عەلی عەبدوڵڵا عەلی، کە بە (عەلی کورەش و عەلی هەژار) ناسراوە، لە ساڵی ١٩٤٢دا لە شاری هەولێر لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی هەر لەو شارە خوێندووە. لە ساڵی ١٩٥٧دا لە پەیمانگەی مامۆستایانی سەرەتایی هەولێر وەرگیراوە. دەرچووی ساڵی ١٩٦٢ی پەیمانگەی مامۆستایانی هەولێرە. لە ساڵی ١٩٦٢دا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا نوێنەری کۆنگرەی یەکەمی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا سەرنووسەری ڕۆژنامەی "دەنگی مامۆستا" بووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا سەرنووسەری گۆڤاری "ڕێژنە" بووە.
لە ساڵی ١٩٧٥دا پاش تێکچوونی شۆڕشی ئەیلوول، ڕووی کردووەتە شانشینی ئێران. لە ساڵی ١٩٧٩دا بەکالۆریۆسی یاسای لە زانکۆی مستەنسیرییە لە شاری بهغدا وەرگرتووە. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣دا لە زیندانی کەرکووک لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی لە شوێنێکی نادیار لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی عێراقەوە بە خاک سپێردراوە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی زانیوە.
خەباتنامەلە ساڵی ١٩٥٧دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان کردووە. لە ساڵی ١٩٥٨دا بە نوێنەرایەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازی لە سەرۆک مستەفا بارزانی (١٩٠٣ - ١٩٧٩) کردووە. لە ساڵی ١٩٦٢دا پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمهرگه کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣دا بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوچەی هەولێری سەر بە کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦٤دا بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی لقی دوو بەشداری کۆبوونەوەی ماوەتی کردووە، بەڵام لەگەڵ بۆچوونەکانی باڵی مکتب سیاسی دژی سەرۆک مستەفا بارزانی نەبووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا نوێنەری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٤دا ئەندامی شاندی دوازدە کەسیی دانوستانکاری کۆنگرەی شەشەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە کە بە ڕەزامەندی سەرۆک مستەفا بارزانی بۆ لای مکتب سیاسی چوون بە ئامانجی بەشداریکردنیان لە کۆنگرەی شەشەمدا، بەڵام بەهۆی سووربوونی باڵی مکتب سیاسی لەسەر بەشدارینەکردن، شاندەکە لە ئەرکەکەی خۆیدا سەرکەوتوو نەبووە.
لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٦٥دا ئەندامی کۆمیتەی کۆکردنەوەی باج لە دەوڵەمەندانی شاری هەولێر بۆ هێزی پێشمهرگه ی شۆڕشی ئەیلوول لە سنووری هەولێر بووە و لەم کارەدا سەرکەوتوو بووە. لە ١٠ی شوباتی ١٩٦٥دا وەک بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی هەولێر هاوکاری ئیسماعیل عەزیز مستەفا، کە بە شێخ عەزیز مەلا عەزیز، بەرپرسی کۆمیتەی لقی دوو، ناسراوە، کردووە بۆ سەرکەوتنی مانگرتنی بازاڕی شاری هەولێر بە ئامانجی گوشارخستنە سەر حکوومەتی عێراق کە خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حوزەیرانی ١٩٦٦ دەدزییەوە و ئەم مانگرتنە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.
لە ساڵی ١٩٦٥دا بووەتە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی باڵەکایەتی سەر بە کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە مانگی شوباتی ١٩٦٦دا نوێنەری کۆنگرەی دووەمی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بووە. لە نیوەی ساڵی ١٩٦٦دا لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەی هەفتەم دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٦٦دا نوێنەری کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٧دا بووەتە بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی جووتیارانی دەشتی هەولێری سەر بە کۆمیتەی لقی دوو. لە ساڵی ١٩٦٨دا دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "سەفین" ئۆرگانی کۆمیتەی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٦٨دا بەشداری شەڕی بێستانە و کانی بزڕەی لە سنووری پارێزگای هەولێر کردووە. لە ساڵی ١٩٧٠دا لە سیتای دوازدەهەمدا، لە کاتی بەرپرسیارێتی فارس حەمەد باوە (١٩٣٣ - ١٩٩٥) کە بە فارس باوە ناسراوە، بووەتە کارگێڕی کۆمیتەی لقی دوو. لە ساڵی ١٩٧٠دا ئەندامی لقی هەولێری یەکێتی نووسەرانی کورد بووە. لە ساڵی ١٩٧٠دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنگرەی هەشتەم) هەڵبژێردراوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٠دا بۆ یەکەمجار لە خەباتکاری دوازدەهەمی کۆمیتەی لقی دوودا، لە کاتی بەرپرسیارێتی فارس حەمەد باوە، کارگێڕی کۆمیتەی لقی دوو و بەرپرسی بەشی کرێکاران و جووتیاران بووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٣دا بۆ جاری دووەم وەک کارگێڕ لە سیتای کۆمیتەی لقی دوودا، لە کاتی بەرپرسیارێتی محەمەد قادر ئەحمەد (١٩٣٤ - ٢٠١٩) کە بە محەمەدی مەلا قادر ناسراوە، دەستنیشان کراوە. لە ساڵی ١٩٧٣دا بووەتە کارگێڕی کۆمیتەی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ١ی شوباتی ١٩٧٤دا نوێنەری کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە شاری سلێمانی بووە.
لە ساڵی ١٩٧٤دا مامۆستای وانەی بەرنامە و ڕێزنامەی ناوخۆیی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆنگرەکانی لە خولی شەشەمی قوتابخانەی پێگەیاندنی کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گوندی زێنەوەی شێخی سەر بە پارێزگای هەولێر بووە. لە ساڵی ١٩٧٤دا بەرپرسی مکتب سیاسی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. لە ساڵی ١٩٨٣دا بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ حزبی سۆسیالیستی کوردستان لەلایەن دەزگای ئیستخباراتی ڕژێمی سەددام حوسێن (١٩٣٧ - ٢٠٠٦) کە بە سەددام تکریتی ناسراوە گیراوە و پاش گرتنەکە ئەشکەنجەیەکی زۆری دراوە. لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٨٣دا لە زیندانی کەرکووک لەسێدارە دراوە و تەرمەکەی لە شوێنێکی نادیار لەلایەن کاربەدەستانی حکوومەتی عێراقەوە بە خاک سپێردراوە. لە ڕۆژی شەممە ٩ی نیسانی ١٩٩٤دا کۆمیتەی لقی دووی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو بۆی پرسەیەکیان داناوە.
سەرچاوە :١ - ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
٢ - شوان محەمەد ئەمین تەها خۆشناو، هەولێر لە نێوان ساڵانی ١٩٦٣ – ١٩٧٠دا: لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییە لە ڕەوشی سیاسیدا، (هەولێر – چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین – ٢٠١٦)، ل. ١٥٧، ١٧١، ١٨٦، ٢٠٢، ٢٥٦.
٣ - ئیسماعیل تەنیا، پارتی سۆسیالیستی کوردستان: بەرزبوونەوە.. دابەزین.. پارچەبوون، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٩)، ل. ٢٣ - ٢٤، ٢٧ - ٢٨، ٣٠، ٣٤، ٤١، ٤٥، ٧٧، ٧٩ - ٨٠، ٨٣ - ٨٦، ٣١٤ - ٣١٥.
٤ - حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان – عێراق (لە قۆناغە سەرەکییەکاندا) ١٩٤٦ – ١٩٩٣، (دهۆک – چاپخانەی خەبات – ١٩٩٨)، ل ٩١.
٥ - خورشید شێرە، خەبات و خوێن: بیرەوەرییەکانی ساڵانی خەباتی پێشمهرگه، (هەولێر – چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٥)، ل ٢٠٨.
٦ - ئەحمەد شەریف لەک، شیکردنەوەی ڕووداوە مێژووییەکان، بەرگی دووەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٩)، ل ٢١٢.
٧ - مێژووی خولەکانی کادیرانی پارتی، لە چیاوە بۆ شار، (هەولێر – ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئەکادیمییەکانی پارتی – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – ٢٠١٩)، ل ٥٤.
٨ - زوزان ساڵح ئەلیوسفی، یادگارییەکانی بیرم، (تورکیا – چاپخانەی کالکان – ٢٠١٨)، ل ٤٩٤ - ٤٩٥، ٥٧٦.
٩ - سەعید ناکام، بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، (هەولێر – وەشانی ئاراس – چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٣)، ل ٢٣٥.
١٠ - سەلام عەبدولکەریم، ژیانی سیاسی لە باشووری کوردستان ١٩٧٥ – ١٩٩١، (سلێمانی – چاپ و وەشانی چوارچرا – ٢٠١١)، ل ٤٣، ١١٢.
١١ - عەلی سەنجاری، ڕاستیی ڕێڕەوی شۆڕشی ١١ی ئەیلوولی ١٩٦١، (دهۆک – چاپخانەی خانی – ٢٠١٣)، ل ٢٩٢.
١٢ - بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش ژمارە ٢١٧، ڕۆژنامەی وەقایعی عێراق، وەزارەتی داد، ژمارە ٢٦٤١، عام ٢٠، شاری بهغدا، دووشەممە، ٦ ئادار ١٩٧٨، ل ٥.
١٣ - لقی دوو، لقی دوو لە نیو سەدە تێکۆشاندا، (هەولێر – چاپخانەی ئاراس – ٢٠١٠)، ل ٤٠.
١٤ - محەمەد عەلی ئیسماعیل، بیرەوەرییەکانی من: حەفتا ساڵ تەمەن و زیاتر لە نیو سەدە خەبات، (بێ شوێن – ٢٠١٩)، ل ٨٤.
١٥ - محەمەد مەلا قادر، سەرپێهاتییەکانی نەمران، (هەولێر – چاپخانەی حاجی هاشم – ٢٠١٤)، ل ٢٦-٢٨، ٢٠٣.
١٦ - مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی، بەرگی سێیەم، (هەولێر – چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە – ٢٠٠٢)، ل ٢٥٣.
١٧ - مەلا فاروق شوانی، هەموو کورد، بەرگی یەکەم، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆشنبیری – ١٩٩٧)، ل ١١٧.


