حکوومەتی عێراق کە شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاند لە ساڵی ١٩٧٤، هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش بە هەموو هێزی خۆی دەست پێ کرد، بە جۆرێک سوپایەکی زەبەلاحی بەکارهێنا کە پێکهاتبوو لە سەدان هەزار سەرباز و سەدان تانکی مۆدێرن و جۆرەکانی دژە فڕۆکە لەگەڵ فڕۆکەکان، ئامانج لێی کۆتاییهێنان و سەرکوتکردنی شۆڕش بوو.
دیارە چیا بەرزەکان هەمیشە شوێنی خۆڕاگری و بەرگری بوون لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا، هێزی پێشمەرگە پشتی پێ دەبەستن، سوپاى عێراقیش پێش هەموو شتێک ویستی دەست بەسەر ئەو بەرزاییانەدا بگرێت، بۆ شکاندنی هێڵە بەرگرییەکانی پێشمەرگە لەوانە چیاکانی کێوەڕەش و ماکۆک و کارۆخ، تا بتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی ناوچە نزمەکانی دەشت و زەوییە تەختەکان بکات. ڕژێمی عێراق لە پلانە جەنگییەکانیدا پشتی بە مانگەکانی ئاب و ئەیلوول دەبەست بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕش، تا بتوانێت پێش هاتنی وەرزی زستان و سەرما کۆنتڕۆڵی ناوچە ستراتیژییەکان بکات.
سەرەڕای ئەوەی سوپاى عێراق زیانی زۆری بەرکەوت لە هێرشەکانیدا بۆ سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، بەڵام بەردەوام بوو لە ئەنجامدانی هێرشەکانی بە پشتیوانی و هاوکاریی هێزی ئاسمانی و شارەزایانی سەربازیی یەکێتیی سۆڤیەت و چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاشەکان)، کاتێک سوپا توانی پێشڕەوی بکات بەرەو چیای کێوەڕەش و دەست بەسەردا بگرێت، فەوجی پیادەی یەک و فەوجی (١٢)ی زرێپۆش بە پشتیوانیی کەتیبەی تانکی (٣) دەستیان بە پێشڕەوی کرد بەرەو گەلی سەنگەسەر، کە دەکەوێتە پێش چیای ئاسۆس لە لای ڕاست و پێش چیای کێوەڕەش لە لای چەپ و ڕێگای ڕانیە- قەڵادزێی پێدا تێدەپەڕێت.
لە بەرامبەر ئەم هێزە زەبەلاحەی سوپاى عێراق کە بۆ داگیرکردنی شاری قەڵادزێ پێشڕەویی دەکرد، فەوجی هێزی کاوە و فەوجی ئاسۆس لە گەلی سەنگەسەر چاوەڕێیان بوون و لە ئامادەباشیدا بوون، ئەو شوێنەی کە تەنها شوێن بوو پێشمەرگە بتوانێت لێی بەرگری بکات و بەربەست لەبەردەم پێشڕەویی سوپادا دروست بکات بۆ ئەوەی نەگاتە قەڵادزێ، ئەوەش بە دانانی مینی دژە تانک و دژە مرۆڤ و تێکدانی ڕێگاکان و دانانی بەردی گەورە لەسەریان، سوپا لە هێرشەکەی بەردەوام بوو و نەوەستا، پێشمەرگەش لە حاڵەتی بەرگریدا بوون، ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادانی توند لە نێوان هەردوولادا ڕوویدا و بۆ ماوەی دە ڕۆژ بەردەوام بوو، سەرەڕای ئەوەی سوپاى عێراق زیانی زۆری گیانی و ماددی بەرکەوت بەڵام سوور بوو لەسەر گەیشتن بە شاری قەڵادزێ، هەروەها شەهید و بریندار لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا کەوتن، لە کۆتاییدا سوپاى عێراق توانی لە ١٩ی ئابی ١٩٧٤ بچێتە ناو شاری قەڵادزێ و کۆنتڕۆڵی بکات.
دیارە بە داگیرکردنی قەڵادزێ لەلایەن سوپاى عێراقەوە پێشمەرگە بێدەنگ نەبوو، بەڵکو لە چالاکییە سەربازییەکانی بەردەوام بوو، لە ٣ی ئەیلوول هێرشێکی کردە سەر سەربازگەیەکی سوپاى عێراق لە تۆسوران لەسەر ڕێگای ڕانیە- قەڵادزێ، هێرشەکەیان بە تۆپبارانکردنی سەربازگەکە دەست پێ کرد، پاشان هەڵیانکوتایە سەر بنکە و بارەگا سەربازییەکان و توانییان زیانی کوشندە بە هێزەکانی سوپا بگەیەنن، پێشمەرگە خەریک بوو بە تەواوی کۆنتڕۆڵی سەربازگەکە بکات، بەڵام لە پلانەکانیان پاشگەز بوونەوە ئەوەش بەهۆی شەهیدبوونی فەرماندەی پێشمەرگە عیزەدین قەرە محەمەد.
سەرچاوەکان:
-
مەسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
-
سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو: ڕووداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يهكهم، ههولێر، ٢٠٢٢.
-
کاروان جوهر محمد: ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.
-
ملازم خدر عەبدوڵڵا دەباغ: بیرەوەریەکانم و تۆپخانەى شۆرش ئەیلوولى مەزن چاپخانەى ڕۆشنبیری، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠٢٠.
-
ئیبراهیم جلال: باشووری كوردستان و شۆڕشی ئهیلوول، بنیادنان و ههڵتهكاندن، ١٩٦١-١٩٧٥.چاپی چوارهم، ٢٠٢١.


