزگای ئاراس، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 2003)، ل 235.

  10. سەلام عەبدولکەریم، ژیانی سیاسی لە باشووری کوردستان 1975-1991، (سلێمانی، دەزگای چاپ و پەخشی چوارچرا، 2011)، ل. 43، 112.

  11. عەلی شنگالی، ڕاستیی کاروانی شۆڕشی 11ی ئەیلوولی 1961، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2013 ز)، ل 292.

  12. بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ژمارە 217، ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، وەزارەتی داد، ژمارە 2641، ساڵی بیستەم، شاری بەغدا، دووشەممە، 06.03.1978، ل 5.

  13. لقی دوو، لقی دوو لە نیو سەدەی تێکۆشاندا، (هەولێر - چاپخانەی ئاراس - 2010)، ل 40.

  14. محەمەد عەلی ئیسماعیل، بیرەوەرییەکانی من حەفتا ساڵە و زیاتر لە نیو سەدەی تێکۆشان، (بێ شوێن - 2019)، ل 84.

  15. محەمەد مەلا قادر، سەربردەی نەمران، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2014)، ل. 26-28، 203.

  16. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002)، ل 253.

  17. مەلا فاروق شوانی، هەموو کورد، بەرگی 1، (هەولێر، چاپخانەی ڕۆشنبیری، 1997)، ل 117.