عەزیز حەبیب لە ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی بێداروونی سەر بە ناحیەی گۆرەتۆ لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی گوندی پیرەسەڵ بووە، لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندنی کشتوکاڵی خۆی تەواو کردووە.
خەباتنامەعەزیز حەبیب لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت دەچێت و لە شەڕی گەلی قەتوور و شەڕی پردی ماکۆ بەشدار بووە و پاش ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ لە ڕووباری ئاراس لەسەر سنووری ئێران و سۆڤیەت دەپەڕێتەوە بۆ یەکێتی سۆڤیەت.
پاش گەیشتنیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧، ئەو و هەموو هاوڕێکانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان، چل ڕۆژ لە کەمپێکی داخراودا کە بە تێلی دڕکاو دەوردرابوو نیشتەجێ کران، لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانی دەکران و لە ڕووی خۆراک، جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. پاشان بە بڕیاری دەوڵەتی سۆڤیەت لە ئازەربایجان لە ناوچەکانی ئاغدام، لاچین، ئایولاخ و کەلبەجەر دابەش کران. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٧، ئەوان بۆ بنکەیەکی سەربازی لەسەر دەریای قەزوین لە باکۆ، پایتەختی کۆماری ئازەربایجان گواسترانەوە و لە ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدرا و لەژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە ٨ کاتژمێر ڕاهێنانی سەربازییان ئەنجام دەدا. لە هەمان کاتدا لەلایەن چەند هاوڕێیەکی خوێندەواریانەوە ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی فێربوونی زمانی کوردییان وەردەگرت.
پاش مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هاوڕێکانی، بڕیار درا کە لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ کەمپی سەربازی لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازنەوە بۆ کۆمەڵگەی چیرچووک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێ ڕاهێنانی سەربازیی خۆیان درێژە پێدا.
لە ئاداری ساڵی ١٩٤٩ ئەو و هاوڕێکانی بە گروپ گروپ بە شەمەندەفەر لە گوندەکانی یەکێتی سۆڤیەت بڵاوکرانەوە و لە کێڵگەکانی کۆلخۆز (زەوییەکان کە خەڵک لە دەوڵەتیان وەرگرتبوو و پاشان پشکی حکومەتیان دەدا) کاریان کرد.
پاش هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەک لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، لە کۆتاییدا نامەیەک گەیشتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسی ئازار و مەینەتییەکانی هاوڕێکانی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی هاوڕێکانی بارزانی دا و لە کۆتاییدا بڕیاری لیژنەکە ئەوە بوو کە هەموویان لە شاری ڤریڤیسکی کۆبکەنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
لە ساڵی ١٩٥٨ کۆماری عێراق بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزرا، ناوبراو لە ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ لەگەڵ هاوڕێکانی بە کەشتی گیرۆزیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕانەوە کوردستان.
لە ساڵی ١٩٦١ بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بووە و لە شەڕی گەلی زاوێتە (١٩٦١)، شەڕی چیای پیرس و داری نێرگزین (١٩٦٣) و شەڕی گەرووی کوژە (١٩٦٤) بەشدار بووە. لە هێزەکانی کاوە و هەڵگورد بەرپرسی دارایی و کارگێڕی بووە. لە تشرینی دووەمی ١٩٦٩ لە ناوچەی سەنگەسەر شەهید بووە و لە گۆڕستانی حاجی ئۆمەران بە خاک سپێردراوە.
سەرچاوە:- پارتی دیموکراتی کوردستان، مکتب سیاسی، ئەرشیفی مکتب سیاسی، شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦٨.
- سەفەر یوسف میرخان جاجۆکی، لە ٥٠ ساڵەی گەڕانەوەی هاوڕێکانی بارزانی نەمر لە سۆڤیەت بۆ کوردستان، ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارە ٣١٤٨، هەولێر، ١٦.٠٤.٢٠٠٩.
- شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - ٢٠١٣).
- کاروان محەمەد مەجید، بارزانی لە مەهابادەوە تا یەکێتی سۆڤیەت، چاپی ١، (سلێمانی - چاپخانەی پەیوەند - ٢٠١١).
- گۆڤاری هەتاو، ژمارە ١٥٤، عام ٦، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی ١٥.٠٤.١٩٥٩.
- لە یادەوەری فەرماندەی شەهید حەسۆ میرخان جاجۆکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، چوونی بارزانییەکان بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی ڕۆشنبیری - ١٩٩٧).
- لەیث عەبدولموهسین جەواد ئەلزوبەیدی، شۆڕشی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ لە عێراق، (شاری بهغدا - دەزگای وەشانی دار ئەلرەشید - ١٩٧٩ زایینی).
- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - ١٩٩٨).
- نەجەف قولی پسیان، لە مەهابادی خوێناوییەوە تا کەنارەکانی ئاراس، و. شەوکەت شێخ یەزدین، چاپی ١، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان - ١٩٩٦).
- یادەوەری بۆ شەهید عەزیز حەبیب پیرەسەڵی، گۆڤاری دەنگی پێشمهرگه، ئۆرگانی ڕێکخستنی پێشمهرگه، ژمارە ٩٤، پیرمام، چاپخانەی ڕۆشنبیری، کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦.
- ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


