ڕژێمی بەعس بە هەموو شێوەیەک هەوڵی مانەوەی لە دەسەڵات و لەناوبردنی ئەو بەربەست و مەترسییانەی دەدا کە ڕووبەڕووی ببوونەوە، هەموو پلانێکی کاریگەر و بەسوودی بەکارهێنا، دیارە ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون، شوێنی بنکە و بارەگاکانی پێشمەرگە بوون و هەمیشە مەترسییەکی گەورە بوون بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی بەعس، بۆیە پەنای بۆ بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان برد، لەناکاو دەکەوتنە بەر هەڕەشە و گوشاری هێزە سەربازییەکانی، هێرشی زەمینی و ئاسمانییان دەکردە سەر بە مەبەستی پاککردنەوە و وێرانکردنی گوندەکانی کوردستان.
لە ئابی ١٩٨٤، سوپای ڕژێم هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون لە زاخۆ لە دەڤەری بادینان، بە ئامانجی لێدانی بارەگای هەریەکە لە کۆمیتەی ناوچەی دهۆک و زاخۆ، بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی پێشمەرگە و کپکردنی دەنگی شۆڕش لە ناوچەکەدا، هەزاران سەرباز و بەکرێگیراو بە سەرکردایەتیی ئەرشەد زێباری و جەعفەر مستەفا بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد، بە پشتیوانی تانک و تۆپخانە و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و ڕاجیمە و هەلیکۆپتەر.
هێرشەکە لە بەیانی ڕۆژی ٢٤ /٨/١٩٨٤ لە سێ قۆڵەوە دەستی پێکرد:
یەکەم: قۆڵی بابۆخکی و گەڵنازکی
دووەم: قۆڵی زیوکای عەبۆ و ناڤشکی و ئۆسمانا
سێیەم: قۆڵی لێڤی لەسەر بارەگای کۆمیتەی ناوچەی زاخۆ لە گەلیی هارینا.
هێزەکانی پێشمەرگە بەپێی هێرشی هێزەکانی حکوومەت بەسەر قۆڵەکاندا دابەش کران، بەهۆی خۆڕاگریی هێزەکانی پێشمەرگەی ڕێکخستنی شەهید شەهیاز ساڵح و ڕێکخستنی هەڤاڵ سادق گەڵنازکی لە قۆڵی بابۆخکی و گەڵنازکی، ئەرکی قۆڵی زیوکای عەبۆ و ناڤشکی و ئۆسمانا بە هێزەکانی پێشمەرگەی ڕێکخستنی ڕەنجدەران و خالید کۆچەر و شەهید محەمەد حەمدی و کۆمەڵێک لە هێزەکانی بەرگریی جەماوەری سپێردرا، لەو سەردەمەدا هێزەکانی پێشمەرگە لەناو ڕێکخستنی حیزبیدا بە شێوەی لق و ناوچە ڕێکخرابوون، و فەتاح گوڵی بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی دهۆک بوو و سەرپەرشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی لەو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا دەکرد، هێزێکی هاوبەشی تریش لە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵێک لە حیزبی شیوعی بە سەرکردایەتیی محەمەد موراد وەک هێزی فریاکەوتن بۆ پشتیوانیی هێزەکانی پێشمەرگەی دیاریکراو بۆ ئەو بەرەیەی کە هێزەکانی حکوومەت لێوەی پێشڕەوییان کردبوو دروست کرا، ئەم هێزە لەسەر گوندی زیوکای عەبۆ لە نێوان هەردوو بەرەکەدا جێگیر بوون.
لە کاتەکانی بەیانی زوودا هێزەکانی حکوومەتی بەعس هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەکانەوە، هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە دیاریکراوەکەدا بەرپەرچیان دانەوە، شەڕی دەستەویەخەی توند ڕوویدا، لە سەرەتادا توانییان هێرشەکە تێکبشکێنن و گورزێکی بەهێزیان لێ بوەشێنن، بەڵام سێ پێشمەرگە لە بەرەی ناڤشکی شەهید بوون، هێزەکانی حکوومەت بەرەو گوندی ئۆسمانا پێشڕەوییان کرد. هێزەکانی پێشمەرگە سەنگەرەکانی بەرگریی خۆیان بەهێز کرد و هێزی فریاکەوتن بۆ پشتیوانییان گەیشتە گوندی ئۆسمانا و گەمارۆی هێزە هێرشبەرەکانیان توندتر کرد، خەڵکی گوندەکە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەیان کرد، وەڵامی هێرشی حکوومەتیان بە چەکی قورس و سووک دایەوە، لە هەر کوێیەک پێشڕەوییان کردبوو تێکیان شکاندن و بۆ پشت گوندی زیوکا پاشەکشەیان پێ کردن.
ئەمجارە هێرشی حکوومەت تەنیا زەمینی نەبوو، بەڵکو لە ئاسمانەوەش سڵیان نەکردەوە و بە فڕۆکە بۆردومانیان کرد، لە کاتی شەڕەکەدا هەشت فڕۆکە بە بەردەوامی بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕانەوە بۆ پشتیوانیی هێزە زەمینییەکانی حکوومەت و ئاگریان لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە بەردا، ئەوەش بووە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە، بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەنجامی شەڕەکان، سوپای عێراق بە بەردەوامی لە ئاسمانەوە هێرشی دەکردە سەر بارەگا و بنکەکانی پێشمەرگە، لە هەر شەڕێکدا لەگەڵ پێشمەرگە پەنای بۆ بۆردومانکردنی سەنگەرەکان دەبرد.
هێرشی ڕژێمی بەعس هەشت ڕۆژی خایاند، هێزە سەربازی و چەکدارەکان بە بەردەوامی بە پشتیوانیی تانک و تۆپخانە و فڕۆکە ڕووبەڕووی هێزەکانی پێشمەرگە دەبوونەوە، هێزەکانی پێشمەرگەش بە هەموو چەکەکانیان و بە پشتیوانیی هێزەکانی بەرگریی نیشتمانی بەرپەرچی هەموو ئەو هێرشە گەورە و چەکدارییانەی دوژمنیان دەدایەوە، هەرچەندە هێزە عێراقییەکان هێزەکانی پێشمەرگەیان لە ماوەی ئەو هەشت ڕۆژەدا ماندوو کردبوو، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرگریدا سڵیان نەکردەوە، لە ڕۆژی هەشتەمدا هێزەکانی پێشمەرگە هێرشێکی پێچەوانەیان لە هەموو قۆڵەکانەوە کردە سەر هێزەکانی حکوومەت، لەناکاو هێرشیان کردە سەر پێشڕەوی هێزەکانی حکوومەت، زوو ڕیزەکانیان تێکچوو و سەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەردا سەپاند، هێزەکانی حکوومەت تێکشکان و پاشەکشەیان کرد، شەڕەکە بە سەرکەوتنی هێزەکانی پێشمەرگە و شکستی سوپای عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان کۆتایی هات.
هێزەکانی حکوومەت لەم هێرشەدا زیانی گیانی زۆریان بەرکەوت و کوژراو و برینداری زۆریان هەبوو، لەوانە کوژرانی موقەدەم عەبدوڵڵا برای لەتیف زێباری ڕاوێژکاری بەکرێگیراوەکان، کە لە نزیک گوندی گەڵنازکی کوژرا، دەیان تەرم لە گۆڕەپانی شەڕەکەدا بەجێ مابوون و ژمارەیەکی زۆریان بە دیل گیران، بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی کەوتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە و بوونە دەستکەوتی شۆڕش، سەرکەوتن لەم شەڕەدا بە خوێنی هەشت شەهیدی ڕێگای کوردستان بەدەست هات، پێنجیان بە بۆردومانی ئاسمانی شەهید بوون.
ئەم هێرشانەی حکوومەت بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بوون بە درێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد بەردەوام بوون، بەڵام شکستیان هێنا و نەیانتوانی کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکەن بەهۆی ئەو بەرگرییە بەهێزەی هێزەکانی پێشمەرگە پێشکەشیان کرد، ئەوەش دەستکەوتێکی گەورەی بۆ شۆڕش دروست کرد و ورەی پێشمەرگەی بەرز کردەوە، لە هەمان کاتدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی لە ناوچەکەدا هەبوو، ئەوەش شکستێکی ئەخلاقی گەورەی بۆ حکوومەت دروست کرد.
سەرچاوەکان:١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، (چاپخانهی ڕوكسانا- ٢٠٢١).
٢-غازی عادل گەردی، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، (تورکیا- ٢٠٢١).
٣- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، (چاپخانا کوردستانێ - زاخۆ- ٢٠٠٧).


