شەهید عەزیم عەبدولکەریم محەمەد ناسراو بە (عەزیمی دەروێش)، پێشمەرگەی گوڵان و ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان بوو، لە ماوەی خەباتیدا لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا جارێک بریندار بووە، ساڵی ١٩٩١ دوای ئەوەی کەوتە بۆسەی هێزەکانی موجاهیدینی خەلق لە نزیک قەزای خانەقین شەهید بووە، ئەو لە شەهیدە بێ گۆڕەکانە.

شەهید عەزیم عەبدولکەریم محەمەد ناسراو بە (عەزیمی دەروێش) لە ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی زارین لە ناوچەی تاگۆزی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە لەدایکبووە، جوتیار بووە و کاری کشتوکاڵی کردووە، هاوسەرگیری لەگەڵ کەتان محەمەد عەلی کردووە و کوڕێکیان بە ناوی (کۆسار) هەبووە.

ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کردووە لە فەوجی تاگۆزییەکان، بە فەرماندەیی قادر حەمە ساڵح تاگۆزی، بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە لەوانە: شەڕی زۆزک، مەلحەمەی خواکورک، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی زەمناکۆ، شەڕی قەرەداغ، چالاکی سەربازی لە دەشتی شارەزوور، ساڵی ١٩٨١ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکێک بە قاچی ڕاستی لە کاتی ئەنجامدانی چالاکی سەربازی لە دەشتی شارەزوور بە سەختی بریندار بووە.

شەهید عەزیم عەبدولکەریم لە ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و لە ئازادکردنی شاری هەڵەبجە، سەید سادق، عەربەت، زارین، دەربەندیخان، سلێمانی، کەرکوک، کەلار، باوەنوور کردووە.

ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ پێشمەرگەکانی کەوتە بۆسەی هێزەکانی موجاهیدینی خەلق لە نزیک گوندی شێخ باوەی سەر بە قەزای خانەقین، هەموویان لەو ڕووداوەدا شەهید بوون، دەگوترێت ئەو لە شەهیدە بێ گۆڕەکانە.  

سەرچاوە: 

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان